رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی رایدەگەیێنێت، هێزی پێشمەرگە دامەزراوەیەکی فەرمییە هاوشێوەی حەشدی شەعبی. ئاماژە بەوەش دەکات کە رێکخستنەوەی حەشد دەبێتە دەروازەیەک بۆ رێکخستنەوەی پێشمەرگە و بەستنەوەیان بە "مەرجەعێکی سەربازیی روون" کە پەیوەست نەبێت بە کەسەکانەوە. رۆژی دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، عەمار حەکیم لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی کردنەوەی لقی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە بەغدا رایگەیاند: "پێشمەرگە دامەزراوەیەکی فەرمییە وەک حەشدی شەعبی. رێکخستنەوەی پێگەی حەشدی شەعبی دەبێتە دەروازەیەکی سرووشتی بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەش، بەجۆرێک کە بە مەرجەعیەتێکی سەربازیی دیاریکراوەوە ببەسترێنەوە." "چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت" عەمار حەکیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک کردەوە و گوتی: "پێویستە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت؛ ئەمە راستییەکی دەستووری و یاساییە و راسپاردەی مەرجەعیەتیشە." سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت، حەکیم ئاماژەی بەوە کرد کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بێ وەزیرەکان پێش ئەوەی هیچ سەردانێکی دەرەوە بکات. پێشنیازی هاوپەیمانییەکی "ستوونی" لەنێوان پێکهاتەکاندا سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سیاسیی "ستوونی" کرد کە هێزەکانی شیعە، سوننە و کورد لەخۆبگرێت. بە بڕوای حەکیم، ئەم جۆرە هاوپەیمانییە دەبێتە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکان، چونکە لێکتێگەیشتنەکان دەچنە پێش وادەی هەڵبژاردنەکان. ئەو سەرکردە سیاسییەی شیعە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە جێبەجێکردنی ئەم دیدگایە پێویستی بە کاتی زیاترە، بەڵام ئێستا "نزیکبوونەوەیەک لەنێوان هێزەکاندا هەستی پێدەکرێت." کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵای عێراقی لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان.