رووداو دیجیتاڵ هەردوو دەزگای کوالیتی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتن بۆ یەکخستنی رێکارەکانی پشکنین و کوالیتی کۆنترۆڵ لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە. رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، دەزگای ناوەندیی کوالیتی کۆنترۆڵی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کوالیتی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەهێزکردنی چاودێری و یەکخستنی پشکنین و کوالیتی جۆری لە رێگەی سیستمی ئەسیکوداوە لە دەروازە سنوورییەکان، بۆ ئەوەی کارەکان رێکبخرێنەوە و زانیاری لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن. یەکێک لەو رێکارانەی کە حکومەتی فیدراڵی لەنێو سیستمی ئەسیکودا پەیڕەوی دەکات بۆ هاوردەکردنی کاڵا، ئەوەیە کە هاوتا بێت لەگەڵ ئەو مەرج و تایبەتمەندییانەی کە دەزگای ناوەندیی کوالیتی کۆنترۆڵ لە عێراق دیاریکردووە بۆ کاڵاکان. دەزگاکەی عێراق رایگەیاندووە کە هەردوولا رێککەوتوون پشت بە ئەنجامی ئەو پشکنینانە ببەستن کە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەگوێرەی بڕیارە حکومییە کار پێکراوەکان و میکانیزمێکی هاوبەش دابنرێت بۆ ئەوەی زانیارییەکانی پشکنین بخەنە نێو سیستمی ئەسیکوداوە، تاوەکو لە رێگەیەوە چاودێری لەسەر کاڵاکان بەهێزتر بکرێت و گەرەنتیی ئەوە بکرێت کە ئەو کاڵایانە هاوتای تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکانن. پێنجشەممە، هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد بۆ ئەوەی سیستمی ئەسیکودا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاریی بازرگانییە. دەزگای ناوەندیی کوالیتی کۆنترۆڵ لە عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ یەکخستنی ڕێکارە تەکنیکی و چاودێرییەکان و پشتیوانیی بازرگانی و بەهێزکردنی پاراستنی بەکاربەر لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە.