رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند، لە یەکەم گفتوگۆیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی بەغدا لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکان دەربڕیوە.
رۆژی دووشەممە 29-06-2026 رۆب یاتین، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ناوەڕۆکی یەکەم گفتوگۆی خۆی لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە.
یاتین ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە پابەندیی حکومەتی نوێ کردووە بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک و گوتی، "ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایشێکی گەورەتر."
سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا جەختی لەوەش کردەوە، عێراق دەیەوێت ئەم پێشهاتە ئەرێنییانە بۆ باشترکردنی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بەکاربهێنێت. هەروەها گوتی، "عێراق هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ هۆڵەندا لە پرسەکانی هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا."
بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوچەکە. رۆب یاتین لەو بارەیەوە نووسیویەتی، "بێگومان باسمان لە بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەش کرد، بەتایبەتی لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و سووریا."
حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی دەستپێکردووە. رۆژی یەکشەممەە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران 47 پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشوو بە تۆمەتی دەستگیرکران و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.




.jpg&w=3840&q=75)