رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق پرسێکی نێوخۆیی ئەو وڵاتەیە. دەشڵێت، داوایان لە کۆمپانیا چینییەکان کردووە رێز لە یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتانە بگرن، کە کاری تێدا دەکەن.
رۆژی دووشەممە 29-06-2026 وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە چین، لەبارەی هەڵمەتی "بەرەبەیان"ی حکومەت بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی، رایگەیاند، "ئەمە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە. وەک پرەنسیپ، حکومەتی چین بەردەوام داوای لە کۆمپانیاکانی کردووە کە لە هاوکارییە دەرەکییەکانیاندا بەگوێرەی یاسا و رێساکان کار بکەن."
دوێنێ حکومەتی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گومانلێکراوی گەندەڵی دەستپێکرد. تاوەکو ئێستا 47 پەرلەمانتار و بەرپرسی ئێستا و پێشوو لەو چوارچێوەیەدا دەستگیرکراون.
وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بە مێژووی کارکردنی کۆمپانیاکانیان لە عێراق کرد و رایگەیاند، "بۆ چەندین ساڵە، کۆمپانیا چینییەکان بە چالاکانە بەشدارییان لە ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی عێراقدا کردووە، تەنانەت لەو سەردەمەشدا کە چالاکییە تووندڕەوییەکان بەربڵاو بوون، ئەوان بە خۆڕاگری ماونەتەوە."
بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی چین، کۆمپانیاکانیان بەشدارییەکی ئەرێنییان لە گەشەپێدانی نیشتمانیی عێراق و باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵکدا کردووە و "لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە رەزامەندیی زۆریان بەدەستهێناوە."
وەزارەتی دەرەوەی چین خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان نیشاندا و گوتی، "چین ئامادەیە زیاتر هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات، هاوکارییە سوودبەخشە هاوبەشەکان قووڵتر بکاتەوە و باشتر سوود بە گەلی هەردوو وڵات بگەیەنێت."
ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا چینییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کە دیارترینیان 20 کۆمپانیای گەورەن و بەشێوەیەکی سەرەکی لە کێڵگە نەوتی و گازییەکاندا وەبەرهێنان دەکەن.



.jpg&w=3840&q=75)