رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کامبریج لەسەر ئێسکەپەیکەرێکی تەمەن 75 هەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر کە بە "شانەدەر A" ناسراوە، دەریخستووە ئەو نیاندەرتاڵە بەهۆی چەقینی رمێکی دارین لە شانی چەپیدا گیانی لەدەستداوە.
دکتۆر ئێما پۆمێرۆی، مرۆڤناسی دێرین لە زانکۆی کامبریج و سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو وردەکاریی دۆزینەوەکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەمە بەڵگەیەکی دەگمەنە لەسەر تووندوتیژی و هاوکات هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی لەنێو نیاندەرتاڵەکانی کوردستاندا.
بە گوتەی دکتۆر ئێما پۆمێرۆی، پشکنینەکان دەریدەخەن "شانەدەر A" لە ژیانیدا دوو جار رووبەڕووی زەبر و تووندوتیژی بووەتەوە؛ جارێکیان لانیکەم ساڵێک پێش مردنی زەبرێکی تووند بەر رووخساری کەوتووە و ددانێکی پێشەوەی بووە بە دوو کەرتەوە، بەڵام بەهۆی چاودێریکردنی لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە لە مردن رزگاری بووە. جاری دووەمیش رمێکی دارین لە پێشەوە چووەتە نێو ئێسکی دەفەی شانی چەپی و هیچ نیشانەیەکی ساڕێژبوون بە برینەکەوە دیار نییە، کە دەیسەلمێنێت هەر بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. پۆمێرۆی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر رمەکە لە جۆری "رمی چەقاندن" بووبێت نەک هاوێژراو، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە مەودای یەک بۆ دوو مەترەوە و بە ئەنقەست لێیدراوە، نەک بەهۆی رووداوێکی کاتی راوکردنەوە.
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شانەدەر باسی شێوازی ناشتنی مردووەکان دەکات و دەڵێت، تاوەکو ئێستا پێنج نیاندەرتاڵ (لەنێویاندا شانەدەر Z و شانەدەر A) لە رووبەرێکی زۆر بچووکدا لە پشت بەردێکی گەورەی دوو مەترییەوە دۆزراونەتەوە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە نیاندەرتاڵەکان لە ماوەی چەند ساڵ یان چەند دەیەیەکدا، بە ئەنقەست و لەسەر بنەمای یادەوەریی هاوبەش، مردووەکانیان هێناوەتەوە هەمان شوێن و ناشتوویانن. سەبارەت بە گریمانەی بەنێوبانگی "ناشتن بە گوڵ" لە شانەدەر، پۆمێرۆی روونیدەکاتەوە کە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە ئەو دەنکە هەڵاڵانە لە رێگەی هەنگەکانەوە گواسترابنەوە نێو خاکەکە، بەڵام تیمەکەیان ئێستا سەرقاڵی پشکنینی وردی خاکی دەوروبەری هەردوو ئێسکەپەیکەرە نوێیەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسیارە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئێسکەپەیکەرەکان کە ئێستا لە ناوەندێکی تایبەت و پێشکەوتووی کامبریج لە بەریتانیا لەژێر پلەی گەرمی و شێی جێگیردا پارێزراون، دکتۆر ئێما پۆمێرۆی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەشکەوتی شانەدەر لە سەرانسەری جیهاندا پێگەیەکی زانستیی بێوێنەی هەیە و، دوای تەواوبوونی کارەکانی پتەوکردنی ئێسکەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هەڵگرتنیان، پاشماوەکانی شانەدەر Z و شانەدەر A بە دڵنیاییەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو بۆ خەڵک نمایش بکرێن.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لەو شوێنەی کە ئێستا کوردستانە، نیاندەرتاڵەکان دەژیان، گرنگییان بە یەکدی دەدا و مردووەکانیان دەناشت. دۆزینەوەیەکی نوێی سەرنجڕاکێش لە ئەشکەوتی شانەدەر ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە یەکێک لەوان بەهۆی برینی رمێکەوە گیانی لەدەستدابێت. توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی کامبریجەوە بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر تووندوتیژییەکانی پێش مێژوو، پەرەسەندنی مرۆڤ و ژیانی ئاڵۆزی نیاندەرتاڵەکان. ئێستا دکتۆر ئێما پۆمێرۆی، مرۆڤناس لە زانکۆی کامبریج کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە، لەگەڵمدایە. دکتۆر پۆمێرۆی، دووبارە بەخێربێیتەوە بۆ رووداو.
د. ئێما پۆمێرۆی: سوپاس.
رووداو: زۆر بەخێربێیت. لە ساڵی 2024 گفتوگۆیەکمان لەبارەی نیاندەرتاڵ Z، یان وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ناومان لێنابوو خاتوو Z، کرد. ئێستاش دۆزینەوەیەکی دیکەتان هەیە؛ ئەوەی پێشوو ژنێکی نیاندەرتاڵی تەمەن 70 هەزار ساڵ بوو کە لە کوردستان لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە، ئێستاش تیمەکەتان دۆزینەوەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردووەتەوە. ئەم جارە بە دیاریکراوی چیتان دۆزیوەتەوە و بۆچی هێندە گرنگە؟
د. ئێما پۆمێرۆی: ئەم جارە ئێسکەپەیکەرێکی ناتەواوی کەسێکی پێگەیشتوومان دۆزیوەتەوە. ئەمەش بەڕاستی زۆر گرنگە، چونکە بەڵگەی دوو رووداوی تووندوتیژی یان زەبرمان لەسەری دەستکەوتووە. یەکەمیان ئەوەیە کە پێدەچێت ئەم کەسە زەبرێکی زۆر تووند بەر رووخساری کەوتبێت و یەکێک لە ددانەکانی بووبێت بە دوو کەرتەوە، بەڵام دەبینین کە لەوە رزگاری بووە و رەنگە لە کاتی چاکبوونەوەیدا پێویستی بە هەندێک چاودێری بووبێت. بەڵام هەمان کەس برینێکی رمی لە شانی چەپیدا هەبووە و ئەوەش لە دەوروبەری کاتی مردنیدا روویداوە؛ واتە لەو تووندوتیژییەیان رزگاری نەبووە.
رووداو: وەک ئاماژەت پێکرد، توێژینەوەکەتان ئەوە دەردەخات کە رەنگە ئەم نیاندەرتاڵە بەهۆی رمێکی دارینەوە برینێکی کوشندەی بەرکەوتبێت. بەڵام چەندە دڵنیان لەوەی کە ئەمە برینی چەک بووە؟ ئایا دەکرێت ئەمە یەکێک بێت لە کۆنترین نموونە زانراوەکانی تووندوتیژیی کوشندە بە بەکارهێنانی چەکی دارین لەو سەردەمەدا؟
د. ئێما پۆمێرۆی: تاڕادەیەکی باش دڵنیاین کە چەکێکی دارین بووە. بێگومان، چەکەکان خۆیان، شتە دارینەکان، وەک خۆیان نامێننەوە و ناپارێزرێن. بەڵام شێوەی ئەو کونەی کە لە ئێسکی دەفەی شاندا دروستبووە، یەکدەگرێتەوە و زۆر بەباشی لەگەڵ ئەو تاقیکردنەوانەدا دەگونجێت کە تێیدا خەڵک رمی دارینیان بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی زیان بە لاشەی ئاژەڵان، بە مەبەستی ئەوەی بزانن چ جۆرە برینێک جێدەهێڵن. خەڵک هەمان تاقیکردنەوەیان بەو رمانەش کردووە کە نووکەکەیان بەردە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەمەدا ناگونجێت؛ لەو حاڵەتەدا ئەم کونە زۆر خڕانە دروست نابن. بۆیە پێموایە دەتوانین تاڕادەیەکی باش دڵنیابین کە هۆکارەکەی ئەوە بووە. هەروەها هەندێک لەو پارچە ئێسکە زۆر بچووکانەمان دەستکەوتووە کە لەو کونەوە دەرپەڕیون و لەژێر خودی ئێسکی دەفەی شانەکەدا چەقیون. بۆیە بەڕاستی وا دەردەکەوێت کە شتێک لە پێشەوە چووبێتە نێو شانی. لەبەر ئەوەش کە برینەکە بە هیچ شێوەیەک دەستی بە ساڕێژبوون نەکردووە، دەتوانین بزانین کە ئەمە لە دەوروبەری کاتی مردنیدا روویداوە.
رووداو: دکتۆر ئێما، ئایا دەتوانن بە دیاریکراوی یەکلایی بکەنەوە کە برینەکە لەلایەن نیاندەرتاڵێکی دیکەوە بووە یان بۆ نموونە تەنیا رووداوێکی کاتی راوکردن بووە؟ چ بەڵگەیەکتان هەیە بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو جۆرە رووداوە؟
د. ئێما پۆمێرۆی: دەکرێت یەکێک لەو دووانە بێت. ئێستاش ناوە ناوە رووداوی لەو شێوەیە دەبینین کە خەڵک چوونەتە راو و جووڵەیەکیان لەنێو دەوەنەکاندا بینیوە و تەقەیان کردووە، دواتر دەرکەوتووە یەکێک لە هاوڕێکانیان یان ئەندامێکی تیمی راوەکە بووە. ئەمە ئەگەرێکە. ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە بە ئەنقەست بریندار کرابێت. بۆ ئێمە زۆر سەختە ئەو دوو شتە لە یەکدی جیا بکەینەوە. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە برینەکە بەهۆی رمێکی هاوێژراوەوە دروستبووبێت. ئەگەر وابێت، دەکرێت لەگەڵ رووداوی بێ مەبەستدا بگونجێت، چونکە کەسێک لە مەودایەکی تاڕادەیەک دوورەوە رمەکەی هاوێشتووە. بەڵام نیاندەرتاڵەکان جۆرێکی دیکەی رمیشیان بەکارهێناوە کە پێی دەڵێین رمی چەقاندن؛ ئەوەش ئەو جۆرەیە کە بە دوو دەست دەیگریت و لە کاتێکدا هێشتا بە دەستتەوەیە دەیچەقێنیت. ئەگەر ئەو جۆرە رمە بەکارهێنرابێت، پێموایە دەبێت بە ئەنقەست بووبێت، چونکە بۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە رمە، دەبێت یەک یان دوو مەتر لە کەسەکەوە دوور بیت. ئێمە دەزانین ئەم برینە لە پێشەوەی جەستەوە چووەتە ژوورەوە بەرەو دواوە. پێموایە ئەگەر رمی چەقاندن بەکاربهێنیت، ئەوا رووبەڕووی کەسەکە وەستاویت و لێیەوە نزیکیت؛ بۆیە دەبێت کارەکە بە ئەنقەست بووبێت.
رووداو: پێموایە بەڵگەی برینی دیکەی پێشووتریشتان دۆزیوەتەوە. ئەم برینانە چیمان لەبارەی ژیانی ئەو کەسەوە پێدەڵێن؟ چونکە ئێوە لە رێگەی برینەکان و ئەو شتانەی تاوەکو ئێستا دۆزیوتانەتەوە، جۆرێک لە چیرۆکی ژیانی ئەوتان وێنا کردووە. ئایا هیچ بەڵگەیەک هەیە کە نیاندەرتاڵەکانی دیکە پێش مردنی گرنگییان پێدابێت و لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە چاودێری کرابێت؟
د. ئێما پۆمێرۆی: بەڵێ، پێمانوایە وابووبێت. برینە گەورەکەی دیکەی ئەم کەسە ئەوە بوو کە لە قۆناخێکدا زەبرێکی زۆر تووند بەر رووخساری کەوتبوو، هێندە تووند کە بەڕاستی یەکێک لە ددانەکانی پێشەوەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە شکاندبوو. نیوەی ئەو ددانە کەوتبوو و نیوەکەی دیکەی لەنێو دەمیدا مابووەوە. دەشتوانین بزانین کە بۆ ماوەی چەند مانگێک، ئەگەر چەند ساڵێکیش نەبێت، مابووەوە، چونکە کلسی ددان، کە جۆرە چینێکی رەقبووە و ئەو شتەیە لەسەر ددانەکان دروست دەبێت و پزیشکی ددان لایدەبات، بە تەواوی لە دەوروبەر و بەسەر بەشە شکاوەکەدا دروست ببوو. ئەمەش پێمان دەڵێت کە ئەو کەسە لە ژیاندا مابوو، چونکە ئەو کلسە تەنیا لە کاتێکدا دروست دەبێت کە کەسەکە زیندوو بێت. جا ئەگەر برینێکی هێندە سەختت هەبێت کە ددانێکی بەو شێوەیە شکاندبێت، بێگومان کێشەت لە قسەکردندا دەبێت، خواردنەوە و خواردنیش زۆر بەئازار دەبێت. بۆیە وا دەردەکەوێت کەسێک کە ئەو برینەی هەبووبێت، بە دڵنیاییەوە لە سەرەتادا پێویستی بە چاودێریکردن بووە. ناتوانین بە تەواوی دڵنیابین؛ رەنگە چاودێری نەکرابێت و لە پەراوێزی گرووپەکەدا بە زەحمەت خۆی ژیاندبێت، لەبەر ئەوەی رەنگە گرووپەکە پەراوێزیان خستبێت و نەیانویستبێت تێکەڵی بن. بەڵام پێمانوایە بە ئەگەری زۆرەوە چاودێری کراوە، لە راستیشدا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە کاتی مردنیدا رەنگە بەشێک بێت لەو بەڵگانەی کە وا دەکەن ئەو بۆچوونە بخەینەڕوو.
رووداو: ئایا هیچ بەڵگەیەکتان هەیە ئاماژە بە کاتی مردنەکەی بکات، واتە ماوەی نێوان کاتی برینداربوونەکەی و کاتی مردنەکەی، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم کەسە، ئەم نیاندەرتاڵە، لەنێوان برینداربوونەکەی و مردنەکەیدا چەند ساڵ یان بۆ ماوەی چەند ژیاوە؟
د. ئێما پۆمێرۆی: لە راستیدا ئەمە پرسیارێکی تاڕادەیەک قورسە. کلسی ددان، ئەو ماددەیەی کە لەسەر ددانەکە دروست بووە، هەندێک جار زۆر زۆر بە هێواشی دروست دەبێت و هەندێک جاریش زۆر زۆر بە خێرایی. سەختیشە بزانین لەم حاڵەتەدا بە چ خێراییەک دروست بووە. بەڵام من قسەم لەگەڵ ئەو پسپۆڕانە کردووە کە کار لەسەر کلسی ددان دەکەن و ئەوان پێیانوایە کەسەکە دەبێت لانیکەم ساڵێک ژیابێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە کلسە بەسەریدا دروست ببێت. بۆیە پێمانوایە لانیکەم ساڵێک بووە، بەڵام قورسە بە وردی دیاری بکرێت.
رووداو: ئێستا پێموایە تیمەکەتان پێنج نیاندەرتاڵی دەستنیشان کردووە کە لە رووبەرێکی زۆر بچووکی ئەشکەوتی شانەدەردا نێژراون. ئایا ئەمە ئەو راستییە دەردەخات کە نیاندەرتاڵەکان بە مەبەست مردووەکانیان ناشتووە و دەکرێت شانەدەر شوێنێکی گرنگیی تایبەت بووبێت بۆ ئەوان؟
د. ئێما پۆمێرۆی: بەڵێ، بۆ وەڵامی هەردوو پرسیارەکە پێمانوایە بەو شێوەیەیە. بەڕاستی زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئەوان گەڕاونەتەوە و کەسەکانیان لە هەمان شوێندا داناوە. شوێنەکە زۆر بچووکە. لە چۆنیەتیی مانەوە و پارێزرانی ئێسکەکانەوە دەتوانین بزانین کە ئەوان چەندین جار گەڕاونەتەوە؛ واتە بەوشێوەیە نییە هەموو تەرمەکان بە یەک جار لەوێ دانرابن. هەموویان لە پشت بەردێکی گەورەوە جێگیر کراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو خاڵە دیاریکراوە هەڵبژێردراوە. وا دەردەکەوێت کە بە ئەنقەست تەرمەکانیان هێناوەتەوە بۆ ئەو شوێنە. ئەشکەوتێکی گەورەت لەبەردەستدایە، کەواتە بۆچی لە شوێنێکی دیکە نەنێژراون؟ هەموویان لەم رووبەرە بچووکەدان. ئەمەش نەک هەر ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو خاڵە بۆ ئەوان گرنگ بووە، بەڵکو بە بڕوای من خودی ئەشکەوتی شانەدەریش گرنگ بووە، هەر لەبەر ئەوەشە خەڵکەکە تەرمەکانیان هێناوەتەوە و لەوێ ناشتوویانن.
رووداو: ئایا هیچ زانیارییەکی چەسپاوتان هەیە لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەم رووبەرە بچووکە دیاریکراوە لەنێو ئەشکەوتی شانەدەردا بۆ ئەوان زۆر گرنگ بووە و هەموویان لە دەوری ئەوێ کۆکراونەتەوە؟
د. ئێما پۆمێرۆی: بەڕاستی نازانین. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە لەسەر بنەمای شوێنەوارناسی ناتوانین بیزانین. پێمانوایە رەنگە ئەو بەردە گەورەیە گرنگییەکی هەبووبێت؛ رەنگە یارمەتیدەر بووبێت بۆ نیشانەکردنی شوێنی تەرمەکان. مەبەستم ئەوەیە بەردەکە زۆر گەورەیە، بەرزییەکەی نزیکەی دوو مەترە و کەوتووەتە نێوان خودی تەرمەکان و دەروازەی ئەشکەوتەکە. بۆیە زۆر رێی تێدەچێت وەکو نیشانەیەک کاری کردبێت بۆ ئەوەی بە تەواوی بزانرێت پێشتر تەرمەکان لە کوێ دانراون. بەڵام زۆر سەختە بۆ ئێمە بزانین بۆچی پێیانوابووە ئەوێ شوێنێکی گرنگە.
رووداو: کاتێک لە ساڵی 2024 بۆ یەکەم جار قسەمان کرد، پێت گوتم کە شانەدەر Z دەتوانێت زۆر شتی دیکە لەبارەی ژیانی نیاندەرتاڵەکانەوە ئاشکرا بکات. لەو کاتەوە چیتان لەبارەی ئەوەوە زانیوە؟ ئایا شیکارییەکان تێگەیشتنی ئێوەی بۆ ئەو کەسانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاون گۆڕیوە؟
د. ئێما پۆمێرۆی: یەکێک لەو شتە سەرەکییانەی کە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە ئەوەیە کە چۆن لەو شوێنەدا نێژراوە و چۆن ئێسکەپەیکەرەکەی گەیشتووەتە ئەوێ. ئەویش یەکێکە لەو کەسانەی نێو ئەم کۆمەڵەیەی کە باسی دەکەین. لەگەڵ ئێسکەپەیکەرە نوێیەکەدا، واتە شانەدەر A، تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەو ئێسکەپەیکەر و تەرمانە لەو تاکە خاڵەدا کۆبوونەتەوە تاڕادەیەک ئاڵۆزە، بەڵام لە رێگەی بەکارهێنانی رێگەکانی پزیشکیی دادوەری و شوێنەوارناسییەوە خەریکە تێدەگەین کە وەک گوتم، تەرمەکان لە کاتی جیاوازدا دانراون. ئەوان لە ماوەی یادەوەریی زیندوودا دانراون، واتە بە جیاوازیی رەنگە چەند ساڵێک یان چەند دەیەیەک لەنێوان یەکدیدا. ئەمەش بەڕاستی زۆر گرنگە، چونکە لە هیچ شوێنەوارێکی دیکە بەڵگەیەکی باشمان نییە کە نیاندەرتاڵەکان کاری لەو شێوەیەیان کردبێت، بەتایبەتی لە رووی ماوەی نێوان ناشتنی کەسەکانەوە. بۆیە ئەمە یەکێک بووە لەو شتە سەرەکییانەی لە شانەدەر Zـەوە فێری بووین. ئەمەش دیسان بەڵگەی زیاترە لەسەر ئەوەی کە ئەم خاڵە دیاریکراوە بەتایبەتی گرنگ بووە. هێشتا کاری زۆر زیاتر ماوە بکرێت بۆ شیکردنەوەی ئێسکەپەیکەری شانەدەر Z و کەسە نوێیەکە، واتە شانەدەر A؛ بۆیە بەڵێ، زانیاریی زۆر زیاتر بەڕێوەیە.
رووداو: کەسە نوێیەکە ناو دەنێن چی؟
د. ئێما پۆمێرۆی: ناوی دەنێین شانەدەر A.
رووداو: شانەدەر A، زۆر باشە. بۆ ماوەی چەندین دەیە، شانەدەر بەستراوەتەوە بە بیرۆکەی مشتومڕهەڵگری ناشتنی نیاندەرتاڵەکان بە گوڵەوە. ئایا نوێترین دۆزینەوەتان ئەو بەڵگەیە بەهێزتر دەکات کە ئەوان بە کردەیی رێوڕەسمی ناشتنیان لەوێ ئەنجام داوە؟ تاوەکو ئێستا چی لەم بارەیەوە بە نەسەلمێندراوی ماوەتەوە؟
د. ئێما پۆمێرۆی: پێموایە دەتوانین بڵێین کە ئەوان دەگەڕانەوە بۆ ئەو تاکە خاڵە. سەبارەت بە ناشتن بە گوڵەوە، ئێستا ناتوانین ئەو بیرۆکەیە پشتڕاست بکەینەوە. هەندێک کار کە یەکێک لە هاوکارەکانم، کریس هەنت، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەنجامی دا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەنکە هەڵاڵانەی لێکدانەوەی ناشتن بە گوڵیان لەسەر بنیات نرابوو، لە راستیدا لە کون و ژێرزەمینەکانەوە هاتوون، واتە لەو هەنگانەوەی کە لەنێو خاکەکەدا کون هەڵدەکەنن. بەڵام ئێمە هێشتا کاری زیاتر لەسەر ئەوە دەکەین. هەندێک لە نموونە کۆنەکانمان هەیە بۆ ئەوەی دووبارە سەیری دەنکە هەڵاڵەکان بکەینەوە. هەروەها زۆر بە وریاییەوە نموونەی خاکمان وەرگرتووە بۆ گەڕان بەدوای دەنکە هەڵاڵەدا، چ لە دەوروبەری ئێسکەپەیکەری شانەدەر Z و چ لە دەوروبەری ئێسکەپەیکەری شانەدەر A. ئەو کارە هێشتا پێویستی بە تەواوکردنە. بەڵام پێموایە تێگەیشتن لە دەنکە هەڵاڵەکان و پاشماوەکانی دیکەی رووەک کە لە دەوروبەری هەردوو ئێسکەپەیکەرەکەی دیکەدان، بەڕاستی یارمەتیمان دەدەن تێبگەین لەوەی کە راستیی بابەتی ناشتنە بەنێوبانگەکەی گوڵیش چییە.
رووداو: رەنگە چەند نیاندەرتاڵی دیکە هێشتا لە ئەشکەوتی شانەدەردا نێژرابن؟ ئایا کاری هەڵکۆڵین هێشتا بەردەوامە و لە ساڵانی داهاتوودا پێشبینیی چ دۆزینەوەیەکی نوێ دەکەن؟
د. ئێما پۆمێرۆی: زۆر سەختە بزانین ئایا نیاندەرتاڵی دیکەی لێیە یان نا. دەکرێت بڵێم ئەگەری هەیە، چونکە ئەشکەوتی شانەدەر زۆر گەورەیە و ئێمە تەنیا بەشێکیمان هەڵکۆڵیوە. ئەمەش تەنیا ئەوە نیشان دەدات کە ئەشکەوتی شانەدەر شوێنەوارێکی چەندە گرنگ و بەنرخە و چەندە پێویستە بیپارێزین. ئێستا لە هەڵکۆڵینەکانماندا کار لەسەر هەندێک پرسیاری کەمێک جیاواز دەکەین. لە قۆناخێکی دیاریکراودا، نیاندەرتاڵەکان لە بەکارهێنانی ئەشکەوتەکە دەوەستن و مرۆڤی نوێی هاوشێوەی ئێمە دەست بە بەکارهێنانی ئەشکەوتەکە دەکەن. هێندەی پێناچێت دوای ئەوە، نیاندەرتاڵەکان لە هەموو شوێنێک لەنێودەچن. بۆیە هەوڵدەدەین تێبگەین چی روویدا کاتێک نیاندەرتاڵەکان وازیان لە بەکارهێنانی ئەشکەوتەکە هێنا و مرۆڤە نوێیەکانی هاوشێوەی ئێمە دەستیان بە بەکارهێنانی کرد. ئایا نیاندەرتاڵەکان پێشتر بە تەواوی دیار نەمابوون؟ یان رەنگە لە هەمان کاتدا لەگەڵ مرۆڤە نوێیەکاندا ئەشکەوتەکەیان بەکارهێنابێت، بەڵام بەڕاستی نازانین. بۆیە ئەوە شتێکە کە هەوڵ دەدەین لە رێگەی هەڵکۆڵینەکانی ئێستامانەوە وەڵامی بدەینەوە، پرسیاری زۆر دیکەش بۆ داهاتوو هەن.
رووداو: بەڵێ. چی وا دەکات ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان لە رووی زانستییەوە هێندە گرنگ بێت بەراورد بە شوێنەوارەکانی دیکەی نیاندەرتاڵ لە سەرانسەری جیهاندا؟ ئایا کوردستان ئەو پێزانین و ناساندنە نێودەوڵەتییە بەدەستدەهێنێت کە ئەم دۆزینەوەیە شایەنیەتی؟
د. ئێما پۆمێرۆی: کوردستان شوێنێکی یەکجار گرنگە لە رووی تێگەیشتنمان بۆ نیاندەرتاڵەکان، چ لە رووی جەستەییەوە، واتە شێوەیان چۆن بووە، چ لە رووی ئەوەی کە چییان کردووە. ئەشکەوتی شانەدەریش لەو کاتەوەی کە بۆ یەکەم جار لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا هەڵکۆڵینی تێدا کراوە بەڕاستی زۆر گرنگ بووە، چونکە بەڵگەی پێداوین لەسەر ئەوەی نیاندەرتاڵەکان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ مردووەکانیان کردووە و چۆن چاودێریی بریندارەکانیان کردووە. کەسێکی بەنێوبانگ هەیە کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا دۆزراوەتەوە بە ناوی شانەدەر یەک، کە ئەویش چاودێرییەکی زۆری بۆ کرابوو. شوێنەوارەکە بەڕاستی زۆر ناوازەیە لە رووی ئەو شتانەی لە بواری شوێنەوارناسیدا تێیدا دەیدۆزینەوە بەراورد بە هەر شوێنەوارێکی دیکەی نیاندەرتاڵەکان. هەروەها زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو زانیارییانەی لەبارەی نیاندەرتاڵەکانەوە دەیزانین لە ئەورووپای رۆژئاواوە سەرچاوەی گرتووە، واتە لە فەرەنسا و ئیسپانیاوە؛ بەڵام ئەو نیاندەرتاڵانەی کە لەم ناوچەیەی جیهاندا ژیاون زۆر رێی تێدەچێت جیاواز بووبن لەوانەی کە لە ئەورووپای رۆژئاوا بوون. بۆیە زۆر گرنگە تێبگەین کە نیاندەرتاڵەکان چەندە جیاواز بوون. ئەشکەوتی شانەدەر لە رادەبەدەر گرنگە؛ پێموایە هەموومان وەکو شوێنەوارناسان، کاتێک بۆ یەکەم جار دەست بە خوێندنی شوێنەوارناسی دەکەین، یەکێک لەو کارانەی کە دەبێت ئەنجامی بدەین نووسینە لەبارەی ئەشکەوتی شانەدەرەوە، چونکە ئەو بەڵگانەی لەوێوە لەبارەی نیاندەرتاڵەکانەوە دەستدەکەون لە جیهاندا بێوێنەن. هێندە گرنگە کە هەموو خوێندکارێک وانە لەسەر شانەدەر دەخوێنێت و فێر دەکرێت کە لەوێوە چی لەبارەی نیاندەرتاڵەکانەوە فێر دەبین. بۆیە بەڵێ، لە رادەبەدەر گرنگە. پێشموایە ئەو بایەخپێدانەی میدیاکان، کە هەر کاتێک ئەم دۆزینەوە نوێیانە بڵاودەکەینەوە چەندە میدیاکان لە سەرانسەری جیهاندا گرنگیی پێدەدەن، بەڕاستی رەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئەم شوێنەوارە چەندە گرنگە.
رووداو: بەڵێ. لە هەڤپەیڤینەکەی پێشووماندا، گوتت کە پاشماوەکانی شانەدەر Z دواجار دوای کارەکانی پاراستن و چاکسازی دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان. ئایا تاوەکو ئێستا گەڕێندراونەتەوە؟ پلانی ئێستا چییە بۆ پاراستن و ئەگەری نمایشکردنی ئەم دۆزینەوانە لە هەرێمی کوردستان؟
د. ئێما پۆمێرۆی: بەڵێ، پاشماوەکان، ئێسکەپەیکەر و ئێسکەکانی شانەدەر Z، هەروەها شانەدەر A و ئێسکەکانی دیکەش کە دۆزیومانەتەوە، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، چونکە ئەوێ ئەو شوێنەیە کە دەبێت لێی بن. ئێمە هێشتا هەندێک شیکاری دەکەین و کاری زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی ئێسکەکان جێگیر و پتەو بکەین، چونکە زۆر نەرمن و زۆر بە ئاسانی زیانیان پێدەگات، بەڕاستی دەبێت کاری پسپۆڕانەیان لەسەر بکرێت. هەروەها پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی کە لە کوردستان شوێنێکی سەلامەت و گونجاو لە رووی ژینگە، پلەی گەرمی و شێوە هەیە بۆ ئەوەی پاشماوەکان لەوێ بە تەواوی پارێزراو بن. بەڵام بە دڵنیاییەوە، زۆر گرنگە کە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و، هیوادارم نمایش بکرێن بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بتوانن سەردانیان بکەن و بیانبینن. ئەوانە خاوەن گرنگییەکی نێودەوڵەتین و بینینیان سەرسوڕهێنەرە. هێشتا سەرقاڵی رێکخستنی چۆنیەتیی گەڕانەوەیانین بۆ کوردستان و چۆنیەتیی هەڵگرتن و نمایشکردنیان بە شێوەیەک کە بۆ چەندین نەوە بمێننەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان.
رووداو: ئێستا بە دیاریکراوی لە کوێ هەڵگیراون لە کاتێکدا توێژینەوە و دۆزینەوەکان لەبارەیانەوە بەردەوامن؟
د. ئێما پۆمێرۆی: ئێستا لە شوێنێکی هەڵگرتنی تایبەت لە کامبریج هەڵگیراون. ئەو شوێنە تەرخانکراوە بۆ هەڵگرتنی ئێسکەپەیکەری مرۆڤ و خاوەنی پێشکەوتووترین سیستمی پاراستنە؛ چاودێریی پلەی گەرمی دەکات و لە ئاستێکی جێگیردا دەیهێڵێتەوە، هەروەها رێژەی شێ بە جێگیری و لە ئاستێکی گونجاودا رادەگرێت بۆ ئەوەی ئێسکەکان بمێننەوە. بۆیە هیوادارین جێگەیەکی لەو شێوەیە لە کوردستانیش دروستبکرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئێسکەپەیکەرەکان بۆ داهاتوو بپارێزرێن.
رووداو: دوای دۆزینەوەی شانەدەر Z و ئێستاش شانەدەر A، کارە لەپێشینەکانی داهاتووتان بۆ دۆزینەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر چین و دواتر کار لەسەر چی دەکەن؟
د. ئێما پۆمێرۆی: پێموایە، وەک ئاماژەم پێکرد، یەکێک لە پرسیارە گەورەکانمان لەم کاتەدا ئەوەیە کە چۆن ئەو گۆڕانکارییە روویدا لە بەکارهێنانی ئەشکەوتەکە لەلایەن نیاندەرتاڵەکانەوە بۆ بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤی نوێوە، کە نزیکەی 40 بۆ 45 هەزار ساڵ لەمەوبەر روویداوە؛ ئەمە یەکێکە لە پرسیارە گەورەکانمان. لە بەشەکانی دیکەی جیهاندا دەبینین کە هەندێک جار لەو سەردەمەدا جۆرێک لە نۆرە لەنێوان نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی نوێدا لە بەکارهێنانی ئەشکەوتەکاندا هەبووە؛ واتە نیاندەرتاڵەکان، پاشان مرۆڤی نوێ، دیسان نیاندەرتاڵەکان و پاشان مرۆڤی نوێ، بەڵام بەڕاستی نازانین ئەو قۆناخی راگوزەرە لەم بەشە دیاریکراوەی جیهاندا چۆن بووە و چۆن روویداوە. بۆیە ئەوە یەکێکە لەو پرسیارە گەورانەی کە کاری لەسەر دەکەین. جگە لەوەش، شیکارییەکی زۆری تاقیگەیی لەئارادایە. ئاماژەم بەوانە کرد کە لەسەر شانەدەر Z و شانەدەر A دەکرێن، بەڵام شتی دیکەش هەن وەکو پشکنینی دەنکە هەڵاڵەکان بۆ تێگەیشتن لەوەی ژینگەکە چۆن بووە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو ئامرازانەی کە دروستیان کردوون و بەکاریانهێناون بۆ تێگەیشتن لە تەکنەلۆژیاکەیان و ئەو شتانەی کە ئەو ئامرازانەیان بۆ بڕینیان بەکارهێناوە. ئێمە لە ئێسکی ئاژەڵەکان دەکۆڵینەوە بۆ ئەوەی تێبگەین چییان خواردووە، چ جۆرە ئاژەڵێکیان راوکردووە و دیسان ژینگەکە چۆن بووە. بۆیە بڕێکی یەکجار زۆر شیکاری هەیە، چ لە خودی شوێنەوارەکە لە شانەدەر و چ لە تاقیگەکاندا، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین زانیاری و تێگەیشتن لەبارەی ژیانی ئەو مرۆڤە نیاندەرتاڵانەی لەوێ ژیاون.
رووداو: دکتۆر ئێما پۆمێرۆی، توێژەری سەرەکی لە پڕۆژەی ئەشکەوتی شانەدەر، زۆر سوپاس کە بۆ جاری دووەم لەگەڵمدا بوویت و وردەکارییەکانت لەبارەی ئەشکەوتی شانەدەرەوە روونکردەوە. زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت.
د. ئێما پۆمێرۆی: خۆشحاڵ بووم.


