رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پێشووی لێژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیێنێت کە ئەوانەی ئێستا دەستگیر کراون، گەندەڵکارانی پلە دوون و هێشتا کەسانی پلە یەک دەستگیر نەکراون.
هەندرێن لەزگین، ئەندامی پێشووی لێژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر رەهەندە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی هەڵمەتی ناسراو بە (بەرەبەیان) و گوتی: ئەم پلانە لە دەرەوەی عێراق دانراوە، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی عێراق دەزانن.
زەیدی؛ کاندیدی ئەمریکایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
بە بڕوای ئەو، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پاڵپشتییەکی تەواوی لایەنی ئەمریکایی لە هەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە خێرایی جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە یەکەم رۆژی سوێندخواردنی زەیدیـیەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە پلانەکە پێشوەختە ئامادەکراو بووە و تەنیا جێبەجێکارێکی بەهێزی دەویست.
لیستەکە درێژە و گەورەکان هێشتا نەگیراون
هەندرێن لەزگین ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوانەی تاوەکو ئێستا دەستگیر کراون، گەندەڵکارانی پلە دوون و هێشتا "سەرە گەورەکان" نەگیراون. ئەو گوتی: لە دەستەی دەستپاکیدا دۆسیەی زۆر گەورە هەبوون کە ناوی سەرۆک حیزب و سەرۆک کوتلە گەورەکانی تێدابوو، بەڵام پێشتر کەس نەیدەوێرا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات.
وەک نموونەیەک، هەندرێن لەزگین باسی دۆسیەی (موسەننا سامەڕایی)، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم دەکات و دەڵێت: (موسەننا سامەڕایی) بۆ ماوەی 15 ساڵ پڕۆسەی چاپکردنی کتێبی وەزارەتی پەروەردەی قۆرخ کردبوو؛ ساڵانە حکومەت 130 ملیار دیناری پێ دەدا بۆ کڕینی چاپخانە و دابینکردنی کتێب، کەچی کەس نەیدەوێرا لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات.
کارەبا؛ مەلەفە ملیار دۆلارییەکە
یەکێکی دیکە لەو دۆسیە گەورانەی هەندرێن لەزگین باسی دەکات، کەرتی کارەبایە. ئەو ئاشکرای کرد کە لە گرێبەستێکی کۆمپانیای (سیمێنس)دا بۆ دروستکردنی دوو وێستگە لە باشووری عێراق، بڕیار بووە بە 300 ملیۆن دۆلار جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی وەزارەت داوایان لێ کردوون نرخەکە بکەنە 500 ملیۆن دۆلار و ئەو 200 ملیۆنە بۆ بەرپرسان بگێڕنەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایە رەتیکردووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی نەزاهە گوتی: تەنیا لە یەک مەلەفدا 1.5 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبا بەهەدەر دراوە؛ پارە بۆ پڕۆژەکان وەرگیراوە بەڵام هیچ شتێک جێبەجێ نەکراوە و چیدیکە بوار بۆ ئەم جۆرە گەندەڵییانە نەماوە.
کۆتایی هەڵمەتەکە
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، هەندرێن لەزگین جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم هەڵمەتە و گەیشتن بە "سەرە گەورەکان" تەنیا یەک مەرجی هەیە، ئەویش بەردەوامیی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتییەکانی ئەمریکایە بۆ عەلی زەیدی. بە گوتەی ئەو، ئەگەر ئەم پاڵپشتییانە بەردەوام بن، عەلی زەیدی دەتوانێت پڕۆسەکە بگەێنێتە لووتکەی سەرکەوتن.


