رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، پشتیوانیی ئەو رێکارانەی کرد کە حکومەت و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەرامبەر ئەو کەسانە گرتوویانەتەبەر کە فەرمانی دەستگیرکردنی فەرمییان هەیە، بەڵام هۆشداری دەدات لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لەلایەن گەندەڵکارانەوە بۆ تێکەڵکردنی پرسەکان بۆ ئامانجی سیاسی.
یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنە بڵاوکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بە دۆسیەی گەندەڵی ئەنجامیاندا.
هاوپەیمانییەکە پشتیوانی لەوە کردووە کە دۆسیەکانی تایبەت بە گەندەڵی ببرێنە دادگە و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا یەکلا بکرێنەوە، بۆ هێنانەکایەی پرەنسیپی دادوەری و لێپرسینەوە بەبێ هیچ رەچاوکردنێکی سیاسی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە لانیکەم 47 تۆمەتباریان بە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کرد کە 12یان پەرلەمانتار بوون.
هاوپەیمانییەکەی سوودانی هۆشداری دا لە هەڵمەتی شێواندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست لەلایەن ئەو گەندەڵکارانەوە کە دەیانەوێت بۆ مەبەستی سیاسی پرسەکان تێکەڵ بکەن، داواشی کرد کە زانیاریی دروست لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگیرێت بۆ رێگری لە چەواشەکردنی رای گشتی.
لە نێو ئەو 12 پەرلەمانتارەی کە دەستگیرکراون، پێنجیان سەر بە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوون.
.jpg&w=3840&q=75)



