رووداو دیجیتاڵ
نامۆ فازڵ، ئەو پاڵەوانە کوردەی لەم دواییانەدا لە گۆڕەپانە جیهانییەکانی یاریی MMAدا بە ئاڵای کوردستانەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، کە پێشکێشکار سامان وڵاتژێری لەگەڵی کرد، پەردە لەسەر نهێنییەکانی ژیانی و ئامانجەکانی داهاتووی لادەدات.
نامۆ لەم هەڤپەیڤینەدا باس لە سووربوونی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و رەتکردنەوەی یاریکردن بە ئاڵای عێراقەوە دەکات. هاوکات پەیامێک ئاراستەی پاڵەوانی جیهان "ئیسلام ماخاچێڤ" دەکات و رایدەگەیێنێت، "یەکەم کورد دەبم بە ئاڵای کوردستانەوە بچمە UFC."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بینەری رووداو سڵاوتان لێبێت، لەگەڵ پاڵەوانێک گفتوگۆ دەکەم کە چەند رۆژی رابردوو بە ئاڵای کوردستانەوە بووەتە دەنگ و رەنگی هەموو کوردێک لەسەر ئاستی جیهان. لە یاری MMAدا، نامۆ فازڵ ئەو پاڵەوانە کوردستانییەیە کە دەنگی کوردی گەیاندە هەموو جیهان. نامۆ بەخێر بێیت بۆ رووداو.
نامۆ فازڵ: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، زۆر مەمنوونم بۆ پشتگیریکردنتان.
رووداو: زۆر گەڕام بۆ ئەوەی بزانم نامۆ فازڵ کێیە، زانیاری زۆر نین؛ تەنیا ئەوەندە دەزانین لە فینلاند لەدایکبوویت و لە فلۆریدا لە ئەمریکا دەژیت. پێم بڵێ، نامۆ فازڵ کێیە و چۆن گەیشتە ئەم ئاستە؟
نامۆ فازڵ: نامۆ فازڵ مرۆڤێکی زۆر ئاسایی و سادەیە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هیچ کوردێکی دیکە نییە، بەڵام ئامانجێکم هەبوو لە ژیانمدا، ئەویش ئەوە بوو کورد بە جیهان بناسێنم. لەبەر ئەوەی لە منداڵییەوە لە فینلاند بووم، رەنگ و رووم وەک فینلاندییەکان نەبوو، ژیان کەمێک قورس بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا باشم.
رووداو: بنەچەت خەڵکی کوێیە؟ هەندێک دەڵێن گەرمیانییە، هەندێک دەڵێن کەلارییە؟
نامۆ فازڵ: ئێمە ئەسڵمان خەڵکی سلێمانین، گەڕەکی سەرشەقام. بەڵام لای من جیاوازیی نییە، کوردایەتی لای من گرنگە، چ خەڵکی سلێمانی بێت یان هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە، هەموو لای من یەکە.
رووداو: شتێک جێی سەرنجە، ئەم کوردییە زۆر باشە چۆن فێربوویت لە کاتێکدا لە دەرەوە گەورە بوویت؟
نامۆ فازڵ: راستی بڵێم، لەناو گەڕەک فێربووم، لە گەڕەکی رزگاری زۆر ماومەتەوە. گەنج بووم جموجۆڵم زۆر بوو، ئیشکردن و مەشقکردنم زۆر بوو. هەرچەندە بەهۆی ئیش و ژیانەوە زۆر لە کوردستان نەماومەتەوە، بەڵام پێموابوو زۆر پێویستە زمانی دایک بە جوانی بزانم، چونکە لە کۆتاییدا من کوردم.
رووداو: چۆن بڕیارتدا ئەم یارییە هەڵبژێریت؟ چۆن دەستت پێکرد؟
نامۆ فازڵ: من بە کیک بۆکسێنگ دەستم پێکرد، خۆم و شەهبازی برام پێکەوە لە منداڵییەوە دەستمان پێکرد، تەمەنم 15 - 16 ساڵ بوو. من زیاتر لە ئەورووپا یاریم دەکرد و ئەو زیاتر لە ئاسیا. دواتر لە تەمەنی 25 ساڵیدا گۆڕیم بۆ MMA لە رێکخراوێک بەناوی CFL ئەو کاتە یاریزانمان زۆر نەبوو لە کوردستان، منیش گەنجێکی کەمێک شەڕانی بووم و وزەم زۆر بوو، بۆیە چوومە ناو ئەو یارییەوە.
رووداو: هەرگیز بیرت لێکردبووەوە بگەیتە ئەم ئاستە بەرزە جیهانییە؟
نامۆ فازڵ: بەڵێ، من لە رۆژی یەکەمەوە گوتم ئامانجم پشتێنی UFCیە. سەرەتا خەڵک زۆر باوەڕیان پێ نەدەکردم، دەیانگوت ئەم کوڕە خەیاڵپڵاوە، چونکە ئەم یارییە پارە و ماندووبوونی زۆری دەوێت، زۆر دەشکێندرێیت و ئازار دەچێژیت، بەڵام من سوور بووم لەسەری.
رووداو: ئەم سووربوونەت لەسەر کوردبوون و یاریکردن بە ئاڵای کوردستانەوە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
نامۆ فازڵ: چونکە من کوردم و دەمەوێت بۆ نەتەوەکەم شەڕ بکەم. کاتێک لە دەرەوە بووم، بەتایبەت لە فینلاند و ئەڵمانیا، هەستم دەکرد ماڵم نییە. جارێکیان لە ئەڵمانیا بووم، کوڕێکی لوبنانی لێی پرسیم، خەڵکی کوێیت؟ گوتم کوردستان. گوتی "Ah, you are just people" (ئێوە تەنیا خەڵکن). ئەم قسەیە وەک چەقۆ لە دڵم درا. هەر لەوێوە بڕیارمدا ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە.
رووداو: ئایا رێگریت لێکراوە ئاڵای کوردستان بەرز بکەیتەوە؟
نامۆ فازڵ: بەڵێ، سەد جار. تەنانەت جارێکیان لە ئەڵمانیا لە یاریی کیک بۆکسینگ گوتیان، ئەمە ئاڵای تیرۆریستە و نابێت بیهێنیتە ژوورەوە، ئاڵاکەیان لێ سەندم و فڕێیاندا. ئەو کاتە زۆر سووتام و مامەوە بەو ئازارەوە. یەکێک لە ئامانجە گەورەکانم ئەوە بوو نیشانی بدەم کە ئێمە میللەتێکین مێژوومان لە هەموویان کۆنترە.
رووداو: ئەگەر رۆژێک ناچار بکرێیت لە یارییەکی گەورەدا تەنیا بە ئاڵای عێراقەوە یاری بکەیت، ئامادەیت؟
نامۆ فازڵ: نەخێر، هەرگیز. لە "One Championship" داوایان لێکردم بە ئاڵای عێراقەوە یاری بکەم، گوتم نەخێر، بە ئاڵای فینلاند یاری دەکەم، بەڵام بە ئاڵای عێراق نایکەم. من عێراقی نیم، من کوردم. رێزی هەموو کەس دەگرم، بەڵام ئەو ئاڵایە پەیوەندیی بە منەوە نییە.
رووداو: پشتگیریی زۆری کوردستان لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەکان، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستانت بینی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پێشتر سەرۆکوەزیران پێشوازیی لێکردیت، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لێکردیت، ئەمە بۆ تۆ مانای چییە؟
نامۆ فازڵ: بست بست باڵای پێ دەکەم، بۆ من شەڕەکە خۆشە ببەمەوە، بەڵام هیچ شتێک وەکو ئەوە نەبوو کە پاڵپشتییان کردم، ئەمە بۆ من جێگەی شانازییە، ئەمە لای من لە هەموو شتێک گەورەترە. کاتێک جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیم بینی، یان پشتگیرییەکانی دیکەیان، زۆر شانازیم پێوە کرد. گرنگ نییە نامۆ کێیە، گرنگ ئەوەیە نەوەی نوێ بەیانی و دوو بەیانی ببینن کە ئێمە پشتگیری دەکرێین، یان لە چیچانییەکم بردەوە، لە کۆرییەکم بردەوە، لە ئەمریکییەکم بردەوە، بڵێین وڵاتەکەمان بردیەوە، بۆیە لە کۆتاییدا دەموچاو زۆر گرنگ نییە، گرنگە وڵاتەکەت دەربکەوێت.
رووداو: وێنەکەت لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەردووکتان بەهێز دەردەکەون، چی پێگوتیت؟
نامۆ فازڵ: زۆر دەستخۆشی لێکردم. یەکەمجار کە چوومە ژوورەوە گوتی، "کێشەمان هەیە؟" (بەگاڵتەوە)، گوتم "بەخوا قەت لەگەڵ تۆ کێشەم نییە و شەڕت لەگەڵ ناکەم" (پێدەکەنێت). بۆ من سەربەرزییەکی گەورە بوو، من دەتوانم بڵێم، بۆ گەلەکەم و تایبەت بۆ سەرۆکمان سەری خۆم دانێم، بەردەوام دەڵێم، چەندە باڵات بەرزبێت و شانت پان بێت و پارەت پێبێت و کوڕی فلان کەس بیت، باشترین شت ئەوەیە چاکە بکەین، خراپە زۆرە و چاکە کەمە، بۆیە با چاکە بکەین، یەکێک قسەیەکی دیکەی کرد با گوێی پێنەدەین.
رووداو: هەنگاوی دوای ئەوە چی دەبێت، لە زۆر کەست بردەوە، دوایینیان جەیک بابیان بوو، دوای ئەمە دەتەوێت بگەیتە چ ئاستێک؟
نامۆ فازڵ: سوپاس بۆ خوا، پێش ئەم شەڕە لە یەکێک لە گەورەترین شەڕەکاندا یارییم کردووە، وەن شامپیۆنشیپ لە ئاسیا، ئێستا لە MVP کاردەکەم کە گەورەترین رێکخراوی جیهانییە و رکابەری UFC دەکات. ئامانجم UFCیە و دوای ئەوە لەوێ یاریی دەکەم، یەکەم کوردم کە بە ئاڵای کوردستانەوە بچمە ئەوێ و هەر بەو شێوەیەش دەڕۆم، شتێکی دیکەش کەس ناتوانێت رێگریم لێبکات، چونکە کە چوویتە نێو گۆڕەپانەکەوە خۆم و خۆتین چی دەکەیت، کە زۆرم تێهەڵدایت چی دەکەیت.
رووداو : حەز دەکەیت لە UFC رکابەری کێ بکەیت؟
نامۆ فازڵ: وەڵڵا باوکم بێت بۆ من کێشە نییە و ئەیکەم لەگەڵی، هەر کەسێک بێت، ئامانجم بردنەوەی پشتێنەکەیە، هەر کێ بێت بەخەیاڵمدا نایەت.
رووداو: هەمیشە مرۆڤ لە ژیانیدا حەزی لێیە کەسێک هەبێت رکابەری بکات، خەڵک زۆر باسی نۆرماگۆمیدۆڤ دەکەن، خەڵک ئیسلام دەناسێت، حەمزە دەناسێت، ئەوانەی پێیدەڵین قوتابییەکانی نۆرماگۆمیدۆڤ؟
نامۆ فازڵ: یەکەمجار حەزم لێبوو لەگەڵ حەمزە یاریی بکەم، بەڵام دۆخی شڕە و دۆڕاوە، بەڵام ئیسلام حەزم لێیە یاریی لەگەڵ بکەم، لە کێشی خۆمە و پشتێنەکەی لایە و ئامادەم بیکەم، تەنانەت هەمان بەڕێوەبەرمان هەیە کە عەلی عەبدولعەزیزە، من لە خوا بەزیادبێت باشترین تیمم هەیە، کە هاوژینەکەم و هاوڕێکانی دیکەمن، جگە لەوەش پاڵپشتیی کورد بۆ من زۆر گرنگە.
رووداو: ئەگەر پێت بڵێم، بە زمانی ئینگلیزی چاڵنجی ئیسلام بکەیت؟
نامۆ فازڵ: "Islam Makhachev, I’m coming to you very soon. Keep that belt safe and tight for me, I promise you I will snatch it out of your hands."
رووداو: بێینە سەر ژیانی تایبەتت، ڤیدیۆیەکم بینی سەرقاڵی دروستکردنی ستەیکیت، لایف ستایلت چۆنە؟ چی دەخۆیت؟ چی دەخۆیتەوە بە تایبەت لە رۆژانی یارییدا؟
نامۆ فازڵ: هاوژینەکەم زۆر هاوکارمە لە خواردن دروستکردندا. ئامانجم یەک شتە و هاوژینەکەم ناگۆڕمەوە بەهیچ شتێک، ئامانجم ئەوەیە هەر شەڕ بکەم، بەردەوام گوتوومە و ئاواتم ئەوەیە گەلەکەم پێشبکەوێت، ناچارم تەنیا خواردنی تەندروست بخۆم، بەڵام کە هاتوومەتەوە مامۆستاکانم پێیانگوتم هەندێک بژیم، پێویست ناکات شێتم بکەن، خۆم شێتم، بەڵام بەگشتی ماسی، مریشک، برنجی بێ رۆن و ستەیک. نامەوێت شیرینی بخۆم، بەڵام هاوژینەکەم هاوکاریم دەکات لەوەیا و ئەو ئاگاداری خواردنەکانمە.
رووداو: باسی هاوژینەکەتت کرد، دەبینم ئەو لەگەڵتایە ڤیدیۆت دەگرێت، وێنەت دەگرێت، یارمەتیت دەدات، ئەو کێیە، خەڵکی کوێیە و چۆن ناسیووتە؟
نامۆ فازڵ: خەڵکی شەقڵاوەیە، ناوی 'زیبەندە'. بەهۆی هاوڕێیەکەوە یەکدیمان ناسی، بۆ ماوەی 6 مانگ بە تەلەفۆن قسەمان دەکرد، چونکە ماڵەوەیان هەندێک عەشایەرن گوتیان بە کەڵک نایەت، پرۆسەکەمان زوو ئەنجامدا، چونکە ئەوکاتە من لە تایلەند بووم و ئەو لە ئەمریکا. دواتر گەڕاینەوە بۆ شاری دایک لە هەولێر یەکدیمان بینی و لە نزیکەوە بەیەکەوە بووین، مارەمان بڕی و من گەڕامەوە تایلەند.
رووداو: رازیکردنی زەحمەت نەبوو؟ زەحمەتییەکە چی بوو؟
نامۆ فازڵ: رازیکردنی زۆر زەحمەت بوو، بەڵام باوکی زۆر تێگەیشتووبوو و لە یەکەم رۆژەوە پاڵپشتیی کردم، زەحمەتییەکە ئەوەبوو خێزانەکەی زەحمەتبوون، بەهۆی ئەوەی دەیانگوت ئەمە شەڕکەرە و تاتۆی هەیە، سەرەتا رازیکردنی ماڵباتی کەمێک زەحمەت بوو، چونکە دەیانگوت "ئەم کوڕە تاتۆی هەیە و شەڕکەرە و مەترسیدارە"، بەڵام دواتر تێگەیشتن کە من لە دەرەوەی یاری مرۆڤێکی زۆر ئارامم.
رووداو: هاوژینەکەت گوتی لە رۆژی یارییدا زۆر بێزارکەرە، هۆکارەکەی سترێسە، ماندوویەتییە، یان چی؟
نامۆ فازڵ: تووڕەیی دەمگرێت، چونکە لە مێشکمدا دەبمە دوو کەسایەتی. لە منداڵییەوە وابووم، ئەو کەسەی ئەشکەنجەدرابوو دەیگوت کێشە نییە، کەسێکی دڵپاکە، بەڵام کەسێکی دیکەم تێدایە پێی قبوڵ ناکرێت، دەڵێت قبوڵی مەکە، جنێو بە خۆی دەدات، بۆیە کە نزیکی شەڕەکە دەکەومەوە ئەو کەسە بەخەبەرە، پێمدەڵێت "ئەو کەسەی بەرامبەرت گرێبەستی کردووە بۆ ئەوەی کەرامەتت بشکێنێت، لێتبباتەوە، گەلەکەت لە زەوی بدات، هاوژینەکەشم پێم دەڵێت دڵەکەم زۆر تووڕەی و پێیدەڵێم بەخوا راست دەکەی. خۆشەویستییەکی تایبەتم بۆ هاوژینەکەم هەیە، چونکە پێش ئەوەی هاوژینم بێت هاوڕێمە".
رووداو: لە دوایین یاریتدا کێشەیەک لەنێوان تۆ و ئارمان روویدا، بە تووڕەییەوە بۆی رۆیشتی و گوتم دەیکوژیت، بەڵام دواتر پەیامێکت بڵاوکردەوە، کە کێشەکە گەورە نەکرێت، ئەمە چۆن بوو؟
نامۆ فازڵ: ئێمە لە یەک هۆڵین. قسەی بە قەرەجەکان Gypsies گوتبوو، منیش پێمگوت وەرە بەڕووی خۆمدا بیڵێ نەک لەپشتی سەرمەوە. دواتر داوای لێبوردنی کرد و گوتی مەبەستم سووکایەتی نەبووە، منیش کاتێک کەسێک پێمبڵێت 'ببوورە' ئیدی کێشەم نامێنێت.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئایین چۆنە؟ بینیمان نوێژی بەیانیت دەکرد.
نامۆ فازڵ: 5 ساڵە زۆر لە خوا نزیک بوومەتەوە. هەموو بەیانییەک بۆ نوێژی بەیانی هەڵدەستم، ئەوە ئارامییەکی زۆرم پێ دەبەخشێت. هەمیشە بە هەموو کەس دەڵێم پێنج خولەک بۆ خوا تەرخان بکەن، ژیانتان دەگۆڕێت.
رووداو: حەزت لە تۆپی پێ هەیە؟ مۆندیال نزیکە.
نامۆ فازڵ: راستی بڵێم زۆر لێی نازانم و تێناگەم. من لە هەفتەیەکدا 16 جار مەشق دەکەم، تەنیا فۆکەسم لەسەر شەڕ و مەشقکردنە.
رووداو: نامۆ فازڵ، زۆر سوپاس بۆ ئەم کاتە، هیوادارم بەمزووانە لە UFC و بە پشتێنی پاڵەوانێتییەوە بتبینینەوە.
نامۆ فازڵ: زۆر سوپاس، کاتێکی خۆش.