رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، ژمارەی ئەو گرووپانەی ئامادەن چەک رادەستی دەوڵەت بکەن روو لە زیادبوونە و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکانی موحەڕەم، چەند گرووپێکی دیکە هەنگاوی هاوشێوە بنێن.
سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت، یەکەم خاڵی کارنامەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدییە کە لە 14ـی ئایاری ئەم ساڵدا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دا. بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن قەیس محەممەداوی، جێگری سەرۆکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئەندامێتی نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دەستەی حەشدی شەعبی و فەرمانگە یاساییەکان پێکهێندراوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکە میکانیزم و رێکاری تایبەتی بۆ رادەستکردنی هەموو جۆرە چەکێک و بژاردنیان داناوە."
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە سەرایا سەلام، گرووپەکانی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ رادەستکردنی چەکی مامناوەند و قورس.
پرۆسەکە بە رادەستکردنی چەکەکان دەستپێدەکات و دواتر رێکخستنەوەی پەیکەری هێزەکان دەکرێ تاوەکو بە تەواوی لەنێو دەستەی حەشدی شەعبیدا تێکەڵ دەبن و پەیوەندییان بە هێزە سیاسییەکانییانەوە نامێنێت.
بەگوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، "ژمارەی ئەو گرووپانەی ئامادەن چەک رادەستی دەوڵەت بکەن روو لە زیادبوونە و بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکانی موحەڕەم، چەند گرووپێکی دیکە هەنگاوی هاوشێوە بنێن".
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، یەکێکە لەو گرووپانەی ئامادەیی بۆ رادەستکردنی چەک دەربڕیوە. رۆژی 2ی حوزەیرانی 2026 بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە راگەیێنراوێکدا پێکهێنانی لیژنەیەکی راگەیاند بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندییە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەستەی حەشدی شەعبی. لیژنەکە لە چوار کەس پێکهاتووە و لەلایەن جەواد تڵێباوی، بەرپرس لەو بزووتنەوەیە سەرۆکایەتى دەکرێت.
سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقوون (باڵی سیاسی عەسائیب) ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بزووتنەوەی سادیقوون هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و رێکخستنی لەگەڵ ئەو لیوایانەی نێو حەشدی شەعبی نەماوە کە رەگیان لەنێو عەسائیبدایە."
عەسائیبی ئەهلی حەق 3 لیوا و 11 فەوجی لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە کە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا جێگیرن. سەعد سەعدی دەڵێت، "لە ساڵی 2017ـەوە ئەو بڕیارەمان داوە، بەڵام ئێستا بە نووسراوی فەرمی و یاسایی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێککەوتوون بۆ پچڕاندنی تەواوەتیی پەیوەندییەکانیان".
گرووپی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانی (سەدرییەکان) بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر، لە 4ـی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بووە یەکەم گرووپ کە هەنگاوی پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ رەوتەکە و رادەستکردنی بارەگاکانی لە شاری سامەڕا بە سوپای عێراق دەستپێکرد.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا لیژنەکە بە چڕی کار دەکات بۆ تەواوکردنی رێکارەکان پێش سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نیوەی دووەمی مانگی داهاتوودا".
ئەبو میساق مەساری ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو گرووپانەی هێشتا ئامادە نین چەک رادەست بکەن، حکومەت رێکاری تووندیان بەرامبەر ناگرێتەبەر".
بەگوێرەی بڕگەی 5ـی مادەی 2 لە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی ساڵی 2016، دەبێت کارمەندانی دەستەکە پەیوەندییان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسی و حیزبییەکان بپچڕێنن. حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی دەیەوێ ئەم مادەیە جێبەجێ بکات.
سەرباری ئەم هەوڵانە، هەندێک گرووپ ئامادەنین یان مەرجیان هەیە. گرووپی سەرایا ئەولیادەم 5 مەرجی داناوە بۆ رادەستکردنی چەک، لەوانە دەرچوونی هێزە بیانییەکان و کۆتاییهێنان بە "شوێنکەوتەیی ئابووریی عێراق". هەروەها گرووپەکانی وەک (کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق) و (سەیدوشوهەدا) تاوەکو ئێستا ئامادەنین چەکەکانیان دابنێن.
.jpg&w=3840&q=75)


