رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ستایشی هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کرد کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن و رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە هەڵمەتی بەرەبەیان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران."
یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو هەڵمەتەی هێزە ئەمنییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە ئەنجامیاندا بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار کە تۆمەتبار بوون بە گەندەڵی.
مالیکی لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و دادوەرانی کردووە، دەڵێت: "پیرۆزبایی لە هەڵمەتی بەرەبەیان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران. پاڵپشتیی هەوڵەکانتانین بۆ هێنانە کایەی دادوەری و سزادانی هەموو ئەوانەی کە ئەمانەتیان نەپاراستووە."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای لێکردن کە تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ئەم ئەرکەدا بڕۆن و گوتی: "ئەمە هەنگاوێک بوو کە لەمێژە هاووڵاتیانی عێراق چاوەڕێی بوون."
بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، لەو هەڵمەتەدا 47 تۆمەتبار بە گەندەڵی دەستگیرکراون کە 12یان پەرلەمانتار بوون و یەکێکیان بریکاری وەزارەتی نەوت بوو.
زۆرینەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون پەیوەندیدار بوون بە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە لە 30ی ئایار دەستگیرکرا.
.jpg&w=3840&q=75)



