رووداو دیجیتاڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نەخشەڕێگەی قۆناخێکی نوێی بۆ عێراق راگەیاند؛ لە کشانەوەی یەکجاریی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانانەوە و گۆڕینی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن لە هاوبەشیی سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەهێز، تاوەکو دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی و گەیاندنی بەرهەمی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا. عەلی فالح زەیدی، لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز رایگەیاند: "مانگی ئەیلوولی داهاتوو وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبێت، چونکە هێزەکانی هاوپەیمانان بە یەکجاری عێراق جێ دەهێڵن و پەیوەندییەکان لە هاوبەشیی سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی بەهێز لەگەڵ واشنتن دەگۆڕدرێن". یەک ملیۆن پارچە زەوی عەلی فالح زەیدی رایگەیاند: "لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت دا، کار دەکەین بۆ دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی ئامادەکراو بۆ هاووڵاتییان، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی نیشتەجێبوون." هێزی ئابووری؛ حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاسۆیەکی روونی بۆ کەرتی وزە خستە روو و گوتی: "ئامانجمانە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوو دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگەیێنینە حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێک دا." زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد: "لەگەڵ لایەنی ئەمریکی پرۆژەی سندوقێکی وزە و گەشەپێدان تاوتوێ دەکەین کە رۆژانە لە 500 هەزار بەرمیل نەوت دەست پێدەکات تاوەکو دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەگوێرەی دۆخی ئابووری و بەرهەمهێنانەوە، رەنگە لە دەرەوەی کۆت و بەندی پشکی ئۆپێک بێت." سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاتر زانیاریی لەبارەی سندوقەکە روون کردەوە و گوتی: "ئەو سندوقە لە دامەزراوە رەسەنەکانی ئەمریکا هەژماری بانکی بۆ دەکرێتەوە و پارەکەی بەکار دێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەوانە پرۆژەکانی کارەبا و ژێرخان. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوو دا بودجەکەی بگاتە 400 ملیار دۆلار، ئەمەش دەبێتە بڕبڕەی پشتی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وڵات." هەروەها راشیگەیاند، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری گرنگی داوە لەبارەی پرۆژە گەورەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان لەوانە شێفرۆن، هالیبەرتن (Halliburton) و ئێچ کەی ئێن (HKN)، جگە لەوەش دەرفەتی کارکردنیان پێ دراوە لە کێڵگەی نوێ و شوێنی دۆزینەوەی نوێ دا. ستارلینک و تەکنەلۆژیای ئەمریکی لە عێراق زەیدی باسی لەوەش کرد، عێراق بەرەو کرانەوەیەکی گەورەی تەکنەلۆژی دەچێت و گوتی: "وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و گەیاندنمان راسپاردووە کە گرنگیی یەکەم بدەنە کۆمپانیا رەسەنەکانی ئەمریکا. هەروەها بەرەو هاوبەشییەکی ستراتیژی دەچین لەگەڵ کۆمپانیای ستارلینک بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی بگەیێنینە عێراق." کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت سەبارەت بە سەقامگیریی ئەمنی و گرووپە چەکدارەکان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی: "هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت قبووڵ کراو نییە. دیالۆگێکی قووڵمان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کردووە و پێمان گوتوون کە قۆناخی ئێستا قۆناخی دەوڵەتە. خەریکی ئامادەکارین بۆ 'کۆنگرەی سەروەری' تاوەکو جیهان بزانێت بڕیاری عێراق تەنیا لە دەستی عێراقییەکان دایە." عێراق وەک پردی ئاشتی لە ناوچەکە دا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، عەلی فالح زەیدی دووپاتی کردەوە کە بەغدا دەیەوێت خاڵی کۆکەرەوە بێت، نەک گۆڕەپانی ململانێ و گوتی: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای رێزگرتنە، لە هەمان کات دا واشنتن شەریکێکی ستراتیژییە. بەغدا ئامادەیە میوانداریی هەر گفتوگۆیەک بکات کە ناوچەکە هێمن بکاتەوە، تەنانەت گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمریکاش." جەنگ دژی گەندەڵی و تەواوکردنی کابینە لە کۆتایی دا، سەرۆکوەزیران رایگەیاند: "لە ماوەی دوو هەفتە هەموو پۆستە بەتاڵەکانی نێو کابینەی حکومەت پڕ دەکەینەوە." هەروەها دووپاتی کردەوە کە بە تووندی رووبەڕووی گەندەڵی بوونەتەوە و توانیویانە بەشێکی زۆر لە پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێننەوە، بەوەش عێراق بەرەو ئابوورییەکی مۆدێرن و بەرهەمهێن هەنگاو دەنێت.