رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی بەرەی ئاشتی و ئازادیی سووریا لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆنسوڵی فەرەنسا کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا قسەیانکرد.
محەممەد ئیسماعیل، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و ئەندامی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 2020/11/13 لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ گرووپی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و پێکەوە لەبارەی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
محەممەد ئیسماعیل گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا بە شاندی ئەمریکییان راگەیاندووە کە بەرەی ئاشتی و ئازادی نوێنەرایەتیی خەڵکی سووریا دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد، جەختیان لە گفتوگۆی کوردی-کوردی کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، دەبێت ئەو گفتوگۆیە لە بەرژەوەندیی هەموو کەس و لایەنێکدا بێت.
هەروەها هەر رۆژی هەینی شاندەکەی بەرەی ئاشتی و ئازادیی سووریا لەگەڵ کۆنسوڵی فەرەنسا لە ئیستەنبووڵ کۆبووەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانەوە محەممەد ئیسماعیل گوتی، "بۆچوونی بەرەی ئاشتی و ئازادییمان بۆ روونکردەوە و خاڵی گرنگیش پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوو."
ئەو بەرپرسەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا باسی لەوە کرد، بە کۆنسوڵی فەرەنسایان راگەیاندووە، ئەوان هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنن کە لە چەند لایەنێک پێکهاتوون و نوێنەرایەتیی خەڵکی سووریا دەکەن و دەڵێت، "ئاماژەمان بەوەش کرد، فەرەنسا دەتوانێت لە یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا رۆڵێکی کارا بگێڕێت."



