رووداو دیجیتاڵ
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە بەغدا، پشتیوانی لە سیاسەتی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەک دەبێت تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بێت.
باڵیۆزی رۆمانیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا رایگەیاند: "پێم وایە سیاسەتی سەرۆکوەزیران (عەلی زەیدی) دروستە. پێم وایە دەبێت دەوڵەت کۆنترۆڵی چەکەکان بکات. دەبێت چەکەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بن. ئەمە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ وڵاتێک، بۆ حکومەتێک تاوەکو کۆنترۆڵی خاکی خۆی بکات و ئاسایش دابین بکات نەوەک تەنیا بۆ وڵاتەکە، بەڵکو بۆ هاووڵاتییانیش، هەروەها ئەمە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری لە داهاتوودا".
سەبارەت بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق، باڵیۆزەکە جەختی لە رۆڵی وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ کردەوە و گوتی: "دڵنیام کە هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ دەبێت بێن و بەشداری بکەن لە ئاسایشی عێراق بەگشتی، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر دەستپێشخەریی هەردوو حکومەت، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم".
لەبارەی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی رۆمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، دۆبرێ باسی لەوە کرد کە ئێستا تەنیا گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگەدا بەردەوامە و گوتی: "بۆ ئێستا، ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵیان، بەڵام تەنیا گفتوگۆیەکە. دەیڵێمەوە، دەبێت بزانین چی پێویستە و چۆن دەتوانین پاڵپشتییان بکەین".
باڵیۆزی رۆمانیا ئاماژەی بە ئامادەکردنی چەند رێککەوتنێک بۆ هاوکاریی ئەمنی و بەرگری لەگەڵ عێراق کرد و رایگەیاند، چاوەڕێی بڕیاری حکومەتن بۆ واژۆکردنیان.
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق:
رووداو: بەڕێز رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق، زۆر سوپاس کە لێرەیت لەگەڵمان. بەخێر بێیت بۆ رووداو.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: جێگەی خۆشحاڵیی منە، سوپاس بۆ میوانداریتان.
رووداو: سوپاس. بەر لە هەموو شتێک، دەمەوێ بپرسم چۆن باسی دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەتان و عێراق دەکەیت، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: پەیوەندییەکانمان باشن، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیشمان باش بوون، گرنگ نییە رژێمەکە چی بووە. دەزانیت، رۆمانیا لە هەموو قۆناخەکانی مێژووی عێراقدا لە 50 بۆ 60 ساڵی رابردوودا ئامادەیی هەبووە. ئێمە چێژ لە پەیوەندییەکی تایبەت دەبینین لەگەڵ عێراق لە رووی هاوکاریی ئابوورییەوە، تەنانەت لە رووی هاوکاریی سیاسی و پەیوەندیی مرۆییانەیشەوە.
رووداو: رۆمانیا بەشێکی گەورە بووە لە هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوون دژ بە داعش. دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە، هێزەکانی هاوپەیمانانیش لەگەڵیاندا، ئەو رۆڵە چییە کە ئێوە تیشکی دەخەنە سەر لە رووی پابەندبوونی ئاسایشییەوە بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: دەزانیت، چەند بوارێک هەن کە دەتوانین گفتوگۆ لە بارەیانەوە بکەین، چونکە لە راستیدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەرکێکی زۆر روونی هەبوو بۆ شەڕکردن دژ بە داعش. رۆمانیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەرکە جۆراوجۆرەکانیشدا، وەک ئەرکی ناتۆ لە عێراق یان ئەرکی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی تایبەت بە چاکسازی لە کەرتی ئاسایش. بێگومان ئێستا ئەمە ساتێکی گرنگە کە هاوپەیمانان کۆتایییان بە ئەرکەکەیان هێنا لە عێراق، حکومەتیش هەوڵ دەدات هاوکاریی دووقۆڵی لە بواری بەرگری و ئاسایشدا هەبێت. رۆمانیا بەتایبەتی بە هاوکاریی شارەزایان لە وەزارەتە جیاوازەکاندا چەندین رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی ئامادە کردووە تاوەکو ببنە بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەم هاوکارییە، نەوەک تەنیا لە بواری بەرگری، بەڵکو لە بواری نێوخۆیشدا. ئێمەیش چاوەڕێی حکومەتەکان دەکەین تاوەکو ستراتیجییەک دابمەزرێنن و بڕیار بدەن لەسەر واژۆکردنی ئەم رێککەوتنانە.
رووداو: هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، وەک دەزانیت و ئاگاداریت، رووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بووەوە، بەتایبەتی لە کاتی جەنگی ئەم دوایییەی ناوچەکەدا. ئێوە ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپان. ئایا پێتوایە کە وڵاتانی ئەورووپا لەمەودوا دەبێت ستراتیجییەکی جیاوازیان هەبێت بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان تاوەکو سنوورەکان و ئاسایشی خۆی بپارێزێت؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: دڵنیام کە هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ دەبێت بێن و بەشداری بکەن لە ئاسایشی عێراق بەگشتی، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان. بەڵام دەزانیت، ئەمە دەکەوێتە سەر دەستپێشخەریی هەردوو حکومەت، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم. ئێمە لێرەین بۆ هاوکاریکردن. ئێمە لێرە نین بۆ ئەوەی بێین و بە کەس بڵێین چی بکات یان شتێک بکەین کە دژی ویستی حکومەت بێت. بەر لە هەموو شتێک سیاسەتی حکومەتەکەی ئێوەیە، پاشانیش ئێمە هەوڵ دەدەین پێویستییەکان دابین بکەین.
رووداو: باشە، بێگومان، بەڵام ئێوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون بۆ ماوەیەکی زۆر...
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: ماوەیەکی زۆر.
رووداو: ماوەیەکی زۆر. بەڵێ. ئێوەیش بیرۆکەیەک یان تێڕوانینێکی راوێژکاریتان هەیە بۆ دۆخەکە. پێت وایە ئەم ناوچەیە ئێستا پێویستی بە چییە بۆ ئەوەی لە هەڕەشەکانی دەرەوە بپارێزرێ، وەک وڵاتێکی ئەورووپی، وەک ئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: پێم وایە مەرجی یەکەم ئەوەیە کە ململانێی نێوان ئێران و کەنداو و وڵاتانی دیکە کۆتایی بێت. چونکە، راستییەکەی، ئەمە بەربەستێکە لەبەردەم گەشەسەندنی ئابووریدا و عێراقیش لە دۆخێکی زۆر تایبەتدایە کە ناتوانێت بەشێکی زۆری بەرهەمی نەوتەکەی هەناردە بکات. کەواتە، ئەمە توخمی یەکەمە. توخمی دواتر بریتییە لە هاوکاری، هاوکاریی دوو قۆڵی، بازرگانی و وەبەرهێنان. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی کاربکەین. مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە تەنیا چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەین.
رووداو: باشە، لە بارەی کار و ئابوورییەوە قسە دەکەین. بێگومان، ئەوە زۆر گرنگە. بەڵام بەر لەوە، ئێوە بەم دواییە لە کۆبوونەوەکانتاندا قسەتان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی کردووە. پرسی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و چەککردنی ئەو گرووپانە بێگومان لە کۆبوونەوەکانتاندا باس کراوە. ئایا پێت وایە کە حکومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی ئەم پرسەی هەیە تاوەکو ئەو وادەیەی کە دیاری کراوە؟ چونکە وادەکە لە مانگی پێشووەوە بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕدراوە. بۆچوونتان لەم بارەیەوە چییە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەر لە هەموو شتێک، من بە راستی بڕوام وایە کە پاش چەندین ساڵ لە هاوکاریی نێودەوڵەتی، هێزە ئەمنییەکان و بەرگرییەکانی عێراق توانای مامەڵەکردنیان هەیە لەگەڵ هەر کێشەیەکدا کە پەیوەندیی بە ئاسایشی وڵاتەکەوە هەبێت. ئێستا ئێمە زۆر بە قووڵی لەم دانوستانانەی نێوان حکومەت و لایەنە چەکدارە جیاوازەکاندا نین. دەزانین کە هەندێکیان روانگەیەکی ئەرێنییان هەیە بۆ پرسەکە. بینیمان کە نەوەک تەنیا گرووپە چەکدارەکان، بەڵکو هاووڵاتییانیش پەلە دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان وەک خاوەن چەک لە وڵاتەکەدا تۆماربکەن. بێگومان ئێستا ئەمە پرۆسەیەکی سیاسییە، پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە، پرۆسەیەکی ئەمنییە. ئەمە پرۆسەیەکە کە ...
رووداو: فرەڕەهەندە.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەڵێ، فرەڕەهەندە، بۆیە هۆکاری زۆر هەن کە کاریگەرییان لەسەری هەیە. بەڵام پێم وایە لە کۆتاییدا دەکەوێتە سەر ویستی هاووڵاتییانی عێراقی کە بڕیار بدەن چییان دەوێت.
رووداو: ئایا هانی حکومەتی عێراق دەدەیت بۆ چەککردنی ئەم گرووپانە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: پێم وایە سیاسەتی سەرۆکوەزیران دروستە. پێم وایە دەبێت دەوڵەت کۆنترۆڵی چەکەکان بکات، چەکەکان دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن. ئەمە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ وڵاتێک، بۆ حکومەتێک تاوەکو کۆنترۆڵی خاکی خۆی بکات و ئاسایش دابین بکات نەوەک تەنیا بۆ وڵاتەکە، بەڵکو بۆ هاووڵاتییانیش، هەروەها ئەمە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری لە داهاتوودا.
رووداو: بەڵێ، بەر لەوەی بچینە سەر باسی ئابووری، ئێوەیش بەشدار بوون لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان. پاش گواستنەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، هێشتا چ جۆرە پابەندبوونێکتان بەرامبەر بە پێشمەرگە هەیە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بۆ ئێستا، بە راستی، ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵیان، بەڵام تەنیا گفتوگۆیەکە. دەیڵێمەوە، دەبێت بزانین چی پێویستە و چۆن دەتوانین پاڵپشتییان بکەین.
رووداو: بازرگانی و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەتان ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ چەندین کەرتی کوردستان. بۆ نموونە، کشتوکاڵ و وزە، بانکی، هەروەها وەبەرهێنانەکانی دیکە. ئایا تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر پڕۆژەیەکی دیاریکراو هەیە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: چەند پڕۆژەیەکی بچووک هەن کە لە بوارەکانی خانووبەرە و کەرتی وزەدا بەڕێوەدەچن، بەڵام کۆمپانیا رۆمانییەکان زۆر تامەزرۆن بێنە ئێرە، چونکە نەریتێک هەیە لە هاوکاریکردندا. سەرسام دەبیت بەوەی چەندین خەڵک لە عێراقەوە، بەڵام بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی رۆمانیایان کردووە. هەندێکیان لە رۆمانیا خوێندوویانە، بۆیە بە رۆمانی قسەدەکەن. بنکەی بازرگانییشیان لە رۆمانیا هەیە. راستییەکەی، وەبەرهێنانێکمان هەیە لە هەرێمی کوردستانەوە لە رۆمانیا کە گرنگییەکی ستراتیجیی هەیە لە وێستگەیەکی وزەدا. ئەو ژینگەیەی بازرگانی کە نەوەک تەنیا ئاسایش، بەڵکو هەندێک چاکسازیی ئابوورییش لەخۆدەگرێ و دەبێت بەرەوپێش بچێت، ئەم کۆمپانیایانەیش دێن. ئەوان بە شێوەیەکی گەورەتر دێن.
رووداو: کەواتە، نیگەرانیی ئێوە ئاسایشە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: نەخێر، چەند شتێک هەن. ئەوەیە کە پێی دەڵێین ژینگەی بازرگانی، ئەمەیش هەموو شتێک لەخۆدەگرێ. لە ئاسایشەوە دەست پێدەکات، نازانم، با بڵێین بە چاکسازیی بانکی کۆتایی دێت. ئێمە لە رۆمانیا ئەزموونێکمان هەیە، چونکە لە نەوەدەکاندا بە هەمان قۆناخی گواستنەوەدا تێپەڕین، گواستنەوە لە ئابوورییەکی تەواو کۆنترۆڵکراوی دەوڵەتەوە بۆ ئابووریی بازاڕ.
رووداو: بەڵام هەرێمی کوردستان، هەندێک دۆخ لە هەرێمی کوردستاندا جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەڵێ، ئەوە راستە.
رووداو: چۆن هانی بازرگانی و کۆمپانیاکانی رۆمانیا دەدەیت بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان؟ بە دیاریکراوی لە کوێدا توانستی ئەم وەبەرهێنانانە لە کوردستاندا دەبینیت؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: دەتوانم پێت بڵێم. بۆ نموونە، لە کەرتی بیناسازیدا، کۆمپانیامان هەیە کە دەیانەوێ نووسینگەیەک لە عێراق دابمەزرێنن، بۆچی نەتوانن نووسینگە لە کوردستان دابمەزرێنن. با بڵێین کارگەیەکمان هەیە کە ئامرازی کشتوکاڵی بەرهەمدەهێنێت و دەیەوێ کارگەیەک لێرە بکاتەوە. کەواتە، دەرفەت هەیە، کەسانی ئارەزوومەند هەن، ئێمە تەنیا پێویستە کەمێک باشتر بزانین دۆخی ئێرە چۆنە، پێویستییەکان چین، هەرێمەکە چی دەکات بۆ هاندانی ئەم وەبەرهێنەرانە تاوەکو لێرە ئامادەیییان هەبێت.
رووداو: ئەی لەبارەی کەرتی نەوت و گازەوە، بۆ عێراق بەگشتی و بۆ هەرێمی کوردستانیش چی دەڵێیت؟ پێم وایە ئێوە ئارەزووی خۆتان بۆ ئەم کەرتەیش دەربڕیوە.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: رۆمانیا ئەزموونێکی زۆر گەورەی لە کەرتی نەوت و گازدا هەیە، چونکە لەوانەیە خەڵکێکی کەم بزانن کە ئێمە، پێموایە، دووەم یان سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتین. کەواتە، ئێمە نەوتی خۆمان لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا دەردەهێنین. ئێمە زیاتر لە 100 ساڵ ئەزموونمان لە پیشەسازیی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت هەیە. لە رۆمانیا، لانیکەم سێ پاڵاوگە هەن کە من دەیانزانم و لە رووی مێژووییەوە بۆ نەوتی عێراقی دروست کراون، بە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی نەوتی عێراقییەوە. بۆیە...
رووداو: ئایا هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ هەر پڕۆژەیەک، لە رووی ئابوورییەوە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: لە کەرتی نەوتدا، کۆمپانیا رۆمانییەکان وەک کۆمپانیای لاوەکی کار بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەکەن، زۆر لە بەرهەمە رۆمانییەکانیش بۆ پیشەسازیی نەوت لەم کاتەدا لە بازاڕدا دەدۆزرێنەوە.
رووداو: وەک ئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپا، ئایا پاڵپشتی یان هاندەری هاوبەشییەکی بەهێزتر دەبن لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بێگومان. بێگومان، پێم وایە لەبەر هۆکاری باشیش، چونکە عێراق و هەرێمی کوردستان ماتەوزەی گەلێک گەورەیان هەیە لەگەڵ دانیشتووانێکی زۆر گەنج، لەگەڵ بوونی بوار بۆ هەمووان تاوەکو پەرە بە بازرگانی بدەن و هێزی کار بخەنە گەڕ. لە بوارەکانی پەروەردەیشدا دەکرێت وەبەرهێنان هەبێت. یەکێتیی ئەورووپایش لەم کاتەدا لێرەیە، بانکی ئەورووپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پار دەستی بە کارەکانی کردووە. تاوەکو ئەو جێگەیەی تێدەگەم، بانکی وەبەرهێنانی ئەورووپی ئامادەیە بێت. لە لای خۆمانەوە، هیوادارم مانگی داهاتوو سەردانێکی کەسایەتییەکی باڵای بانکی وەبەرهێنانی رۆمانیمان هەبێت بۆ ئێرە تاوەکو دەست بکات بە کارکردن لەگەڵ سیستەمی بانکیی ئێوەدا.
رووداو: لە کوردستان؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: لە کوردستان و لە بەغدایش. بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەسازی بکەین تاوەکو بازرگانییەکان هەست بە ئاسوودەیی بکەن و بە ئاسوودەیی لە وڵاتەکەدا کاربکەن.
رووداو: بەڵێ، ئاماژەت بەوە دا کە لەنێوان رۆمانیا و هەرێمی کوردستاندا ئەزموونێکی زۆری گەشتکردن هەیە. ئێوەیش لە کانوونی دووەمی 2025، پار، بوونە ئەندامی تەواوی شنگن. ئایا ئەمە هیچ پرۆسەیەکی داواکاریی ڤیزەی لەلایەن ئێوەوە گۆڕیوە؟ چۆن پلانتان هەیە داواکارییەکە زیاتر بەردەست بکەن بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانن زیاتر سەردان بکەن و ئاڵوگۆڕی کولتووری لەنێوان وڵاتەکاندا رووبدات؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: وەڵامەکەم لەسەر دوو ئاست دەبێت. ئاستی یەکەم ئەوەیە کە چوونەناوەوەمان بۆ شنگن هیچ شتێکی نەگۆڕی، بێجگە لە لەزگەی سەر پاسپۆرتەکە، چونکە رۆمانیا...
رووداو: کەواتە قورستر نەکراوە، تەنیا...
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: نەخێر، نەخێر، وەک خۆی مایەوە، چونکە لە رابردووییشدا رۆمانیا یاساکانی یەکێتیی ئەورووپای لە داواکاریی ڤیزەدا جێبەجێ دەکرد.
رووداو: باشە.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: ئێستایش، وەڵامەکەم ئەوەیە، دەزانیت، وەک کەسێک کە سەرۆکایەتیی لیژنەی نێوان وەزارەتەکانی دەکرد بۆ نەهێشتنی پرۆسەی ڤیزە بۆ رۆمانییەکان لە یەکێتیی ئەورووپا لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەکاندا. بۆیە، رێک دەزانم دۆخەکە چۆنە. ئاسانکردنی پرۆسەی داواکارییەکە کاری باڵیۆزخانەکان یان وڵاتەکان نییە. ئەمە کاری وڵاتی خانەخوێیە کە ژیانی خەڵکەکەی باشتر بکات تاوەکو مەترسیی کۆچی نایاسایی دروست نەکەن.
رووداو: لە بارەی کۆچەوە قسە دەکەین.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: ئەمەش بەندە بە هاوکاری و گفتوگۆوە.
رووداو: بەڵێ، پرسیاری داهاتووم لە بارەی کۆچەوەیە، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی گەشتیاری، تەنیا دەمویست تێڕوانینی ئێوە بزانم لەبارەی هاندانی گەشتیاری لەنێوان هەردوو وڵات، لە دەرەوەی پرسی کۆچ.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: گەشتیاری لە وڵاتەکەی من یان لە عێراق؟ چونکە پێم وایە...
رووداو: لەنێوان رۆمانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەر لە هەموو شتێک، عێراق بەگشتی، هەروەها هەرێمی کوردستانیش، پێم وایە ماتەوزەی گەشتیاریی زۆر گەورەیان هەیە. بە بڕوای من، دەتوانێت بە خێرایی ببێتە دووەم هۆکاری ئابووری، چۆن بڵێم، لە عێراقدا دوای پیشەسازیی نەوت، چونکە ئێوە شتی مێژوویی زۆرتان هەیە. 30 هەزار شوێنەوارتان هەیە لە عێراق. لێرە لە کوردستان، یەکێک لە کۆنترین شارە ناسراوەکانتان هەیە لە رووی مێژووییەوە. چیا و هاوینەهەواری وەها جوانتان هەیە، تەنیا ئەوەیە کە ئەمە...
رووداو: راستییەکەی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات گەشتیاری بەرەوپێش ببات. کەواتە، چۆن ئێوە...
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتە.
رووداو: بەڵێ، چۆن هانی هاووڵاتییانتان دەدەن سەردانمان بکەن؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: ئێستا دوو کۆمپانیا لە رۆمانیا هەن کە پاکێجی گەشتیاری بۆ عێراق دەفرۆشن. دڵنیایشم کاتێک دۆخەکە، دۆخی ئاسایش باشتر دەبێت، بە ژمارەیەکی زۆر گەورەتر دێن. لە هەرێمی کوردستان کەمتر، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق زیاتر، کەمیی ژێرخانی گەشتیاریش هەیە. مەبەستم هۆتێلەکانە، نازانم...
رووداو: ئەی لە بارەی کوردستانەوە؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: نەخێر، لە کوردستان زۆر باشترە، زۆر باشترە. بەڵام بۆ ناوچەکانی دیەکەی عێراق هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێت.
رووداو: راستە. کۆچ.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەڵێ.
رووداو: وڵاتەکەی ئێوە یەکێکە لەو رێگایانەی کە خەڵکی ئەم ناوچەیە، کوردستان، عێراق و وڵاتانی دیەکەی دەوروبەرمان، هەوڵ دەدەن پێیدا تێپەڕن بۆ ئەورووپا، بۆ بەشەکانی دیکەی ئەورووپا، هەندێکیشیان لە راستیدا مەبەستیان هەر رۆمانیایە، دەیانەوێ لەوێ بمێننەوە. شتێکیش هەیە لە بارەی هێزە ئەمنییەکانتانەوە، بۆ نموونە، وڵاتەکەتان و وەزیری نێوخۆ، چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی کە ئەم پەنابەرانەی دێنە وڵاتەکەتان ئازار نادرێن، مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ناکرێت، تەنانەت لە کاتی دیپۆرتکردنەوەیش؟ چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئەوە روودەدات؟ چونکە خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان هێشتا بێسەروشوێنن، نەوەک بەتایبەتی لە رۆمانیاوە، بەڵکو لە رێگا نایاسایییەکانی دیکەوە، رووبەڕووی هەڕەشەی زۆر دەبنەوە، ئازار دەدرێن، لەلایەن حکومەتەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت. چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی کە کۆچبەران لە رۆمانیا سەلامەتن؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەر لە هەموو شتێک، یاسادانانی رۆمانیا بە تەواوی گونجێنراوە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا وەک ئەندامێک. ئەوەیشی کە زۆر گرنگە، یاساکە لە هەموو لایەنەکاندا جێبەجێ دەکرێ، لەوانە کۆچ، پەنابەری و هەموو شتێک. حکومەتی رۆمانیش بۆ ئەو کۆچبەرە نایاسایییانەی دەستگیر دەکرێن، سەنتەری تایبەتیان هەیە کە بە دادپەروەری مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. هەروەها، ئەم پرۆسانە هەندێکجار لەژێر چاودێریی رێکخراوە ناحکومییەکانن. بۆیە، بە راستی، لەم بوارەی مامەڵەی خراپ لەگەڵ کۆچبەران لە چەند ساڵی رابردوودا و بە شێوەیەکی کردەیی هەرگیز هیچ کێشەیەکمان نەبووە. با ئەوەیشتان پێ بڵێم کە رۆمانیا وڵاتێکی زۆر لێبووردەیە، مەبەستم ئەوەیە هەموو بیانییەکان هەست بە ئاسوودەیی دەکەن. رەوەندێکی کوردی لە وڵاتەکەمدا هەیە کە تاوەکو رادەیەک چالاکە. هاوژینیی تێکەڵاوی زۆرمان لەوێ هەیە. کورد لە رۆمانیا بەگشتی بازرگانن، زۆر رێزلێگیراون، تێکەڵ بە کۆمەڵگە بوون، نەوەک تەنیا ئەوان، بەڵکو عێراقییەکانیش بەگشتی، بابەتێک نین لەنێو سیاسەت یان میدیای رۆمانیدا.
رووداو: باشە، ئایا هیچ... تۆ گوتت کە دۆخی رەوەندی کوردی لە رۆمانیا و رەوەندی عێراقی باشە، لەوانەیە بەراورد بە وڵاتانی دیکەئ ئەورووپا. رەوەندەکەی ئەوێ لەوانەیە بە راستی بەشداری بکەن و کاری گەورە بکەن. ئایا هیچ رێگایەکی یاسایی هەیە بۆ کەسێک یان خێزانێک، بۆ نموونە، یان گەنجان کە بیانەوێ بچنە رۆمانیا، لەوێ بخوێنن، لەوانەیە لەوێ کاربکەن و بە شێوەیەکی یاسایی کۆچ بکەن بۆ رۆمانیا؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: دەزانیت، بەر لە هەموو شتێک، بۆ خوێندن لەوێ مێژوویەک لەم بارەیەوە هەیە. بەو مانایەی، پێموایە هەموو ساڵێک، بە لای کەمەوە 1000 قوتابیمان هەیە کە لە عێراقەوە دێن، بەشێکی گرنگیشی لە کوردستانەوە دێن، خوێندکارن لە رۆمانیا. ئێمەیش وەک باڵیۆزخانە، هەوڵ دەدەین تاوەکو پێمان بکرێت پرۆسەی وەرگرتن لە زانکۆکاندا ئاسان بکەین. پاشان دەکەوێتە سەر خۆیان، چونکە ئەگەر کارێک بدۆزنەوە، ئەمە پرۆسەیەکی ئۆتۆماتیکییە، پرۆسەیەکی یاسایییە کە زۆر بە روونی پێناسە کراوە. هەمان پرۆسە بۆ بازرگانییشە. ئەگەر بێن و وەبەرهێنان لە رۆمانیا بکەن و بازرگانییەکی راستەقینەیان هەبێت، ئەم بازرگانییەیش راستەقینە بێت و بۆ چەند ساڵێک باش بێت، دەتوانن داواکاری بۆ نیشتەجێبوون پێشکەش بکەن، دواتریش بۆ وڵاتینامە. بەڵام ئەمە یاسای ئەورووپییە، شتێکی سەرسووڕهێن نییە.
رووداو: چۆن پاڵپشتی دەکەن... ئایا هیچ جۆرە سکۆڵەرشیپ یان یارمەتییەکی تایبەت هەیە بۆ قوتابییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی مەبەستم ئەو قوتابییانەی کوردستانە کە دەیانەوێ بەدوای دەرفەتی خوێندندا بگەڕێن لە رۆمانیا؟ ئایا هیچ شتێکی تایبەت هەیە.
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: پێم وایە باشترین پاڵنەر بۆ ئەوان تاوەکو بچنە ئەوێ ئەوەیە کە ئێمە یەکێک لە کەمترین کرێکانمان هەیە، کرێی خوێندن لە ئەورووپادا، بۆ زانکۆکان، بەتایبەتی بۆ ئەو زانکۆیانەی کە ئەوان ئارەزوویان لێیەتی، کە بەگشتی پزیشکی، دەرمانسازی، لەوانەیە هەندێک لە ئەندازیارییەکان بن. بۆ ئەمەیش نرخەکان زۆر نزمترن لە هەر زانکۆیەکی دیکە لە ئەورووپادا. شتی دووەم ئەوەیە کە ئێستا ئامادەین بۆ واژۆکردن، هیواداریشین بەم زووانە وەزیرێکی نوێی خوێندنی باڵا لە عێراق دەستبەکاربێ، لێکتێگەیشتنێکمان ئامادە بوو بۆ واژۆکردن کە سکۆڵەرشیپیش دابین دەکات بۆ هاووڵاتییانی عێراقی بەگشتی.
رووداو: ئایا ئەوە هەرێمی کوردستان و خوێندکارانی کوردستانیش لەخۆدەگرێت؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەڵێ، بێگومان، بێگومان. ئێمە هەندێک سکۆڵەرشیپمان هەیە، هەندێکیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە دەدرێن، هەندێکیان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی خۆمانەوە دەدرێن، بۆ ئەوەی خەڵک بخوێنن. بۆ ئەوەیش، من ئامۆژگاریی ئەو خوێندکارانە دەکەم کە ئارەزووی ئەوەیان هەیە بەدواداچوون بۆ ماڵپەڕەکەمان بکەن، چونکە ئێمە رایدەگەیەنین...
رووداو: زانیاری لە ماڵپەڕەکەتاندا هەیە لە بارەی...
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: بەڵێ، بەڵێ. خشتەی کاتەکان و پرۆسەی تۆمارکردنیش، لەوێوە دەبێت.
رووداو: باشە. پرسیاری کۆتاییم، وەک باسمان کرد و تۆ گوتت کە ماوەیەکی زۆرە لە هەرێمی کوردستانن، نوێنەرایەتییەکانتان، هەروەها باڵیۆزخانەکەتان لە بەغدا، زۆر لە پەیوەندیی نزیکدان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک کۆمەڵگە، وەک کەسایەتییە سیاسییەکان و هەموو شتێک. وەک رۆمانیا، ئایا پێتان وایە هەرێمی کوردستان هاوبەشی ستراتیجیی ئێوەیە لە دەرەوەی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ عێراق و بەغدادا؟
رادو ئۆکتاڤیان دۆبرێ: نا، ئێمە عێراق وەک یەکپارچە دەبینین، بەڵام تێدەگەین کە دوو واقیع هەیە و هەوڵیش دەدەین بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هەردووکیاندا کاربکەین.

.jpg&w=3840&q=75)
