رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای تلکێف لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک کە تێیدا دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و ژمارەیەک جووتیار دروست دەبێ، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ، ئامادە نییە سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکات، چونکە وەک کەسوکاری خۆی سەیریان دەکات.
رەعد ناسر، قایمقامی قەزای تلکێف لە پارێزگای نەینەوا، رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سەرەتای وەرگرتنی پۆستەکەم وەک قایمقام بەڵێنم دا وەک چۆن بۆ 18 ساڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی تلکێف بووم و خزمەتکاری خەڵک بووم، بە هەمان شێوە خزمەتکاری خەڵک بم."
سەبارەت بە رووداوەکە، رەعد ناسر گوتی، "پەیوەندییەکم پێوەکرا و گوتیان رێگەی سەرەکی داخراوە و کۆمەڵێک کەس بەهۆی کێشەیەکەوە ناڕەزایی دەردەبڕن. ئەو کاتە لەگەڵ قەشەی تلکێف بووم و پێم گوت 'با بچین گوێ لە داواکارییەکانیان بگرین'. هەر کە گەیشتین، کەسێک کە دەیگوت نوێنەری جووتیارەکانە، بە تووڕەیی و بە هاوارکردنەوە بەرەو رووم هات. داوام لێکرد ئارام بێتەوە، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە دەنگ بەرزکردنەوە و بەکارهێنانی وشەی نەگونجاو."
قایمقامی تلکێف گوتی، هێزە ئەمنییەکان داوایان لێکردووە شوێنەکە جێبهێڵێت بۆ ئەوەی سەلامەت بێت، بەڵام ئەو رژد بووە لەسەر ئەوەی گوێیان لێ بگرێ. رەعد ناسر دەڵێ، "ئەو کەسەی خۆی بە نوێنەری جووتیاران ناساند، ویستی دەستم لێ بەرز بکاتەوە، منیش پێم گوت دەستت دابگرە، ناڕەزایی دەربڕین بەو جۆرە نابێت."
سەبارەت بەوەی ئایا رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر، رەعد ناسر رایگەیاند، "پێیان گوتم دەتوانی لە دادگە سکاڵا تۆمار بکەیت، بەڵام گوتم هەرگیز شتی وەها ناکەم. ئەوانە رۆڵەی ئێمەن و دەبێت خزمەتیان بکەین. من جیاوازی لە نێوان هیچ نەتەوە و ئایینێکدا ناکەم، چونکە پێم وایە سیاسەت خزمەت بە گەل ناکات."
قەزای تلکێف دەکەوێتە باکووری شاری موسڵ و بە فرەیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دەناسرێتەوە. دانشتووانەکەی لە عەرەب، کوردی ئێزدی، کلدان، سریان و ئاشووری پێکدێن.



