رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی بارگرژی و جەنگەکانی ناوچەکەوە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق پەکیکەوتووە و وڵاتەکەی تووشی کێشەی ئابووری بووە؛ هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاشکرای دەکات، تاران خەریکی داڕشتنی "شێوازێکی تایبەتە" بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز.
رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە بەغدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
"جەنگ زیانی ئابووریی گەورەی لە عێراق داوە"
فوئاد حوسێن تیشکی خستە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ململانێ سەربازییەکان لەسەر عێراق و گوتی: "بەهۆی جەنگەوە ئاستەنگمان بۆ دروست بوو و نەمانتوانی نەوت هەناردە بکەین، ئەمەش کێشەی ئابووریی گەورەی بۆ دروستکردین."
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسی دەدات بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگ و گوتیشی: "ئێمە دژی جەنگین و بڕوامان وایە دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە خۆیانەوە بپارێزرێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، عێراق وەک دۆستێکی ئەمریکا و ئێران، ئامادەی هەموو نێوەندگیرییەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
عێراقچی: پەیامی رێبەری ئێرانم پێیە
لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانەکەی بۆ بەغدا بە "هەستیار" ناوبرد و رایگەیاند، پەیامێکی تایبەتی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێیە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
عێراقچی گوتی: "پێویستە جەنگ لە هەموو بەرەکان رابگیرێت، بە لوبنانیشەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران دەیەوێت جارێکی دیکە چاو بە پەیوەندییەکانیدا بخشێنێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان.
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، پرسی تەنگەی هورمز بوو. عەباس عێراقچی رایگەیاند: "ئێستا خەریکی دانانی شێوازێکی تایبەتین بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز."


