رووداو دیجیتاڵ دادگەیەکی عێراق لێکۆڵێنەوە لە گرێبەستێکی وەزارەتی بەرگری دەکات بۆ کڕینی 800 بارهەڵگر، بەو پاساوەی زێدەڕۆیی لە نرخەکانیاندا کراوە کە 462 ملیار دینارە. بەگوێرەی نووسراوێک کە دادگەی لێکۆڵێنەوەی دووی کەرخ لە 18ی حوزەیران ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کردووە، ئاگاداریان دەکاتەوە کە دەستیان کردووە بە لێکۆڵێنەوە لەو گرێبەستەی کە وەزارەتەکە لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردوویەتی. لە نووسراوەکەدا هاتووە، گرێبەستەکە بۆ ئەوەیە 800 بارهەڵگر بۆ وەزارەتی بەرگری بکڕدرێت، کە کۆی گشتی پارەکەیان 462 ملیار دینارە. مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دۆسیەیە لەلایەن لیژنەکەوە جووڵێندراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار کراوەتەوە؛ ئەو بارهەڵگرانەی لە گرێبەستەکە باسکراوە بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بووە، بەڵام بەهۆی لێکۆڵێنەوە لێی، گرێبەستەکە راگیراوە. بەگوێرەی نووسراوەکەی دادگەی لێکۆڵێنەوەی دووی کەرخ، زێدەڕۆیی لە نرخی ئەو گرێبەستەدا کراوە و بڕیاردراوە بەوەی پارەکەی بۆ ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کراوە خەرج نەکرێت، تاوەکو دادگە ئاگاداریان دەکاتەوە.
عێراق24-06-2026دادگەی عێراق: دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسایەتییەکی ژن لەسەر دۆسیەکەی جومەیلی راست نییە