رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ترکۆ وەزیری پەروەردەی سووریا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، وردەکاریی گۆڕانکارییەکان لە سیستمی پەروەردەی سووریا و هەنگاوەکانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی بۆ گێڕانەوەی مافی پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد، ئاشکرا دەکات.
د. ترکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە ئامانجی سەرەکییان "گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤی سووری" و دروستکردنی "سووریایەکی نوێ و دەوڵەتێکی یاسا و دیموکراسییە بۆ هەموو سوورییەکان."
یەکێک لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەی وەزیری پەروەردەی سووریا باسی دەکات، یەکخستنەوەی چوار سیستمی پەروەردەیی جیاواز بوو لە یەک سیستمی سەرەکیدا، پرۆگرامێکی خوێندنی یەکگرتوو و مووچەی یەکسانی بۆ هەموو مامۆستایان لەخۆدەگرێت.
بە گوتەی ئەو، مووچەی مامۆستایان لە نزیکەی 80 دۆلارەوە بۆ 400 دۆلار بەرزکراوەتەوە. هاوکات، 38 هەزار مامۆستای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خراونەتەوە سەر سیستمی سەرەکیی دەوڵەت و دان بە بڕوانامەکانیاندا نراوە.
سەبارەت بە مافەکانی کورد، د. ترکۆ ئاماژەی بە دەرچوونی مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2016 کرد، بە گوتەی ئەو، مافەکانی وەکو رەگەزنامە، خاوەندارێتیی زەوی و زمان بۆ کورد دەگەڕێنێتەوە. ئەو رایگەیاند: "ئامانجمان ئەوەیە کە کورد بە زمانی خۆی فێر بێت و ئێمە کار لەسەر ئەمە دەکەین. لە هەر شوێنێک کورد هەبێت، ئێمە لەوێ قوتابخانە دەکەینەوە." ئەو هەروەها گوتی بۆ یەکەم جار 13 پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی سووریادان و سەرۆکی وڵاتیش گرنگییەکی تایبەت بە پرسی کورد دەدات.
لەبارەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان و چارەنووسی خوێندنی منداڵەکانیان، وەزیری پەروەردەی سووریا دڵنیایی دایە ئەو خێزانانە و دەڵێت: "حکومەتی سووریا دان بەو خوێندنەدا دەنێت لە هەرێمی کوردستان تەواویان کردووە. وەکو ئەو دەڵێت: "ئەوەی پۆلی حەوتەمی تەواو کردبێت، دەتوانێت لە سووریا دەست بە پۆلی هەشتەم بکات، هیچ کێشەیەک نییە." د. ترکۆ سوپاسی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان و دابینکردنی دەرفەتی خوێندن بۆ منداڵەکانیان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د.محەممەد ترکۆ، وەزیری پەروەردەی حکومەتی سووریا:
رووداو: بەخێرهاتی دکتۆر بۆ هەرێمی کوردستان.
د. محەممەد ترکۆ: زۆر سوپاس و شەوتان باش.
رووداو: خۆشحاڵم لە هەولێر یەکدی دەبینین، دەبوو لە شام گفتوگۆ بکەین.
محەممەد ترکۆ: راستە، لەسەر داهاتووی شام گفتوگۆ دەکەین.
رووداو: یەکەمین گفتوگۆت دوای بوون بە وەزیری لەگەڵ من بوو، ئەوکات دایکیشت قسەی کرد لەسەر شاشە
محەممەد ترکۆ: راستە، جاری یەکەم بوو، گفتوگۆیەکی خۆش بوو.
رووداو: د.محەممەد ترکۆ خەڵکی عەفرینە لە ناحیەی جندرێس، گوندی حەما، کوردییەکەشت زۆر باشە دکتۆر.
د. محەممەد ترکۆ: راستە، بە عەفرینی قسە دەکەم و بە شێوەزاری جزیریش.
رووداو: هاوڕێکانت کێ بوون دکتۆر لەو شارانە؟
د.محەممەد ترکۆ: هاوڕێم هەبوو لە قامشلۆ، عەفرین و کۆبانێ، بۆیە دەتوانم بە هەردوو شێوەزار قسە بکەم.
رووداو: جەنابی وەزیر، کوردستان چۆن بوو بەلاتەوە؟
د. محەممەد ترکۆ: جاری یەکەمم بوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم، زۆر دڵخۆش بووم، شتی زۆر باشم لێرە بینی، پێشکەوتن هەیە و شتی زۆر باش هەن، وەکو کوردێک سەر بڵندم بەراستی بەوەی لێرە کراوە و ئیش بۆ میللەت کراوە و ئاوەدانی هەیە.
رووداو: گەرمە، تۆ بەسەر گەرمادا هاتووی، پلەی گەرمی خەریکە دەگاتە 50.
د. محەممەد ترکۆ: بەڵێ گەرمە، وڵاتانی ناوچەکە هەمووی گەرمە، سووریا وئوردنیش.
رووداو: عەفرین هەندێک فێنکترە، وەکو دهۆک و زاخۆ.
د. محەممەد ترکۆ: عەفرین دار زەیتوونی زۆری تێدایە، 60 ملیۆن دار لە عەفرین هەیە، بۆیە ئەو دارانە پلەی گەرما زۆر کەمدەکاتەوە.
رووداو: دکتۆر، ئێستا رەوشی پەروەردە لە سووریا چۆنە؟
د. محەممەد ترکۆ: رەوشی پەروەردە لە سووریا لە سەرەتادا زۆر سەخت بوو، کاتێک من هاتم، چوار سیستمی پەروەردە لە سووریا هەبوون. ئێمە هەموویمان کرد بە یەک سیستەم. مووچەی مامۆستایانمان هەمووی وەکو یەک لێکرد، ئەمە شتێکی زۆر باش بوو. شتی دووەم، ئێمە پرۆگراممان کردە یەک. واتە، پرۆگرامێکی یەکگرتوو بۆ هەمووان، ئەمەش شتێکی دادپەروەرانە بوو بۆ ئەوەی هەموو قوتابییان هەمان پرۆگرام بخوێنن و تاقیکردنەوەکانیشیان یەک بن.
رووداو: دانتان بە بڕوانامەی دیپلۆمیش نا لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر؟
د. محەممەد ترکۆ: ئێمە دانمان بە دیپلۆماکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا نا و ئەمساڵیش دەتوانن بەپێی ئەو پرۆگرامە بڕوانامەکانیان تەواو بکەن..
رووداو:دواتر چۆن دەبێت خوێندن لەو ناوچانە؟
د. محەممەد ترکۆ: سەرۆک ئەحمەد شەرع، مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2016ـی دەرکرد. ئەو مەرسوومە زۆر مافی کوردەکان دەگەڕێنێتەوە، یەکێک لەوانە مافی رەگەزنامە، مافی زەوی و مافی زمان بوو. ئێمە ئێستا لەسەر پرسی زمان کار دەکەین و پرۆگرامێک ئامادە دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە کورد بە زمانی خۆی فێر بێت و ئێمە لەسەر ئەمە کار دەکەین. لە هەر شوێنێک کورد هەبێت، نەک تەنیا لە حەلەب و شام، ئێمە لەوێش قوتابخانە دەکەینەوە..
رووداو: لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندندا چەند کورد هەن، فەرمانبەرت هەن؟
د. محەممەد ترکۆ: هەر کەسێک بتوانێت بەردێک لەسەر بەردێک لە سووریا دابنێت، ئێمە دەستی بۆ درێژ دەکەین. کوردمان هەیە لە وەزارەت و کاری باش دەکەن. بەڕێوەبەری ناوەندیمان کوردە، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە کوردە. کاتێک لێهاتوویی و بڕوانامە هەبێت، ئێمە ناڵێین ئەمە کوردە یان عەرەب. ئێمە سووریایەکی نوێ دروست دەکەین تێیدا بەشداری هەبێت، نەک پشکپشکێنە، دەوڵەت پشت بە توانا و لێهاتوویی دەبەستێ لەوبارەوە
رووداو: بە گشتی چەند کەس لە وەزارەتدا کار دەکەن، نەک تەنیا کورد؟
د. محەممەد ترکۆ: نزیکەی 338,000 کەسن لە هەموو سووریادا، مامۆستا و ئەوانی دیکەش، چوار سیستەم بوو کرا بەیەک لە چوارچێوەی ئینتگراسیۆن، کارەکە سەختە، بەڵام کردمان.
رووداو: ئێوە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەدەن؟
د. محەممەد ترکۆ: بەپێی مەرسووم، ئێمە سیستمی خوێندنمان لە حەسەکە و رەققە خستە نێو سیستمی سەرەکیی دەوڵەت. 38,000 مامۆستا هەبوون، ئێمە ئەوانیشمان هێنایە نێو پرۆسەکە کرد، ئەوان لە سیستمی خوێندندا کار دەکەن و مووچەکانیان وەردەگرن..
رووداو: مووچەی مامۆستایان چەندە؟
د. محەممەد ترکۆ: سەرۆک شەرع زۆر گرنگی بە خوێندن دەدات، پێشتر نزیکەی 80 دۆلار بوو، ئێستا دەگاتە 400 دۆلار. واتە باشە، لە 16 مانگدا ئەو هەنگاوەمان نا، هەنگاوی یەکەم بوو بۆ باشکردنی دۆخی مامۆستایان..
رووداو: واتە ئێوە لە یەکخستنەوەکەدا کێشەتان نییە؟ مەبەستم ئەو هەموو قوتابخانە، مامۆستا، فەرمانبەری کارگێری دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، یەکخستنیان لەگەڵ دامەزراوەکانی ئێوە کارێکی سەخت نییە؟
د. محەممەد ترکۆ: لە راستیدا، پرسی کارگێڕی زۆر سەختە، زۆر قوتابخانە بۆردوومان کران، 8,200 قوتابخانە رووخان، ئێمە تاوەکو ئێستا نزیکەی 1,680 قوتابخانەمان دروستکردووەتەوە، ئەوە زەحمەتە و هێشتا ماویشە، ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە مافی خوێندن بە هەموو منداڵێک لەسەر خاکی سووریا بگەیێنین..
رووداو: ئێستا لە هەموو ناوچەکانی سووریا قوتابخانە هەن؟
د. محەممەد ترکۆ: نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دوو ملیۆن و 400 هەزار منداڵ لە سووریا لە خوێندن بێ بەشن، ئەو ژمارەیە رووی لە کەمبوونەوەیە، ژمارەی قوتابییان ساڵێک دوای رزگارکردنی سووریا ، نزیکەی 4,300,000 بوو. ساڵی رابردوو بوو بە 5,100,000، هەموو ساڵێک یەک ملیۆن زیاد دەکات.
رووداو: ئەو ئاوارانەی عەفرین لە دەرەوە بوون، لە حەسەکە بوون، لە کۆبانێ بوون، گەڕانەوە، ئێستا دەرفەتیان هەیە لە قوتابخانەکان بخوێنن؟
د. محەممەد ترکۆ: ئێمە زۆر بڕیارمان دەرکردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە قوتابخانەکان، لە هەموو سووریا کاتێک کەسێک لەنێو خوێندن نەبێ، تاقیکردنەوەی پێ دەکرێت، لەسەر بنەمای تواناکەی دەبرێتە ئەو پۆلە، هەروەها کاتێک ئەو کەسە تەمەنی زۆر بەسەر دا رۆیشتبێ بۆ گەڕانەوەی بۆ خوێندن، پرۆگرامی 'ب'، پرۆگرامەکە چۆنە، بۆ نموونە کەسێک تەمەنی 14 ساڵە، دەبێ پۆلی 7 بێ، بەڵام نەچووەتە بەر خوێندن، ئەو پرۆگرامە هەر ساڵێک دوو ساڵی خوێندنی پێ دەدات، من خۆم چوومەتە عەفرین لەوێ جموجۆڵ زۆرە و قوتابخانەکان هەموو کراونەتەوە.
رووداو: لە عەفرین بە چ زمانێکە؟ کوردی نییە؟
د. محەممەد ترکۆ: ئێستا کوردی نییە، بەڵام دەیکەینەوە، بەپێی مەرسوومی سەرۆک، لە هەر هەرێمێک کورد هەبێت، ئێمە قوتابخانەی بە زمانی کوردی دەکەینەوە. مامۆستاش بۆ ئەمە ئامادە دەکەین.
رووداو: دەمەوێ ئەوە بزانم، تۆ کاتێک لەدایکبووی، بێ گومان عەرەبیت نەدەزانی، ئێستا تۆ وەزیری، ئایا بەراستی بیر لەوە دەکەیەوە خوێندن لە عەفرین بە کوردی بێ؟ پلانی واتان هەیە؟
د. محەممەد ترکۆ: بەپێی مەرسوومی سەرۆک ئەحمەد شەرع کە ئێمە بڕیاری جێبەجێکردنیشمان بۆی دەرکرد، هەر ناوچەیەک کوردی تێدابێ، ئێمە ئەوەی بۆ جێبەجێ دەکەین، واتە قوتابخانە و زمانی کوردی تێدا دەبێ، تەنانەت کار لەسەر ئەوەش دەکەین کە مامۆستایانی زمانی کوردی راهێنانیان پێ بکەین، ئەوانیش ئامادە دەکەین.
رووداو: واتە وانەی بژاردە نابێ؟
د. محەممەد ترکۆ: ئێمە لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەین.
رووداو: چونکە سبەی پرسیارت لێ دەکەن، د.محەممەد تۆ بووی بە وەزیر، کوا زمانی کوردی؟ ئەرکی تۆش لە هەموو وەزیرەکانی دیکە گرانترە ؟
د.محەممەد ترکۆ: راستە، با شتێک بڵێـم، پرسی کورد لە مێژووی سووریادا بەردەوام وەکو تەکتیکێک بەکارهێنراوە، زۆر کەس هاتن و بەڵێنیان بە کورد دا بەڵام هیچیان نەکرد، سەرۆک ئەحمەد شەرع کاتێک مەرسوومەکەی دەرکرد، یەکەمجار بوو لە مێژووی سووریا، دان بە زمانی کوردی دا بنرێت و کورد ببنە خاوەنی وڵاتینامە، ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، جێبەجێی دەکەین، ئەوە ئیرادەی دەوڵەتە، سووریای نوێ سووریای هەمووانە، گەلێک نەتەوە و ئایینی تێدایە، بۆیە وڵاتی هەمووانە.
رووداو: لە راستیدا، نازانم ئەمە تەنیا لە رووی تیۆرییەوە وایە یان بەڕاستی کورد لە سووریا خۆی بە خاوەنی ئەو وڵاتە دەزانێت؟ بەراستی سووریا ئێستا دەوڵەتی هاووڵاتییە؟
د. محەممەد ترکۆ: هاووڵاتیبوون تەنیا لە قسەدا نابێ، لەجێبەجێکردن دەبێ، چونکە دەبێ هەستێکی هەبێ و بڵێ ئەوە وڵاتی منە، ئەوەش کاتێک دەبێ ئاسایش و ئارامی هەبێ، بۆ نموونە، گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین شتێکی زۆر باش بوو. پرسی رەگەزنامەش، ئێستا دەتوانن رەگەزنامەی خۆیان وەربگرن، پرسی زمانیش بە هەمان شێوە، بۆیە هەستکردن بە هاووڵاتیبوون لە جێبەجێکردن دەبێ، بۆیە دەڵێم من زۆر گەشبینم بە داهاتووی سووریا، چونکە سووریا هێز لە فرەیی نەتەوەکانەوە وەردەگرێت،کورد، عەرەب، سریان، ئەوانە هێزێك دەدەنە سووریا.
رووداو: پەرلەمانتاری کوردیش هەن، تۆ لەگەڵیان دانیشتووی؟
د. محەممەد ترکۆ: بەڵێ لەگەڵیان دانیشتم.
رووداو: ژمارەیان 11 یان 12 یان 13ن بەراستی نازانم، ئەوەی دەیزانم دەڵێن 12 پەرلەمانتارن؟
د. محەممەد ترکۆ: 13 ئەندامن. هەموویان کوردن، ئەمە یەکەمجارە 13 پەرلەمانتاری کورد دەگەنە پەرلەمانی سووریا
رووداو: بەپێی ژمارەی دانیشتووانی کورد لە سووریا، 13 زۆر کەمە وانیە؟ دەتوانن رۆڵیان هەبێ؟
د. محەممەد ترکۆ: بەڵام هەنگاوێکی زۆر باشە.
رووداو: لەگەڵیان کۆبوویتەوە؟ باسی چیتان کرد؟
د. محەممەد ترکۆ: بە کوردی قسەمان کرد، لەسەر کارەکان قسەمان کرد.
رووداو: دەزانیت دوای ئەوەی شەڕ لە سووریا روویدا، نزیکەی 150,000 کوردی رۆژئاوا هاتنە هەرێمی کوردستان. بە هەزاران منداڵ دەچنە قوتابخانە، سبەی ئەگەر ئەوانە گەڕانەوە وڵاتی خۆیان، دەتوانن لەوێ درێژە بە خوێندنیان بدەن؟ ئێوە دان بە خوێندنیان لێرەدا دەنێن؟
د. محەممەد ترکۆ: کاتێک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوومەوە من گوتم، ئێوە سوپاستان دەکەین پێشوازیتان لە ئاوارەکانی سووریا کرد و منداڵەکانیانتان ناردە قوتابخانە، ئێستا زۆربەیان دەگەڕێنەوە لە عێراق، ئوردن، تورکیا، هەرکەسێک بڕوانامەیەکی هێنابێت، دەتوانێت بگەڕێتەوە. تەنانەت ئەگەر بڕوانامەشی پێ نەبێت، ئێمە بەپێی ئاستی خۆی دەیگەڕێنینەوە قوتابخانە، ئەگەر بیەوێت بەکالۆریۆسەکەی پێشکێش بکات، ئێمە بڕوانامەکەی پەسەند دەکەین و دانی پێدا دەنێین، رێگەیان بۆ خۆش دەکەین و هاوکارییان دەکەین؟
رووداو: واتە ئێوە هاوکار دەبن. بۆ نموونە، یەکێک لێرە پۆلی نۆیەمی خوێندووە، دەتوانێت بێتە ئەوێ درێژە بە پۆلی نۆیەم بدات یان بچێتە پۆلی دەیەم؟
د. محەممەد ترکۆ: ئەوەی پۆلی حەوتەمی تەواو کردبێت، دەتوانێت لە سووریا دەست بە پۆلی هەشتەم بکات، هیچ کێشەیەک نییە، ئێمە زۆر دڵخۆشین کاتێک دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و خوێندنەکەیان تەواو دەکەن و خزمەتیان دەکەین.
رووداو: لە راستیدا من زۆر بەرنامەم لەگەڵیان کردووە، زۆر قوتابی و خێزانەکانیان لەو خەمەدابوون کە خوێندنیان لێرە بە فیڕۆ دەچێت؟
د. محەممەد ترکۆ: نەخێر، ئێمە دانی پێدا دەنێین، تەنانەت ئەگەر بیەوێت لە زانکۆی شام تەواوی بکات، دەتوانێت بەکالۆریۆسەکەی بهێنێتە وەزارەتی پەروەردە و ئێمە بۆی هاوتا دەکەین وجێبەجێی دەکەین..
رووداو: دەرفەتت نەبوو سەردانی کەمپەکان بکەیت و بیانبینیت؟
د. محەممەد ترکۆ: هەندێکیان بینی و گوێم لە داواکارییەکانیان گرت و ئەوە مافی خۆیانە، بەڵام من پێم گوتن گەڕانەوە سەخت نییە، نە لە رووی خوێندنەوە و نە لە رووی بڕوانامەوە.
رووداو: من دەمویست قوتابییان لێرە ئامادەبن و پرسیار بکەن،بەڵام گوتتان کە کاتتان کەمە و کارتان هەیە و دەگەڕێنەوە، کوردێک ببێتە وەزیری پەروەردە لە سووریا، چۆنە؟ پەیوەندیت لەگەڵ سەرۆکی سووریا چۆنە؟
د. محەممەد ترکۆ: ئەمە حکومەتێکی تەکنۆکراتە، ئێمە بۆ گەلی سووریا کار دەکەین، گەلی سووریا زۆر زوڵمی لێکرا، بەتایبەتی کورد، ئێمە دەمانەوێت شکۆی مرۆڤی سووری بگەڕێنینەوە، دەمانەوێت سووریایەکی نوێ دروست بکەین، دەوڵەتێکی یاسا و دیموکراسی بۆ هەموو سوورییەکان.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئەحمەد شەرع باشە؟
د. محەممەد ترکۆ: سەرۆکی دەوڵەت زۆر باشە و گرنگییەکی زۆر بە پرسی کورد و پەروەردە دەدات، زۆر بەو پرسەوە سەرقاڵە
رووداو: خۆی دەزانێت بە کوردی قسە بکات؟
د. محەممەد ترکۆ: خۆم بە کوردی قسەم لەگەڵ نەکردووە.
رووداو: ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە، کوردی دەزانێ؟
د. محەممەد ترکۆ: بەڵێ، لە قامشلۆ گەورە بووە.
رووداو: زۆر خۆشحاڵ بووم بوویتە میوانم ، هیواخوازم کاتێکی خۆش بەسەر بەریت. ئەگەر پەیامێکت بۆ خەڵکی خۆمان لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت، چییە؟
د. محەممەد ترکۆ: پەیامی من ئەوەیە داهاتووی سووریا هی هەموو سوورییەکانە. سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەهێزە. خوێندن زۆر گرنگە، ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای خوێندن، یاسا و دیموکراسی دروست بکەین. دەمانەوێت هەموومان دەست لەناو دەست بکەین و بۆ وڵاتەکەمان داهاتوویەکی خۆش دروست بکەین..
رووداو: دوای ئەوەی بوویتە وەزیر، هاوڕێیەتیی پێشووت بەردەوامە لەگەڵ هاوڕێکانت؟ یان ئەم پۆستەت وەکو وەزیر تۆی لێیان دوور نەخستەوە؟
د. محەممەد. محەممەد ترکۆ: راستیدا ئەم کارە زۆر قورس و سەختە، بەڵام کاتێک دەرفەت دەدۆزمەوە، دەچم دایکم دەبینم، بەڵام جار جارە دەرفەت دەدۆزمەوە بۆ بینینیان.
دادەنیشین و قسە دەکەین.
رووداو: دکتۆر، ئێوە لە ماڵەوە بە چ زمانێک قسە دەکەن؟
د. محەممەد ترکۆ: ئێمە بە کوردی قسە دەکەین.
رووداو: دایکیشت بەڕاستی زۆر شیرین بوو.
د.محەممەد ترکۆ: خوا تەمەنی ئەو و دایکی هەمووان درێژ بکات.
رووداو: کاتێک چوویە ئەڵمانیاش لەگەڵت بوو؟
د. محەممەد ترکۆ: نا لە سووریا مایەوە من لە ئەڵمانیا بووم.
رووداو: ماڵت لە کوێ بوو دکتۆر لە شام؟
د.محەممەد ترکۆ: لە گەڕەکی زۆراڤا.
رووداو: گەڕەکەکەکە هەموو کوردن.
د.محەممەد ترکۆ: بەڵێ هەموو کوردن، زۆراڤا مێژوویەکە.
رووداو: نازانم تاوەکو چەند راستە، بەڵام دەڵێن لەبەرئەوەی بە زۆر دروستیان کردووە و ناویان ناوە زۆراڤا.
د.محەممەد ترکۆ: دۆخی کورد زۆر سەخت بوو لەوێ، ئاو نەبوو کارەبا نەبوو، شارەوانی دەهات ماڵەکانی تێکدەدان.
رووداو: تۆ خۆت ئەو زەحمەتییەت بینی؟
د. محەممەد ترکۆ: بەڵێ خۆم بینیومە.
رووداو:ئەم پۆستە وەکو وەزیر چ گۆڕانکارییەکی لە ژیانی تۆدا دروستکرد؟
د. محەممەد ترکۆ: دیسان دەیڵێمەوە، ئێمە دەمانەوێت شکۆی هەموو سوورییەک بگەڕێنینەوە و هەموو کەسێک بە ناوی وڵاتەکەیەوە سەری خۆی بەرز بکاتەوە و بڵێت من سووریم.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس دکتۆر، خۆشحاڵ بووم. لە راستیدا یەکەم جارە وەزیرێکی کورد دێتە هەولێر و دەبێتە میوانی من، کوردییەکەت زۆر خۆش بوو، هەموو شێوەزارەکانت تێکەڵ کردبوو.
د. محەممەد ترکۆ: هەوڵ دەدەم هەمووان تێبگەن، شێوەزاری عەفرینی هەندێک گرانە.
رووداو: زۆر سوپاس. بینەرانی بەڕێز، سوپاس بۆ ئێوەش. وەزیری خوێندن و پەروەردەی سووریا، دکتۆر محەممەد ترکۆ، میوانی من بوو. بەو هیوایەی لە شام جارێکی دیکە یەکدی ببینین.
د. محەممەد ترکۆ: ئێمە ئامادەین. زۆر سوپاس.


