رووداو دیجیتاڵ
جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە نزار ناسر حسێن، پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی عێراق کرد و رایگەیاند، واشنتن پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ چاکسازیی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەژماری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانە لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیدا باسیان لە کارە لەپێشینە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کردووە. بەگوێرەی باڵیۆزخانەکە، هاریس پشتیوانیی وڵاتەکەی "بۆ هەوڵە یەکلاکەرەوەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی پارەدارکردنی نایاسایی و بونیادنانی کەرتی بانکیی بەهێز" دەربڕیوە.
لەبارەی دیدارەکە کە دوێنێ چوارشەممە کراوە، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەرەپێدانی "پەیوەندیی ستراتیژی و پرسە هاوبەشەکان"ی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراون. گرنگیی پشتگیریکردنی سەقامگیریی نەختینەیی و ئابووری دووپات کراوەتەوە، بەجۆرێک لەگەڵ پێداویستییەکانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا بگونجێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، جۆشوا هاریس ستایشی ئەو چاکسازییانەی کردووە کە بانکی ناوەندیی عێراق پەیڕەویان دەکات، هەروەها ئاماژەی بە "پەیوەندییە کارا و بەرهەمدارەکانی" بانکەکە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدراڵی کردووە.
لای خۆیەوە، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی پلانی چاکسازیی بانکی کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی کەرتی بانکیی عێراق لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە حەواڵە دەرەکییەکان و رێکخستنی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بگونجێنن، "بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کەرتی دارایی و بانکەکان."
وەک لە راگەیێندراوە عێراقییەکەدا هاتووە، لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا "ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە چەسپاندنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی لە عێراقدا نیشان دا".
.jpg&w=3840&q=75)
