رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی پشتگیریی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی حکومەتی عێراق دژی گەندەڵکاران دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، ئەو رێکارانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ پاراستنی ماڵی گشتی، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت. رۆژی دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە پەیامێک دا سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران رایگەیاند: "پێشوازی لەو رێکارانە دەکەم کە هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن لە چوارچێوەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دا گرتوویانەتە بەر." عەممار حەکیم لە پەیامەکەی دا جەخت لە گرنگیی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، پاراستنی ماڵی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت." ئەو پەیامەی عەمار حەکیم لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەک دەست پێ کردووە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون، کە لە دیارترینیان موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بوون.