رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، سەرەڕای کەمبوونەوەی داهات و ئەو زیانە گەورەیەی بەر کەرتی نەوتی عێراق کەوتووە، بەغدا پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "داهاتی نێوخۆ و خاڵە سنوورییەکانی هەرێم زۆر زیاترە لە 120 ملیار دینار." جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "مووچەی عێراق لە 18ی مانگەوە دەستپێدەکات و هێشتا زووە بڵێین عێراق ناتوانێت مووچە بدات؛ ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگ مووچە نەدرا، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین کێشەیەک هەیە." سەبارەت بە کورتهێنانی داهات، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و داخستنی هەندێک لە خاڵە سنوورییەکان، داهاتی عێراق کەمی کردووە. گوتیشی: "عێراق لەم شەش مانگەدا، تەنیا لە داهاتی نەوتدا بەلایەنی کەمەوە 37.7 ملیار دۆلار زیانی کردووە، بەڵام ئەمە ناگاتە ئەو ئاستەی مووچە رابگیرێت." ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی تیشکی باسی رێککەوتنی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی 120 ملیار دینارەکە کرد و گوتی: "کاتێک هەرێمی کوردستان دەڵێت داهاتم کەمبووەتەوە و ناتوانم 120 ملیارەکە بدەم، بەغدا ئەو بڕە پارەیە لەو پشکە دەبڕێت کە بۆ هەرێمی دەنێرێت." جەمال کۆچەر گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نێوخۆ، باج و خاڵە سنوورییەکانی زۆر زیاترە لە 120 ملیار دینار، بۆیە نابێت بڕینی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە ببێتە هۆکار بۆ بڕین یان دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران." سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە بەرزکردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار دەکەن، جەمال کۆچەر ڕایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ گۆڕینی نرخی دینار نییە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا دەنگۆیە." هۆکاری ناجێگیریی نرخەکەشی بۆ ترسی خەڵک و کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەڕاندەوە. لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کۆچەر باسی لە هەوڵەکان کرد بۆ یەکخستنی کۆدی گومرگی و گوتی: "ئەگەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی تەعریفەی گومرگیی عێراق بێت، ئەو بازگە گومرگیانەی لەنێوان دهۆک - مووسڵ و هەولێر - کەرکووک هەن هەڵدەگیرێن، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ بازرگانان." جەمال کۆچەر دڵنیایی دایە مووچەخۆران و رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی مووچەی شەش مانگی داهاتوودا دروست نابێت و بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.