رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوە یاساییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی تۆمەتباران راگەیاند؛ هاوکات داوای کرد پڕۆسەی چاکسازیی کارگێڕی تەنیا لە بەغدا کورت نەبێتەوە و سەرجەم پارێزگاکانی دیکە بگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر ئەو هەڵمەتەی کە لە عێراق بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیپێکردووە.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، پشتیوانی و پێشوازیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە یاساییانە دەردەبڕن کە لەلایەن عەلی فالح زەیدییەوە بە هاوکاری و پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە حکومییەکان بە ئاراستەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی کەسانی تێوەگلاو نراون.
فراکسیۆنی پارتی هیوای خواست ئەم پڕۆسەیە تەنیا لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو سەرجەم پارێزگا و شارەکانی دیکەی عێراق بگرێتەوە؛ هەروەها بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە جەخت لە سەر گرنگیی هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری دەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییانەوە، ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دەدەن، چ لە سەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی و چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی پارێزگاکان، لە پێناو پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ دۆزینەوەی راستییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
فراکسیۆنی پارتی دووپاتی دەکاتەوە کە هاووڵاتییان شایستەی چاکساریی کارگێڕی و گێڕانەوەی مافە بەفێڕۆدراوەکانیانن، و لە سەر ئەم بنەمایەش جەخت لە سەر پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر گەندەڵکارێک بەبێ جیاوازی دەکەنەوە تاوەکو چیدیکە بوار بۆ دزینی سامانی گشتی نەمێنێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی پارتی لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە عێراق دەستیپێکردووە و 47 پەرلەمانتار و بەرپرسی پێشوو و فەرمانبەری حکومەتی عێراق دەستگیرکران.



