رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، دوای سەردانێکی دوو هەفتەیی بۆ بەغدا و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە، رێککەوتن کراوە بۆ هاوتاکردنی مینحەی شەهیدانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، بەبێ ئەوەی پێویست بە گواستنەوەی دۆسیەکانیان بکات.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لە (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، "بەپێی پلانی نوێ، کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کراوە و رەوانەی بەغدا کراوە، مینحەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید لە 500 هەزار دینارەوە بۆ 1,200,000 (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار) دینار زیاد دەکرێت. هەروەها مینحەی شەهیدی هاووڵاتیش لە 250 هەزار دینارەوە بۆ 600 هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە".
وەزیری شەهیدان روونیکردەوە، ئەم زیادکردنە نزیکەی 69,500 دۆسیەی شەهید دەگرێتەوە کە مینحەکانیان لە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار کەمترە. ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆسیەی شەهیدان ناگوازرێتەوە بۆ عێراق. دوای گفتوگۆیەکی زۆر، رێککەوتین لەسەر ئەوەی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی وەزارەتی دارایی خۆمانەوە مینحەکانیان بۆ زیاد بکەین، بەڵام پارەکەی لە بەغداوە دێت."
بەگوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق واژۆ کردووە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەوان و لۆبییەکی بەرفراوانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە. کۆی بودجەی پێویست بۆ ئەم زیادکردنە بە 81 ملیار دینار خەمڵێندراوە و لەنێو پڕۆژە پێشنیازکراوەکەی بودجەی هەرێمدا داوا کراوە لەسەر بودجەی سیادیی عێراق دابین بکرێت.
سەبارەت بە پاکیی لیستەکان، وەزیر دڵنیایی دا "هەر کەسێک ناوی لە هەر دەزگایەکی دیکە بسڕێتەوە، خۆی بەرپرسیارە. لای من هەموو شتێک بەگوێرەی یاسا کراوە و لیژنەی تایبەت بڕیاری لەسەر داوە." جەختیشی کردەوە کە جێبەجێکردنی کۆتایی ئەم بڕیارە بەندە بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و هەوڵی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئەنجامی سەردانەکەتان چی بوو؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: زۆر سوپاس بۆ تەلەڤیزیۆنی رووداو و بۆ بەرنامەکەی جەنابیشتان. وەکو ئەوەی جەنابت باست کرد، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەزارەتێکی گرنگە، چونکە مەینەتییەکانی گەلی کوردستان، قوربانییانی گەلی کوردستان، کە دەڵێم قوربانییان، هەموو بەشەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەگرێتەوە؛ شەهیدانی سەنگەر، شەهیدانی جینۆساید، راگوێزراوی شاڵاوەکانی ئەنفال، زیندانییانی سیاسی. ئێمە هەمیشە بە زیندانییانی سیاسی دەڵێین "شەهیدی زیندوو"، چونکە بەڕاستی کە حوکم درابن و بە بڕیارێک یان بە هەر هۆکارێک ئازاد بووبن، ئەوانە وەکو شەهیدی زیندوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرین. بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، تاقانەکانی ئەنفال، رزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال، ئەمانە هەموویان قوربانییانی گەلی کوردستانن کە لەم وەزارەتە کۆکراونەتەوە.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەزارەتێکە، راستە یەکێک کە بووەتە قوربانی یان واریسەکانیان، کەسوکارەکانیان کە قوربانییان داوە، چاوەڕێی پاداشت و ئەوە نەبوون رۆژێک لە رۆژان پاداشت بکرێن، بەڵام لە سایەی خوێنی شەهیدان و قوربانییانی گەلەکەمان و گوشاری کەسوکاریان، ئەم ئازادییەی ئەمڕۆ هاتووەتە بوون. بەپێی یاسا بەرکارەکانیش و بەپێی ئەو بڕیارانەی کە دراون، مافی خۆیانە کە خزمەت بکرێن.
لەم روانگەیەوە، بێگومان سەردانەکەی من کارێکی دوورودرێژمان لەسەر کردووە. هی ئەوە نەبووە لەو ماوەیەی من ئەو دوو هەفتەیە لە بەغدا بووم، بەڵکو دوای گفتوگۆیەکی چەند مانگی لە ئەنجومەنی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ حکومەت، لەگەڵ خودی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت بووە بۆ ئەوەی چۆن رێکارێکی گونجاو بگرینەبەر، چونکە بەڕاستی بیروبۆچوون و روئیای جیاواز هەیە لەسەر پرس و پرۆسەکان.
ئێمە وەکو خۆمان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە دوو ئاراستە کارمان کرد؛ ئاراستەیەکیان لەسەر ماف و شایستەکانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانە، کە مافی خۆیانە بۆ وارسییەکانیان، بۆ نەوەکانیان، بۆ رۆڵەکانیان هەرچی بکەین، مافی خۆیانە. بۆ زیندانییانی سیاسیش بە تەوەرێکی تر، چونکە پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە جیاوازە. ئەوان لە عێراق دامەزراوەی شەهیدان دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە. زیندانییانی سیاسیش دامەزراوەیەکن سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانن، بەڵام لای ئێمە هەمووی کۆکراوەتەوە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە ئەوەش شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بۆ خەبات و تێکۆشان و مێژووی ئێمەیش کە ئەو بەرپرسیارێتییەیان داوە بە ئێمە. ئەو بەرپرسیارێتییەش بەرپرسیارێتییەکە دەبێت راستگۆ بیت لەگەڵ خۆت، چونکە ئەم وەزارەتەی من رەنگە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی دیکە جیاواز بێت. بە دڵنیاییەوە بەرپرسیارێتیشە. ئەم بەرپرسیارێتییە چەند لایەنێکی هەیە؛ لایەنی سیاسی، لایەنی یاسایی، لایەنی خزمەتگوزاری. دەبێت بتوانیت کۆدەنگییەکی لەسەر دروست بکەیت، چونکە رەنگە لێکدانەوەی جیاواز بۆ مەینەتییەکانی گەلی کوردستان بکرێت. گواستنەوەی بۆ عێراق و ئەو حکومەتەی پێشتر ئێمەی ئەنفال و جینۆسایدی کردووین، ئێستا چۆن دۆسیەکان بگوازینەوە، رەنگە ئەمە بۆ خۆی پرس و پرۆسەیەک بێت و قسە هەڵبگرێت.
مافی خۆشیانە. من بەش بە حاڵی خۆم لە قۆناخی خەباتی رزگاریی نیشتمانی کە پێشمەرگە بووم و ئێستاش شانازی بە مێژوو و تێکۆشانی گەلی کوردستان و خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمانەوە دەکەم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتییە کە دەبێت باشترین رێکار بگریتەبەر و ئەو رێگە دروستە بدۆزیتەوە کە لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان یەکدەگرێتەوە. ئا لەم سۆنگەیەوە، من لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆمان کردووە بیهێنینە سەر خەت، چونکە ئێمە قوربانییەکی زۆرمان داوە و رەنگە ئاسان نەبێت بیرکردنەوەیەک هەبێت کە ئێمە قوربانییەکانی گەلی کوردستان دەگوازینەوە بۆ سەر ئەو حکومەتەی کە ئەنفالی کردووەین.
رووداو: ئەنجومەنی وەزیرانتان رازی کردووە بۆ ئەوەی دۆسییەکان بگوازنەوە بۆ بەغدا؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، بە دوو ئاراستە؛ هی زیندانیان و هی شەهیدانیش بە ئاراستەیەکی دیکە. بۆ ئەوەی پەیامەکە بگات، ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆیەکی تەواو، لەناو ئەنجومەنی وەزیران و خودی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و کابینەکە بە گشتی، سوپاسیان دەکەین کە متمانەیان بەخشی بە من و چەند وەزیرێک بۆ ئەوەی دیراسەی ئەم پڕۆسەیە بکەین. دوای ئەوەش کە گفتوگۆمان کرد، ئەو وەزیرانەی کە راسپێردران و بێگومان ئەنجومەنی وەزیران و سکرتاریەت و دیوان و هەماهەنگی و وەزیری دارایی و کۆمەڵێک وەزارەت پێکەوە گفتوگۆمان کرد. ئەوان وێڕای بەرپرسیارێتیی وەزیری شەهیدان، وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە من بەخشی و دەبێت مرۆڤ لە ئاستی ئەو متمانەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیان و قوربانیان بێت. لەم سۆنگەیەوە من بەو پرۆسەیە هەستام. بە دوو ئاراستە ئیشمان کردووە کاک هیوا. ئینجا کامیانت دەوێت بۆت باس بکەم، زیندانییانی سیاسی یان شەهیدان؟ دوو دۆسیەی جیاوازن.
رووداو: با بڵێین وارسی شەهیدان بە گشتی. ئێستا بڕیارتان داوە دۆسیەکان بگوازنەوە بۆ بەغدا؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: شەهیدان و ئەنفالکراوان، بێگومان ئێمە دۆسیەکانمان جیاوازە. دۆسیەی شەهیدان ناگوازینەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق. دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ ئەو لیژنە بەڕێزە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتین لەسەر ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی خۆمان، مینحەکانیان بۆ زیاد بکەین وەکو هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ. دۆسیەی شەهیدان ناگوازرێتەوە بۆ عێراق.
رووداو: ناگوازرێتەوە، بەڵام رەنگە ژمارەی پارەکە... باشە با ئەمە بە وردی بچینە سەری کە ناگوازرێتەوە، هۆکاری چییە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستانین و هەرێمێکی دانپێدانراوین. یەعنی چ هونەرێکی تێدایە ئەگەر مینحەیان وەک هاوتاکانیان لە عێراق زیاد بکرێت و لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت؟ یەعنی چ رێگرییەک هەیە؟ لەو روانگەیەوە گفتوگۆمان کردووە. ئەگەر عێراق، عێراقێکی دیموکراسی بێت، دەبێت جیاوازی نەکات. خۆشبەختانە دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، بێگومان چەند رێگەیەکم گرتەبەر و لۆبییەکی زۆرم بۆ کرد، هەروا بە ئاسانی نەبوو. دوای ئەوە، لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کردووە، کە ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن لە حکومەتی عێراق و کە حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان رایان چییە لەسەر ئەم پرۆسەیە. ئەوەمان تێپەڕاندووە و لێکتێگەیشتنێکمان نووسیوە کە ئەوان پشتیوانیی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەن بۆ دۆسیەی شەهیدان و بۆ هاوتاکردنی مینحەی کەسوکاری شەهیدان وەکو هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
رووداو: مینحەکە هاوتای بەغدا دەکرێت و دۆسیەکان ناگوازرێتەوە. کەواتە مینحەکە لە بەغداوە دێت یان هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی خۆی خەرجی دەکات؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: نەخێر، مینحەکە لە بەغداوە دێت. جا ئەم پرۆسانەی کە هەیە بۆ جەنابت روون بکەمەوە. بێگومان ڕێگەی هەیە. بە چ رێگەیەکدا تۆ ئەو ڕێکارە کارگێڕی و ئیداری و داراییانە دەگریتەبەر؟ ئەوە ڕێکاری خۆی هەیە. لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای گفتوگۆیەکی زۆر، وەکو پێشتر باسم کرد، لیژنەیەکمان دروست کرد. پێکەوە بەپێی پێشنیازی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئێمە ئەو پێشنیازانەمان کردووە بۆ وەزارەتی دارایی کە بەو شێوەیە لە پڕۆژەی پێشنیازی بودجەی ساڵی 2027 جێی بکەنەوە.
رووداو: بۆچی؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بۆچی جیاوازی هەیە؟ تەبعەن یاساکانی ئێمە جیاوازە. لای ئێمە شەهیدی هاووڵاتیمان هەیە، شەهیدی جینۆسایدمان هەیە، شەهیدی سەنگەرمان هەیە. لە عێراق یەک جۆر هەیە و یەک ژمارە مینحەش هەیە. لەبەر ئەوە هاتین چیمان کرد؟ شەهیدی سەنگەر و جینۆسایدمان هاوتای شەهیدانی عێراق کرد؛ ملیۆنێک و 200 هەزار. شەهیدی هاووڵاتیمان بەپێی پێوەرێکی خۆمان، دوای گفتوگۆیەکی زۆر، کە ئەویش بیروبۆچوونی جیاوازی لەسەر بوو، بەڵام رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە 600 هەزار دینار بێت بۆ هەر شەهیدێک.
رووداو: خۆی ئێستا چەندی هەیە هاونیشتمانی؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: 250 هەزار، شەهیدی سەنگەریش وەکو ئەوەی کە شەهید بێت 500 هەزاری هەیە.
رووداو: شەهیدی سەنگەر و جینۆساید دەبێت بە ملیۆنێک و 200 هەزار؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ.
رووداو: لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی کە دراوە بە بەغدا، تیایەتی، وانییە؟ هی هاووڵاتی 600 هەزارە و لە راپۆرتەکەدا هەیە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: سوپاسی وەزارەتی دارایی دەکەین، چونکە بیروبۆچوونی زۆر جیاواز هەبوو، کێشە و گرفتمان زۆر هەبوو تاوەکو جێبەجێمان کرد. تا رێکارمان گرتەبەر، دەستی دامەزراوەی شەهیدانی عێراقمان هێنایە سەر خەت. تەبعەن 14 رۆژ مامەوە. ئەوە لۆبیی ویست، ئیشی ویست، رێککەوتنی ویست. رێککەوتنەکەشمان لە تەلەفزیۆن بینی، بڵاومان کردەوە. لێکتێگەیشتنێکمان ئیمزا کرد کە ئەوان پشتیوانمان بن.
رووداو: دامەزراوەی شەهیدانی عێراق پشتیوانتان دەکات. وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەمە هیچ بەڵێنێکی دا؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: جا ئەوە بەیەکەوە باس دەکەم، چونکە دامەزراوەی زیندانیانیش ماوە.
رووداو: زۆر چاکە. هەندێک لای ئێمە پلەبەندی هەیە لە شەهیدەکاندا، ئەوانەی کە پلەیان هەبووە لە پێشمەرگایەتیدا یان لە کاتی دیکە. وانییە؟ لە عێراقدا هەمووی یەک پلەیە، ئەمەش هاوتا دەکرێت؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: جا ئەوە با روون بێت، ئەوەی لە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار مینحەکەی کەمتر بێت، ناومان خستووەتە لیستەکەوە، ئەوەی لە ملیۆنێک و 200 هەزار زیاتر بێت، ناومان نەخستووەتە نێو لیستەکە، چونکە خۆی ملیۆنێک و 200 هەزار دیناری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
رووداو: ئێوە دوو لیست دەنێرن بۆ بەغدا؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: لیستێکی شەهیدان و لیستێکی زیندانییانی سیاسی. لە شەهیداندا هەر یەک لیست دەنێرین بە دوو پێوەر.
رووداو: بۆ نموونە عێراق دەڵێت هەموو شەهیدێک ملیۆنێک و 200 هەزاری هەیە، ئەگەر پلەکەی عەقید بووبێت و شەهید بووبێت یان سەرباز بووبێت و شەهید بووبێت. وانییە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئێمە کۆمان کردووەتەوە لەسەر بودجەی سیادی. ئەو وردەکارییە بۆ خۆمانە.
رووداو: ئەمە ناینێرن بۆ بەغدا؟ واتە لیستی ناو نانێرن بۆ بەغدا؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: نەخێر.
رووداو: تەنیا دەڵێن ئەوەندە پارەمان بۆ دابین بکەن؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، بەڵام ژمارەی پارەکەمان هەیە. مەسەلەن شەهیدان 75,679... ئەوەندە بڵێین پارەکەیانە. 75 ملیار.
رووداو: 75 ملیار هی شەهیدی هاووڵاتییە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ. 75 ملیار هی شەهیدانە بەڵام کۆی بودجەکەیان 81 ملیار دینارە. (81 ملیار و... ئەوەندە پارەکەیانە. 75 هەزار و ئەوەنەش... ژمارەی 75 هەزار شەهیدە. 81 ملیار و ئەوەنەش... بەڵام کۆی 75 هەزارەکە شەهیدی هاووڵاتی و سەنگەر و جینۆساید، هەمووی بەیەکەوە. بەس یەک شت هەیە، بۆ ئەوەی روون بێت، ژمارە ئەسڵییەکە 69 هەزار شەهیدە، بەڵام هەندێک لە وارسییەکان خۆیان رێککەوتوون و دابەشکاریی وارسییان کردووە، بۆ نموونە شەهیدێک دوو سێ منداڵی هەیە، خۆیان هاتوون لەناو خۆیاندا پارەکەیان دابەش کردووە، یانی مینحەکەیان دابەش کردووە بەسەر خۆیاندا. ئەساسییەکە 69,522 شەهیدە، بەڵام بەپێی وارسییەکەی بێت دەبێتە 75 هەزار).
رووداو: یانی ئەگەر یەکێک لە ئێمە بپرسێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەند شەهیدتان هەیە، بڵێین 69 هەزار شەهید؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئەوەی کە شمول دەکات لە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار بەرەو خوار. کۆی گشتی زیاتر لە 75 هەزار شەهیدمان هەیە بە کۆی گشتی، بەڵام 69 هەزارەکەیان ملیۆنێک و 200 دینار بەرەو خوارە.
رووداو: تا ئێستا ئەو 69 هەزارە دەبن بە ملیۆنێک و 200 هەزار ئەگەر پەسەند بکرێت؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئێمە هەموو رێکارێکی ئیداری، کارگێڕی و دارایی مان گرتووەتەبەر. بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی بودجەی هەرێمی کوردستان، مینحەی شەهیدانیشمان لەناو پڕۆژەی پێشنیازی بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق جێکردووەتەوە.
رووداو: لە بەغدا، ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت بەم شێوازەی کە هەیە، ئەم مووچەیە وای لێدێت؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ.
رووداو: ئێوە چاوەڕێی ئەوە دەکەن و چاوەڕێی شاندی هەرێمی کوردستانیش دەکەن کە شەڕی زۆری لەسەر بکات؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، ئینجا لۆبیشمان بۆ کردووە، بەگوێرەی هەر سێ فیئەکە هاووڵاتی و سەنگەر و جینۆساید.
رووداو: بەڵام هاووڵاتی 600 هەزار؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، هاووڵاتی 600 هەزار، سەنگەر و جینۆساید ملیۆنێک و 200 هەزار.
رووداو: ئەی بۆ زیندانییانی سیاسی چیتان کرد؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بێگومان زیندانییانی سیاسی، ئەمەش پرسێکە بەڕاستی زیندانییانی سیاسی مەغدوورن. شەهیدان تا رادەیەک من خۆم وەکو وەزیر، وەکو ئەوەی پێشمەرگەش بووم، ئەو مینحەیە بە کەم دەزانم. لەگەڵ گونجاندنی بازاڕی ئەمڕۆدا هیچ نییە، چونکە کەسوکاری شەهید دێنە لام و رۆژانە دەیانبینم؛ دایکی شەهید، باوکی شەهید، هاوسەری شەهید دێتە لام و دەیبینم، وەزعەکەیان ئەوە نییە کە من ئاسوودە بم. ئاسوودە نیم، بەڵام وەزعی ئێمە و هەرێمی کوردستان... ئەمە باس دەکەین، باسەکە باسێکی کۆنە. ئەم پارەیە دانراوە، بۆ ئێستا و لەگەڵ بازاڕی ئێستادا رەنگە کەم بێت. هەر لەو روانگەیەشەوە ئێمە ئەو پێشنیازەمان کردووە لەو پڕۆژە یاسایەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکەوە رێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە مینحەکەیان بۆ زیاد بکەین. زیندانییانی سیاسی بەڕاستی، ئێمە بەپێی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2011، دەبوو 12-13 ساڵ پێش ئێستا مینحەمان پێدابان بەڵام پێمان نەداون، لە 26 هەزار و ئەوەندە، نزیکەی سەرووی 5 هەزاریان مینحەیان وەرگرتووە.
رووداو: بەڵام 26 هەزار زیندانیی سیاسی هەیە کە ناویان نووسراوە و لیستەکەتان لایە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، ئەوەی کە مینحەیان هەیە 5 هەزار و تەقریبەن 250 کەسە. ئەوانە تەبعەن بەپێی یاساکە لە ساڵەکەیان تەواو بوو. مینحەی زیندانیی سیاسی 500 هەزارە. ئیتر بەپێی منداڵ و حوکم و ساڵ و مانگ و ئەوانە، بەپێی یاساکە دیاریکراوە. ئەم زیندانیانە بەپێی یاساکەی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا کردوون. ئێمە چیمان کردووە؟ کە دەڵێین هاوتای عێراقی بکەین، دەبێت دادپەروەر بین. ئێستا رەنگە لەناو خۆشیاندا ئەو پێشنیاز و دەنگۆیانە هەبێت. بۆ نموونە، هەیانە پێنج ساڵەکەی وەرگرتووە، هەیانە هیچی وەرنەگرتووە. ئێمە هاوتایەکی دەکەین بەپێی یاساکەی ئەوان. ئەوەی تا چەندی مافی هەیە و وەریگرتووە، مافەکەی خۆی کەم دەبێتەوە. مەسەلەن، 10 ساڵەکەی وەرگرتووە، لەوێ 25 ساڵە، لە عێراق 10 ساڵەکەی لێ کەم دەکرێتەوە.
تەبعەن لەگەڵ زیندانییانی سیاسیش، چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد. هاتنە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. لێرە هەردوو فیئەکە کۆبوونەوەمان کرد، لە بەغداش. سەرۆکی دەستەی زیندانییانی سیاسی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ تیمی حکومەت، نەک من بە تنها، بەڵکو تیمی حکومەت؛ بەڕێوەبەری دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی هەماهەنگی و بەدواداچوون گفتوگۆمان کرد. دوای گفتوگۆیەکی زۆر، هاتینە سەر خەت و لێکتێگەیشتنێکمان نووسی. ئەوانیش رازیبوون بەوەی کە پشتیوانمان بن بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسی بۆ سەر دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق، کە ئەمە جیاوازە لەگەڵ شەهیدان.
دۆسییەکانیان دەگوازینەوە، هەر 26 هەزارەکە. بۆ ئەمەش رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە. لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتین کە دۆسیەکان بگوازینەوە و ئەوانیش رێکارێک بدۆزنەوە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانیان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ. من چوومە لای سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی حەز دەکەم نوێنەرەکەی حکومەتی عێراق وەڵام بداتەوە. من قسەی خۆمم کرد؛ زیندانین و مافی خۆیانە، عێراقی دیموکراتی فیدراڵە و نابێت جیاوازی بکرێت. چۆن زیندانییەک لە نەجەف و کەربەلا و بەغدا هەیە، دەبێت لە هەڵەبجە و زاخۆ و هەولێر و دهۆک و شوێنەکانی تریش جیاوازی نەکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی قبووڵمە، پرسیاری لە نوێنەری حکومەتی عێراق کرد کە بەربەستی یاسایی چییە؟ گوتی "هیچ." ئەویش گوتی، "ئیشی من تەواو."
رووداو: ئەمە خۆی هەواڵێکی بەپەلەیە. کەواتە سەرۆکوەزیران قبووڵی کردووە کە بگوازرێتەوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: گوتی رێگریی یاسایی نییە. کەواتە وەکو ئەوە وایە گوازرابێتەوە. ئێستا ئێمە رێگریی یاساییمان لە پرسی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی نییە. دەمێنێتەوە سەر لایەنی کارگێڕی و دارایی، ئەوەشمان رێکخستووە.
رووداو: ئێستا دەڵێی دۆسییەکەمان گواستووەتەوە. هەموو ئەم ناوانە دەچێتە دامەزراوەی زیندانییانی سیاسیی عێراق و ئیدی ئەگەر هەموو شتەکان پەسەند بکرێت، لەوێوە مووچە وەردەگرن یان دیسان پارەکە دێتەوە هەرێمی کوردستان و ئێوە دابەشی دەکەن؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: نەخێر، زیندانییانی سیاسی دەچنە سەر دامەزراوەی زیندانییانی سیاسیی عێراق، بەڵام نوێنەر و ستافی ئێمە پێکەوە لەگەڵیان دەبن بۆ هەموو رێکارە کارگێڕی و ئیدارییەکان.
رووداو: مووچەی ئەوان دەبێتە چەند؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: مووچەی زیندانییانی سیاسیی دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار، گوتمانە کێشەمان نییە با بەپێی یاساکەی خۆشتان بێت. سەبارەت بەو کەسانەی دۆسیەیان هەیە، ئەوەی لیرە پەسەند کراوە بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2011 و بەو بڕیاری گرتنەی کە لە عێراق بۆی دەرچووە، دەکرێت بە زیندانیی سیاسی. بەڵام دۆسییەکانی ئێمە کە پڕکراونەتەوە بە کوردی، لەگەڵ دامەزراوەی زیندانییانی سیاسیی عێراق دەبێت بکرێن بە عەرەبی.
رووداو: گەیشتیتە لای وەزیری دارایی، وەزیری دارایی چی گوتی؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: من بە راشکاوی قسەم لەگەڵ کرد و گوتم گەلی کورد گەلێکی ستەملێکراوە و قەدەری ئێمە وابووە کە کوردین و لەلایەن رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ئەنفال و جینۆساید کراوین. وەزیری دارایی عێراق هەڵوێستێکی باشی هەبوو و گوتی من وەک وەزیری دارایی پشتیوانتان دەبم و رەتی ناکەمەوە، بەڵام پێویستە شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی خاڵی پێشینە بێت.
رووداو: لە باسی لیستی زیندانییانی سیاسی باست کرد و وتت لای ئێمە خاوێنە، لیستی شەهیدانیش خاوێنە لای ئێوە؟ سبەی ئەم لیستانە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست ناکات؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئەوەی لای ئێوەیە، لای ئێمە رۆیشتووە. ئەوەی کراوە بەپێی یاسا بووە و دادوەر یەکلایی کردووەتەوە. شەهیدانیش لیژنەیان هەیە و لە کابینەکانی پێشوو کراون بە شەهید. هەرگیر شتی وانییە کە کەسێک بەعسی بووبێت و بە شەهید ناوی نووسرابێت؛ بەگوێرەی یاسا کراوە بە شەهید.
رووداو: لەو کاتەوەی کە جەنابت وەزیریت، چەند سەرۆکوەزیران گۆڕاون لە عێراق. بە بڕوای خۆت کام سەرۆکوەزیران مامەڵەی باشتر بووە لەگەڵ وەزارەتەکەی ئێوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: لەم سەردانەمدا، محەممەد شیاع سوودانی لوتفی زۆری نواند و سەرۆکی فراکسیۆنەکەی بانگ کرد و گوتی، "کاک عەبدوڵڵا، کێت دەوێت پێی بناسێنم بۆ پشتیوانیی کەسوکاری شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق." هەروەها لە عێراق سەرۆکایەتیی کۆمار، حکومەت، شیعە و سوننە هەموویان پشتیوانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بوون.
خاڵێکی دیکە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بوو؛ ئەو رێککەوتنەشمان کردووە کە نوێنەری ئێمە ئامادەیی هەبێت و هەفتەی داهاتوو نوێنەرمان ئامادەی دانیشتنەکانیان دەبێت بۆ چۆنیەتیی هەڵدانەوە و هێنانەوەی رووفاتی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
رووداو: بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و رزگاربووانی ئەنفال چی؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، لە لیستی پێشنیازدا داخل کراون و لەگەڵ وەزیری تەندروستی لیژنەمان دروست کردووە بۆ ئەوەی بە رێکاری زانستی تەشخیس بکرێن؛ تا ئێستا نزیکەی 800 کەس هەبوون و 400 کەس ماونەتەوە. بۆ رزگاربووانی ئەنفالیش، من خۆم لەگەڵ ئەوەم کە تایبەتمەندییەکیان پێبدرێت.
رووداو: سوپاس دەکەم و هیوادارم هەوڵەکانت سەربگرێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بەڕێزان.

