رووداو دیجتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، زانیاریی نوێی لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "دەقی رێککەوتن لەسەرکراو لەبارەی مووچە هەیە." باسی لەوەش کرد، بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەسەر ئابووری دادەڕێژرێتەوە.
رۆژی شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا لە نیوەی دووەمی مانگی تەممووزدا دەبێت و گوتی، "دۆسیەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەو سەردانەدا تاوتوێ دەکرێن، سەرەتای دۆسییەکانیش بە پرسی ئابووری دەستپێدەکات، چونکە تێڕوانینی ئێستای حکومەتی عێراق ئەوەیە کە ئابووری بزوێنەری دەوڵەتە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بۆ دیاریکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لە بواری ئابوورییەوە دەستپێدەکەین."
لەبارەی پرسی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، حەیدەر عەبودی گوتی، "کۆنتڕۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، یەکێکە لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی بەرنامەی کاری حکومەت، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی و جێبەجێکردنی یاسایە."
"دەقی رێککەوتن لەسەر کراو لەبارەی مووچە هەیە"
سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوە کرد کە بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامیی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە نێوان هەولێر و بەغدا دا، "دەقێکی رێککەوتن لەسەرکراو هەیە کە پشت بە یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەبەستێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەپێی ئەو چەترە دەستووری و یاساییەی کە هەیە، حکومەتی عێراق خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە هەموو دامەزراوەکانی."
"بەشێکی کابینەکە بۆ تەواوکردنی پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە"
رۆژی 14ئایار، لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14 بەربژێر دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا و پێنج بەربژێریش رەتکرانەوە.
لەبارەی پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت حەیدەر عەبودی دەڵێت، "حکومەتی عێراق بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانێتە تەواوکردنی ئەم کابینەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی کارنامەکەی و ئەو بەرنامەیەی کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، جێبەجێ بکات."
هەروەها ئاشکرای کرد، تەواوکردنی کابینەکە پێویستی بە سازانی لایەنەکان هەیە و گوتی رایگەیاند، "بەشێکی ئەم کابینەیە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، بۆ ئەوەی بابەتەکە کۆتایی پێبهێنرێت."



