رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
راپۆرتی ساڵی 2025ی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، گەندەڵی "هەڕەشەیەکی جیدییە لە هەموو سووچێکی جیهاندا و ئاماژەی کەمی پێشکەوتنیش لەم بوارەدا هەن".
شەفافییەتی نێودەوڵەتی پۆلێنی 182 وڵات و هەرێمی لە جیهاندا کردوووە و پلەکەیش لە سفرەوە بۆ 100 دانراوە. تاوەکو ژمارەکە زیاتر بێت وڵاتەکە خاوێنترە و تاوەکو کەمتر بێت وڵاتەکە گەندەڵترە.
بە گوێرەی لیستەکە، دانیمارک 89ی پێدراوە و خاوێنترینە و دوای ئەویش فینلاند بە 88 خاڵ، سەنگاپوور بە 84 خاڵ، نیوزیلاند و نەرویج بە 81 خاڵ خاوێنترینن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە گەندەڵترین وڵاتەکانەوە هەیە، سوودانی باشوور و سۆماڵ گەندەڵترینن و تەنیا 9 خاڵیان بەدەستهێناوە.
دوای ئەو دوو وڵاتە، ڤەنزوێلا بە 10 خاڵ لە پلەی سێیەم، یەمەن و لیبیا و ئەریتریا بە 13 خاڵ لە پلەی سێیەم دێن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، 28 خاڵی لە 100 خاڵەکە بۆ دانراوە و لە ریزبەندیەکەیشدا بە 136ـەمین وڵاتی گەندەڵ دانراوە، شانبەشانی لیبریا، مالی و پاکستان.
پێوەرەکانی گەندەڵی بە گوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی چین؟
یەکەم: بەرتیل
دووەم: بەکارهێنانی بودجەی گشتی
سێیەم: سوودوەرگرتن لە پۆست بە مەبەستی دەستکەوتنی کەسی
چوارەم: دواخستن و ئەنجامنەدانی کار
پێنجەم: خزم خزمێنە
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆک وەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت. هێزەکانی دژەتیرۆر (CTS) بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانی کەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان و بازرگانی گەورە هەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چەندین پەرلەمانتار وەک موسەننا سامەڕایی، عالیە نوسەیف و حەسەن خەفاجی لادراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون. ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە مانگی رابردوو دەستگیرکرابوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.
حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا سەرەتای قۆناخی یەکەمە و "لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێ جیاوازی و بە تووندی بەردەوام دەبێت".



.jpg&w=3840&q=75)