رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق هەزار فەرمانبەری بەشێوەی کاتی دەگوێزێتەوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە بۆ ئەوەی وەک شۆفێر لەو وەزارەتە کار بکەن، وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت بەهۆی ئەوەی شۆفێریان کەم بووە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای گواستنەوە کار ناکەن و داهاتى کەمی کردووە.
نووسراوی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو هەزار فەرمانبەرە لە 3ی حوزەیران لەلایەن وەزارەتى کارەباوە ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتەکە کراوە و تێیدا داوای لێکردوون، ناوی هەزار فەرمانبەریان پێ بدەن کە ناونیشانیان شۆفێر و پیشەگەرە، بۆ ئەوەی وەک شۆفێر لە وەزارەتی گواستنەوە کار بکەن.
بەگوێرەی نووسراوەکە، وەزارەتی کارەبا داوای کردووە کە تاوەکو 7ی حوزەیران ئەو ناوانە ئامادە بکرێن بەو مەرجەی تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەو نووسراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق کاردانەوەی لێکەوتەوە سەبارەت بەوەی پەیوەندیدارە بە زۆریی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە بڕیارە بەشێوەی کاتی بگوێزرێنەوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو گواستنەوەیە بەرهەمی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وەزارەتەکە بووە و نابێت لێکدانەوەی دیکەی بۆ بکرێت.
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە چەندین جومگەی وەزارەتەکەی بەتایبەت کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی شاند و گەشتیاران کێشەی کەمی شۆفێریان هەیە و بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە ئۆتۆمبێلەکان کار ناکەن، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاندووە، ئەو هەزار فەرمانبەرەی دەگوێزرێنەوە وەک شۆفێر تەمەنیان لە 45 ساڵ کەمترە و کاریگەریی دەبێت لەسەر بەگەڕخستنەوەی ئەو هێڵانەی گواستنەوە کە لەکار کەوتوون، و ناچار نابین کە فەرمانبەری نوێ دابمەزرێنین.




