رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، تاوەکو ئێستا 12,708 کەس بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون و گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانیان.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی شەممە، 27ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتییەوە 12,708 زیندانی ئازاد کراون."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئازادکردنەکە لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەرییە و گوتی: "وەزارەتی داد کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکات کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە دەردەچن."
سەبارەت بە ئاسانکارییەکان بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە، موراد ساعدی باسی ئەوەی کرد کە وەزارەتی دادی عێراق چەند هەنگاوێکی ناوە، لەوانە دروستکردنی هۆبەیەکی یاسایی لە هەر بەشێکی چاکسازی بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئازادکردنەکە راستەوخۆ لە نێوان دادگە و بەشی چاکسازییەکەدا بێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆ فەرمانگەی گشتی نەکات، ئەمەش کاتێکی زۆر بۆ زیندانییان دەگەڕێنێتەوە.
ساعدی گوتی، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق فەرمانی کردووە بە تەرخانکردنی "هێڵێکی گەرم" بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە کاتی دەوامی فەرمیدا پەیوەندی بکەن، ئەگەر هەر جۆرە دواکەوتن یان گرفتێک لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری ئازادکردنی زیندانییەکاندا هەبێت. هەموو ئەم هەوڵانە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە دادوەرییەکانە.
یاسای لێبووردنی گشتی لە عێراق بە ئامانجی ئازادکردن یان سووککردنی سزای ئەو زیندانییانە دەرکراوە کە تاوانەکانیان مەرجەکانی یاساکە دەیانگرێتەوە، ئەوەش بۆ رەخساندنی دەرفەتێکی دیکە تاوەکو ئەو کەسانە تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە.
یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکران. یاساکە داواکاریی سەرەکیی سوننەکان بوو، چونکە پێیانوابوو خەڵکێکی زۆری سوننە بێ تاوان لە زیندانەکاندان.




