رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیرکردنی یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەری لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند، کە بڕی 32 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆنی پێبوو و هەوڵی دەدا بیباتە دەرەوە.
عەقید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەر و کاریگەرییە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە پرۆسەیەکی ئەمنیی ورددا کە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بوو، یەکێک لە گەورە قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد."
بە گوتەی عەقید عەباس بەهادلی، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دوای چاودێرییەکی وردی جووڵەکانی هاتووە کە لە نزیک دەروازەی سنووریی عەرعەر لە پارێزگای ئەنبار لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا گیراوە.
عەباس بەهادلی دەڵێ، کاتێک تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە، بڕی 32 کیلۆگرام لە مادەی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە، کە ویستوویەتی بیباتە نێو یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.
23ی حوزەیرانی 2026ش هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەری پارێزگای میسان تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ئەبو شەیخە) دەستگیرکرد، کە بە گوتەی عەقید عەباس بەهادلی، داڕێژەری سەرەکیی پلانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لەنێوان چەندین پارێزگای عێراق بوو.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تاوەکو سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵ 37 کەسی پێوەست بە دۆسیەکانی مادەی هۆشبەر لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 173 کەسیش بە تاهەتایی سزادراون؛ هەروەها دوو هەزار و 288 کەسی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.



