رووداو دیجیتاڵ وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت رایگەیاند،کۆمپانیا بیانییەکان تەنیا بەڵێندەر نین، بەڵکو "هاوبەشی عێراقن؛" داوایشی لێکردن کێبڕکێ بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی گازی رۆژئاوای عێراق بکەن. رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، بە ئامادەبوونی باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، (کۆڕبەندی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت) لە بەغدا بەڕێوەچوو. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، باسم محەممەد عەبادی جەختی لە گرنگیی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردەوە کە کار لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی عێراق دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی "لابردنی ئاستەنگەکان و خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ زیادکردنی بەرهەم و باشترکردنی جۆریی نەوتەکە." وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی "ستراتیژییەتێکی داناوە کە جەخت لەسەر زیادکردنی بەرهەم، دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆ وەبەرهێنان، پەرەپێدانی ژێرخانی دامەزراوەکانی نەوت و پەیڕەوکردنی شەفافیەت دەکاتەوە، دوور لە هەر گەندەڵییەک". وەزیری نەوتی عێراق باسی لە چەند خاڵێکی دیکە کرد، لەوانە جێبەجێکردنی مادەی 26ـی گرێبەستەکان تایبەت بە راهێنان و ئامادەکردنی ستافی نێوخۆیی و گەنجانی عێراق بۆ ئەوەی زۆربەی کارەکان لە پڕۆژەکانی نەوت لەلایەن عێراقییەکانەوە بەڕێوەبچن. باسم محەممەد عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە پێداچوونەوە بەو تەندەرانە دەکاتەوە کە پارەکەیان زۆرە؛ هەروەها داوای لە کۆمپانیاکان کرد شایستە داراییەکانیان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) وەربگرن.
عێراق24-06-2026وەزیری نەوت و کۆمپانیاکان کۆبوونەوە؛ "گرنگە بەربەستەکانی بەردەم زیادکردنی بەرهەمهێنان لاببرێن"