رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەتی دارایی کرد هەژمارێکی تایبەت بۆ ئەو پارانە بکاتەوە کە لە گەندەڵکاران وەردەگیرێنەوە. گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (هەڵمەتی بەرەبەیان) تاوەکو ئێستا 21 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراقی راسپاردووە بۆ دروستکردنی هەژماری بانکیی تایبەت بەو پارانەی لەو کەسانە وەردەگیرێنەوە، کە بە رێگەی نایاسایی و گەندەڵی دەوڵەمەند بوون.
حەیدەر عەبوودی گوتی، حکومەت خاوەنی دیدگایەکی گشتگیرە بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، پاراستنی سامانی گشتیش بە ئەرکێکی دەستووری دەزانێت.
سەبارەت بە هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان"دا 21 تۆمەتبار دەستگیرکراون و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق رەتیکردەوە هەڵمەتەکە پەیوەندیی بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانەوە هەبێت بۆ واشنتن لە مانگی داهاتوودا و گوتی، "دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان بووەتە هۆی ئاشکرابوونی چەندین تۆڕ و ناوی دیکە و دەستنیشانکردنی شوێنی پارە دزراوەکان."
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، شێوازی ئەمجارەی شەڕی گەندەڵی جیاوازە لەوانەی پێشوو و هیچ کەس و بارودۆخێک ناتوانێت رێگری لێبکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبوودی باسی لە پرسی چەک کرد و رایگەیاند، رۆژی 21ی ئەیلوولی داهاتوو دوا وادە دەبێت بۆ رادەستکردنی چەک، کە هاوکاتە لەگەڵ کاتی چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دڵنیایی دایە فەرمانبەران و رایگەیاند، "رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی تەواو لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە و حکومەتی فیدراڵی پابەندیی جێگیر و نەگۆڕی هەیە بۆ دابینکردنی مووچەکانیان."


