رووداو دیجیتاڵ
دەستگیرکردنی بریکارێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، تۆڕێکی گەندەڵی بە دوای خۆیدا ئاشکرا کرد کە زیاتر لە 128 ناو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە، دۆسیەکە پەیوەندیدارە بە ژمارەیەک گرێبەستی تایبەت بە پاڵاوتن و بەرهەمە نەوتییەکان کە تاوەکو ئێستا قەبارەی ئەو پارەیەی بەهۆی ئەو دۆسیەوە بەهەدەر دراون و گەڕێنراونەتەوە نزیکەی 115 ملیار دینارە.
هەڵمەتەکەی بەرەبەیانی 28ی حوزەیرانی 2026ی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە، جارێکی دیکە ناوی دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتنی گەرم کردەوە.
بریکارێکی دیکەی وەزارەتی نەوت و 12 پەرلەمانتار لە نێو ئەو 47 کەسەدا بوون کە لە ماوەی 12 کاژێردا دەستگیرکران.
دۆسیەکە لە 30ی ئایارەوە ئاشکرا بوو کاتێک عەدنان جومەیلی دەستگیرکرا، کە سێ ساڵ بوو ئەو پۆستەی لە وەزارەتی نەوتدا بەدەستەوە بوو.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو دۆسیەی گەندەڵییەی کە عەدنان جومەیلیی لەسەر دەستگیرکراوە، پەیوەندیدارە بە چەند گرێبەستێک لە بواری پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان کە لە سەردەمی دەسەڵاتیدا واژۆ کراون."
بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، تاوەکو 23ی حوزەیران، 98 ملیار دینار و 11 ملیۆن دۆلار و 70 موڵک، 21 ئۆتۆمبێل و سێ کیلۆ زێڕی جومەیلی دەستیان بەسەردا گیراوە کە بەگوێرەی ئەو ئەنجوومەنە بەهۆی گەندەڵییەوە دەستی کەوتووە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا بە رووداوی گوت: "جومەیلی ناوی 128 کەسی دیکەی داوە کە لەو گەندەڵییەوە گلاون و ئەوەش ئەگەر هەیە بڕی ئەو پارەیە زیاتر بکات کە بەهۆی ئەو گەندەڵییەوە براون."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی بەغداوە دەستی کەوتووە، ئەو گرێبەستانەی بەرپرسەکەی پێشووی وەزارەتی نەوت کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە و گەندەڵییان تێدابووە، پەیوەندیدار بوون بە گرێبەستکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت بە مەبەستی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، بەرهەمهێنانی بەنزین لە هەندێک لە پاڵاوگە ئەهلییەکان، فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی رەشی پاشماوەی پاڵاوگە حکومییەکان.
لادانی پەردە لەسەر ئەو دۆسیەی گەندەڵییە لە پێشینەی کارەکانی عەلی فالح زەیدری، سەرۆکی وەزیرانی عێراق بوو لە دوای ئەوەی لە 14ی ئایارەوە پۆستەکەی گرتە دەست.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەلی زەیدی گوتوویەتی، گەندەڵی لە گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتدا هەیە، گرێبەست هەیە بەهاکەی 30 ملیار دینارە و بە 150 ملیار دینار کراوە."




.jpg&w=3840&q=75)