رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق لە پاڵاوگەی بێجییەوە رایدەگەیێنێت، وەزارەتەکەی بێدەنگ نابێت لە ئاست بەفیڕۆدانی سامانی گشتی. دەشڵێت، هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران "تروسکەی هیوایە" بۆ هەموو عێراقییەکان.
رۆژی دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026 باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکووری لە بێجی کرد و رایگەیاند، ستایشی رێکارە یاساییەکانی ئەم دواییەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گوتی، "ئەم هەنگاوانە تروسکەی هیوایە بۆ هەموو عێراقییەکان."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد پاراستنی سامانی گشتی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و هۆشداری دا، "وەزارەتی نەوت لە ئاست هیچ جۆرە بەفیڕۆدانێکی سامانی گشتی یان زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بێدەنگ نابێت. هەر کەسێک کەمتەرخەمییەکەی لەسەر بسەلمێنرێت، بەپێی یاسا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
"کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو"
وەزیری نەوت باسی لەوە کرد، وەزارەتەکەی ستراتیژییەکی نوێی بۆ بەڕێوەبردن گرتووەتەبەر کە بنەماکەی "کەسی شیاو لە شوێنی شیاو"ـە. داواشی لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کرد کە "دەرگایان هەمیشە بەڕووی فەرمانبەراندا کراوە بێت "بۆ بیستنی داواکاری و کێشەکانیان و کارکردن بە "گیانی یەک تیمی."
وەزیری نەوتی عێراق باسی لە پلانی داهاتووی وەزارەتەکەی کرد و رایگەیاند، "قۆناخی داهاتوو قۆناخی چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەبێت بۆ زیادکردنی توانای پاڵاوتن." گوتیشی، "ئامانجمان دابینکردنی پێویستییە نێوخۆییەکانی سووتەمەنییە بە باشترین کوالێتی، تاوەکو چیتر وڵات پشت بە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان نەبەستێت."
لە 28ی حوزەیرانەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەڵمەتێکیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەست پێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و تاوەکو ئێستا 21 پەرلەمانتار و بەرپرس دەستگیرکراون، کە یەکێک لەوانە عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ کاروباری دابەشکردن.




