رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەسپێکی وەرزی هاوین، شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕوکێن رووی لە پارێزگای دیالە کردووە و لە شاری بەعقوبە پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر جووڵەی بازاڕ و ژیانی رۆژانەی هاونیشتمانیان.
لەم گەرما بەتینەدا، بەعقوبە وەکو کورەی ئاگری لێهاتووە. لە ناو جەرگەی بازاڕدا، کاسبکاران و رێبواران بۆ رزگاربوون لە تیشکی بێبەزەییانەی خۆر، پەنا بۆ سێبەر و ئاوی سارد دەبەن.
ئەحمەد وەهبی، کە دوکاندارێکی شارەکەیە، باس لە کاریگەریی گەرماکە دەکات و دەڵێت:"ئەمڕۆ گەرما زۆر بەهێزە و گەیشتووەتە نزیکەی 51 پلە، بەو هۆیەوە بازاڕ تەواو چۆڵ بووە و خەڵک ناتوانن بێنە دەرەوە."
کێشەی کاسبکاران تەنیا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما نییە، بەڵکو نەبوونی کارەبا و ساردکەرەوەکانیش باری گرانی ئەوانی قورستر کردووە. عومەر سالم، کاسبکارێکی دیکە، بە نیگەرانییەوە باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "ئەمڕۆ یەکەم رۆژە پلەی گەرما دەگاتە 50، سەیری بازاڕ بکەن کەسی لێ نییە. ئێمە لێرە بەبێ دەنگی دانیشتووین و هیچ فرۆشێکمان نییە، کارەباش نییە و لەم دۆخە زۆر بێزارین."
لە بەرامبەر ئەم گەرما بەتینەدا، گەنجان و منداڵانی بەعقوبە بۆ فێنکبوونەوە پەنا دەبەنە بەر لێواری رووبارەکان. بۆ ئەوان، گەرماکە بووەتە دەرفەتێک بۆ مەلەکردن و بەسەربردنی کاتێکی پڕ لە جۆش و خرۆش.
یاسین کەریم، جوتیارێکە و لەگەڵ منداڵەکانیدا چووەتە مەلەکردن، دەڵێت: "هاتووین مەلە بکەین و فێری مەلەشیان بکەین، تاوەکو هەم خۆیان فێنک بکەنەوە و هەمیش لە داهاتوودا ببنە مەلەوانێکی باش."
بۆ کرێکارانیش کە ناچارن لەژێر خۆردا کار بکەن، ئاوی رووبارەکان تاقە فریادرەسە. ئەحمەد جبور، کرێکارێکە و دەڵێت: "کاتژمێر 12ی نیوەڕۆیە و گەرما 50ی تێپەڕاندووە، هیچ شوێنێک فێنک نییە و کارەباش نییە، بۆیە ناچارین بێینە ئێرە بۆ ئەوەی خۆمان فێنک بکەینەوە."
تەنیا بەعقوبە نییە کە پلەی گەرما بەرزبووەتەوە، بەڵکو لە قەزا و ناحیەکانی خاڵس و کەنعانیش پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دەسپێکی هاوینێکی سەخت لە پارێزگای دیالە دەبینرێت.

