رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم نزیکانە بیمەی تەندروستی لە کەرکووک و 8 پارێزگای دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێ.
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، جگە لە بەغدا، بەم نزیکانە بیمەی تەندروستی لە نۆ پارێزگای عێراق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە پێکدێن لە بەسرە، زیقار، مەیسان، نەجەف، کەربەلا، بابل، ئەنبار، نەینەوا و کەرکووک.
بەگوێرەی بەڕێوەبەری سندووقی بیمەی تەندروستیی عێراق، خزمەتگوزارییەکە 285 جۆری نەشتەرگەری و 40 جۆری خزمەتگوزاریی راوێژکاریی پزیشکی و هەموو جۆرە پشکنینەکان دەگرێتەوە.
دکتۆر سەیف بەدر، ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی پرۆسەکە لە بەغدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس و لە نۆ پارێزگاکەی دیکەش نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، بەم شێوەیە دەبێتە سێ ملیۆن کەس کە بیمەی تەندروستیان بۆ دەکرێ.
پەرلەمانی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020 پڕۆژەیاسای تەندروستی پەسندکرد کە لە 12 بەش و 44 مادە پێکهاتووە. یەكەم ئەزموونى کارکردن بە بیمەى تەندروستى لە مانگی 11ی 2023وە لە عێراق لە بەغدا دەستیپێکرد. لە سەرەتای جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا کارمەندانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتەکانی گرتووەتەوە.
بەگوێرەى یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2020 عێراق، ئامانج لە بیمەی تەندروستی کەمکردنەوەى قورسایی دارایی سەرشانى هاووڵاتییانە لە تێچووى چارەسەرى تەندروستى لە بەرامبەر بەشداریکردنى لە بیمەکەدا، لەهەمان کاتدا سەرچاوەى داهاتى وەزارەتى تەندروستیش زیاتر دەکات.
فەرمانبەر بە بەشداری 1٪ مووچەی مانگانەکەی لەو بیمەیە بەشدار دەبێت، لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی (خوار تەمەن 18)، هەروەها ئەوانەشی فەرمانبەر نین دوو منداڵیان دەیانگرێتەوە.
بەگوێرەی یاساکە، رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ سێ قۆناخ دابەشبووە، قۆناخی پابەندبوون هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت دەگرێتەوە، بۆ خانەنشینان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناچاری نییە، ئەوەی دەستەبەری بۆ دەکرێت کارتێکی پێدەدرێت، دوای شەش مانگ لە ناوتۆمارکردن، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی پێشکێش دەکرێت.
مانگانە کەسی بەشداربوو 10-50 هەزار دەدات ئەوەش بەگوێرەی پلەی وەزیفییە، پارەکەش زیاتر نییە لە 1٪ی کۆی مووچەی فەرمانبەران.
ئەوانەشی لە پێدانی پارەی مانگانە دەبەخشرێن بریتین لەوانەی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، تووشبووانی شێرپەنجە، تووشبووانی نەخۆشی دەروونی، ئەوانەی گورچیلەکانیان لەکارکەوتوە و سستە، کەمئەندامان، پەککەوتووانی هێزە ئەمنییەکان، خانەنشینان ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 60 ساڵە، ئەو ژنانەی فەرمانبەر نین و خانشینانی ژن کە تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان.
بە گوتەی دکتۆر ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری پێشووی تەندروستیی عێراق، تێچووی نەشتەرگەییەک لە کەرتی تایبەت 5 ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی بەشداریکردن کە دەستەبەری تەندروستی و دەستەی دڵنیایی هاووڵاتیان لە 25٪ تێچووی نەشتەرگەرییە زیاتر نادات. حکومەت لە رێگەی سندووقی دڵنیاییەوە تێچووی 75٪ـی دیکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەدات، ئەوەش یەکەم جارە لە عێراق دەکرێت.
ساڵانە بەشداربووانی تەمەن خوار 40 ساڵ مافی شەش سەردانیان هەیە و نەشتەرگەرییەک لەگەڵ خێزانەکانیان بەخۆڕایی بۆ هەر یەکێکیانە. هەروەها بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵە، هەمان مافیان هەیە لەگەڵ 8 سەردان.



