رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە دژە گەندەڵییە نەکرایە، سێ بەشی بودجەی نوێی عێراق دەخورا و خەڵک دەڕژانە سەر شەقامەکان. دەشڵێت: "ئەو پارەیەی لای گەندەڵکارانە، هێندەی بودجەی ساڵێکی عێراق دەبێت."
رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزیرانی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنە نەبووایە، عێراق بەو بودجە و داهاتە کەمەی هەیەتی، دەبووە هۆی ئەوەی خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان، چونکە داهات کەمە و عێراق بە تریلیۆنان دینار قەرزارە و دەبێت پارەی بەڵێندەران و مووچەی مووچەخۆران بدات."
جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکی گونجاودایە و گوتی: "ئەگەر ئەم هەنگاوە نەکرایە، بودجەی نوێ بهاتایە سێ بەشی بودجەکە دەفەوتا، بۆیە ئەمە وانەیەک بوو بۆ هەموو بەرپرسەکان کە ناتوانن کارەکانیان وەک ئەوانی پێشوو بەڕێوەببەن. هەروەها عەلی زەیدی پێش ئەوەی بچێتە ئەمریکا، دەبێت شتێکی لەدەستدا بێت کە نیشانی بدات کار دەکات بۆ ئەوەی ئەوانیش یارمەتیی بدەن."
هەروەها لەبارەی یەکێکی دیکە لە سوودەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە لەم کاتەدا، جەمال کۆچەر گوتی، پشووی تەشریعی یارمەتیدەر بووە بۆ دەستگیرکردنیان، چونکە لە کاتی دەوامدا لادانی پارێزبەندی بە دەنگدانی پەرلەمانتاران دەبوو، ئەوەش کارێکی زەحمەت بوو.
گوتیشی: "تەنیا یەک دز کە گیراوە 600 ملیۆن دیناری لێ وەرگیراوەتەوە و هێشتا چەندین سەیارە و موڵکی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق ماوە."
کۆچەر پێشبینی دەکات ئەگەر گوشارەکان بەردەوام بن، پارەیەکی زۆر بگەڕێتەوە و گوتی: "پێشبینی دەکەم بودجەی ساڵێکی عێراق لای ئەو گەندەڵکارانە دەستبکەوێت، چونکە گەندەڵییەکی زۆر گەورە کراوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە نەنرابان، گەورەترین گەندەڵی لە ساڵی 2027 لە عێراق دەکرا، چونکە هەموویان ملیاران دیناریان سەرفکردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندام پەرلەمان و دواتر بیدزنەوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەکرد، لە ساڵی 2010ـەوە ئەم گەندەڵییە بەردەوامە و عێراق کێشەی نەختینەی نەبووە، بەڵکو کێشەی دزینی پارەی هەبووە.
گوتیشی: "کۆمەڵێک گەندەڵکار یەکیانگرتووە و هەموویان لەگەڵ یەک هاوڕا بوون. ئەو کەسانەی گیراون تەنیا لە حکومەتی سوودانی نەبوون، بەڵکو هەندێکیان لە حکومەتی چەندین ساڵ پێش ئێستا بوون. تاوەکو ئێستا لە 8 پارێزگا خەڵک دەستگیرکراون و پێشبینی دەکەم لێکۆڵینەوەکان چەندین ساڵ بەردەوام بن و خەڵکی دیکەش ئاشکرا ببن."
لە هەڵمەتێکدا، 47 بەرپرس و کەسایەتی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق دەستگیرکراون کە بریکاری وەزارەتی نەوت و 12 پەرلەمانتاریان لەنێودایە. میدیای فەرمیی عێراق ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەدا دەستگیرکراون و 12 لەو کەسانە پەرلەمانتارن کە شیعە و سوننەیان تێدایە.
یەکێک لەوانە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکانە. هەروەها عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن دەستگیرکراوە کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرابوو. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28-6-2026 دەستیپێکردووە و زۆرینەی تۆمەتبارەکان بەهۆی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتەوە دەستگیرکراون.



