رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزێکی زۆر لە بەغدا جووڵەی پێکرا، تانک و زرێپۆش شەقامەکانی ناوچەی سەوزیان تەنیبوو، ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 کەس دەستگیرکراون. شۆک و ترس باڵی بەسەر پایتەختی عێراق داکێشا، بەڵام کاتێک ئاشکرا کرا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی، شەقام و شار ئارام بوونەوە.
مەحموود شاکر، ئەندام پارلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بەدر، بە رووداوی گوت: "پێم وایە رۆژی 28.6.2026 رۆژی نیشتمانیی دژایەتیکردنی گەندەڵییە و هیوادارین حکومەت هەنگاوەکانی باشبن و لە پرسی نەهێشتنی گەندەڵیدا ئامادە بێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "پرسی گەندەڵی لە 2003ـەوە تاوەکو ئێستا ئەوەندە زۆرە کە ناژمێردرێت. بابەتەکە تەنیا کەسێک و دووان و سیان نییە و لە وەزارەتەکان، پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکانیشدا ژمارەیەکی دیاریکراو نییە."
ئۆپراسیۆنەکە بە سەرپەرەشتی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 سەرکردەی حیزب، بەرپرس و پەرلەمانتار لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە دەستگیر کراون.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەرێز عەلی زەیدی بەشێک بووە لە حکومەتی پێشوو، خۆیشی بازرگان بووە و ئاگاداری هەموو گەندەڵییەکانە و زانیاریی تەواوی لەسەر هەموو کەسایەتییەکان هەیە."
گوتیشی، "پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا دۆخی سیاسیی عێراق بەرگەی ئەم کێشەیە دەگرێت؟ یان خەڵکی زیاتر دەستگیربکرێن و ئۆپەراسیۆنەکە فراوانتر بکرێت؟ چونکە زۆرینەیان دیارن، هەندێک کەس هەن بەڕێوەبەری گشتی بوون و بوونەتە ترلیۆنێر، هەشن پارێزگار بوون و بوونەتە ملیاردێر."
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان و ناوی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرنەکراون، دراوەتە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی رێگەیان لێبگیرێت هەڵبێن.
زۆرینەی ئەو بەرپرس و لایەنە حیزبییانەی کە ئەندامەکانیان دەستگیرکراون، ئامادە نەبوون لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە قسە بکەن و بەشێکیشیان ئۆفیسەکانی خۆیان لە بەغدا داخستووە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)