رووداو دیجیتاڵ
غەسان سەلامە، وەزیری رۆشنبیریی لوبنان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، هیوای خواست وەشانخانە و بەرهەمهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی بەیرووت بەشداربن؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "هەندێک بڵاوکراوەی زمانی کوردی لە بەیرووتەوە دەگەنە هەولێر" بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پەرتووک لەو شارە کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری رۆشنبیریی لوبنان گوتی، "هیوادارم ژمارەیەکی زیاتر لە وەشانخانەکانی لوبنان بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بکەن و ئەمەم بە وردی پێرێ پێ راگەیاندوون."
غەسان سەلامە باسی لە گرنگیی خوێندنەوە کرد و گوتی، "پێم وایە پەرتووک پێگەیەکی تایبەتی نییە، بەڵکو خودا بە جۆرێک دروستی کردووە کە لەگەڵ هەموو دۆخەکاندا بگونجێت. خوێندنەوە بووەتە شتێکی بنەڕەتی بۆ یارمەتیدانی منداڵەکانمان تاوەکو بتوانن سەرنج بدەن، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو شۆڕشە تەکنەلۆجییەی ئێستا لە جیهاندا روودەدات، کە وایکردووە خوێندنەوە ببێتە کارێکی پچڕپچڕ و کاتی، ئەمەش یارمەتیی منداڵان نادات سەرنجیان هەبێت."
هەروەها جەختی لە پاراستنی پەیوەندی بە پەرتووکەوە کردەوە و گوتی، "ئێمە پەنا دەبەینە بەر پەرتووک بۆ ئەوەی یارمەتیدەری منداڵەکانمان بێت لە پاراستنی توانای مێشک و بیرکردنەوەیان. بۆیە لە هەر کوێیەک پێشانگەی پەرتووک هەبێت، من لەوێ دەبینیت. سەرەڕای ئەوەش، لوبنان وڵاتێکی گەورەی بڵاوکردنەوەیە، هەربۆیە لە هەر کوێیەک وەشانخانەی لوبنانیت بینی، وەزیری رۆشنبیریی لوبنانیش لە تەنیشتی دەبێت."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا پەرتووک و پێشانگەکانی پەرتووک پەیوەندییەکی پتەو و جیاواز لەنێوان کۆمەڵگە و نەتەوەکاندا دروست دەکەن؟ سەلامە گوتی، "ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان. هیوادارم وەشانخانەکانی هەولێر لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پەرتووکی بەیرووتدا ئامادە بن."
سەبارەت بە رەوشی کورد لە لوبنان و بایەخدانی لوبنانییەکان بە کولتوور و زمانی کوردی، وەزیری رۆشنبیری ئاماژەی بەوە کرد، "لە راستیدا، دەستوور ئازادیی رادەربڕین دەپارێزێ، بەمەش رادەربڕین بە هەر زمانێک کە دەتەوێ ئازادە. بۆیە، کەمینەکان هەن کە بە زمانەکانی دیکە قسە دەکەن، نەوەک تەنیا زمانی عەرەبی کە زمانی فەرمیی وڵاتە و ئێمە رێز لەوە دەگرین. پێم وایە بڵاوکراوەی زمانی کوردی لە بەیرووتەوە دەگەنە [هەولێر]."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
غەسان سەلامە: پێم وایە پەرتووک دۆخێکی تایبەتی نییە، بەڵکو خودا بە جۆرێک دروستی کردووە کە بۆ هەموو دۆخەکان گونجاو بێت. خوێندنەوە بووەتە شتێکی بنەڕەتی بۆ یارمەتیدانی منداڵەکانمان تاوەکو بتوانن سەرنج بدەن. لەگەڵ ئەو شۆڕشە تەکنەلۆجییەی ئێستا لە جیهاندا روودەدات، خوێندنەوە بووەتە کارێکی پچڕپچڕ و کاتی، لەبەرئەوە یارمەتیی منداڵان نادات سەرنجیان هەبێت. ئێمە پەنا دەبەینە بەر پەرتووک بۆ ئەوەی یارمەتیدەری منداڵەکانمان بێت لە پاراستنی توانای مێشک و بیرکردنەوەیان. بۆیە لە هەر کوێیەک پێشانگەی پەرتووک هەبێت، من لەوێ دەبینیت. سەرەڕای ئەوەش، لوبنان وڵاتێکی گەورەی بڵاوکردنەوەیە، بۆیە لە هەر کوێیەک وەشانخانەیەکی لوبنانیت بینی، وەزیری رۆشنبیریی لوبنانیش لە تەنیشتی دەبێت.
رووداو: ئایا پەرتووک و پێشانگەکانی پەرتووک پەیوەندییەکی پتەو و جیاواز لەنێوان کۆمەڵگە و نەتەوەکاندا دروست دەکەن؟
غەسان سەلامە: ئەمە یەکێکە لە ئامرازەکان. هیوام دەخواست وەشانخانەکانی هەولێر لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پەرتووکی بەیرووت کە دوێنێ کۆتایی هات، ئامادەبوونایە. بەڵام لە هەمان کاتدا هیوادارم ژمارەیەکی زیاتر لە وەشانخانەکانی لوبنان بەشداری لە پێشانگەی هەولێردا بکەن و پێرێ رێک ئەم قسەیەم پێ راگەیاندوون.
رووداو: ژمارەیەکی زۆر کوردی لوبنانی هەن. چۆن گرنگی بە کولتوور و زمانی کوردی لە لوبنان دەدەن؟
غەسان سەلامە: لە راستیدا، دەستوور پارێزگاری لە ئازادیی رادەربڕین دەکات، بەمەش ئازادیی رادەربڕین بە هەر زمانێک کە بتەوێ. بۆیە، کەمینەکان هەن کە بە زمانی دیکە قسە دەکەن نەوەک تەنیا زمانی عەرەبی کە زمانی فەرمیی وڵاتە و ئێمە رێز لەوە دەگرین. پێموایە بڵاوکراوە بە زمانی کوردیش لە بەیرووت چاپ و بڵاودەکرێنەوە.


