رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە کرد و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژمارەیەک بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتار و سەرمایەدار بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیرکراون.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28-06-2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکیی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبرد. ئۆپەراسیۆنەکە پەیوەست بووە بە دۆسیەی ''عەدنان جومەیلی''، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق.
میدیاکانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 بەرپرس دەستگیرکراون، کە لەنێویاندا پەرلەمانتار، وەزیرانی پێشوو، بەرپرسانی حکومی، راوێژکار، بەرپرسانی ئەمنی و پیاوانی کار هەن. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حکومەتی عێراق بە فەرمی هیچ ناوێکیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و روونکردنەوەیان نەداوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئەو بەرپرسانەی ناویان وەک دەستگیرکراو دەهێنرێت، بریتین لە:
- موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم.
- عالیە نسەیف، پەرلەمانتار.
- زیاد جەنابی، پەرلەمانتار.
- حەسنێن خەفاجی، پەرلەمانتار.
- بەهادین نووری، پەرلەمانتار.
- محەممەد کەربوولی، پەرلەمانتار.
- مزهەر کروی، پەرلەمانتار.
- عەلا سوکەر. پەرلەمانتار
- فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری پێشووی بەندەرەکانی عێراق.
- محەممەد سەیهود. پەرلەمانتاری پێشوو
- ئیبراهیم سومێدەعی. راوێژکاری پێشووی محەممەد شیاع سوودانی
- فەریق عەبدولکەریم سوودانی. سکرتێری پێشووی سوودانی
- عەباس سوودانی. برای محەممەد شیاع سوودانی
- عەلی مەعاریج، بریکاری وەزیری نەوت.
هاوکات، لە ناوەندە میدیاییەکاندا باس لە دەستگیرکردنی دوو وەزیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەکرێت، لەوانە تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
پێشتر شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکاندا عەدنان جومەیلی ناوی 128 بەرپرسی داوە، کە ناوی بەرپرس و کەسایەتی کوردی تێدایە.


