رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا کۆتایی بەو قەدەخەیە بهێنێت کە 25 ساڵە رێگری لە هەزاران خێزان دەکات لەسەر زەوییەکانی خۆیان لە دەوروبەری موسڵ خانوو دروست بکەن. ئەنجوومەنەکە هۆشداری دەداتە هەر لایەنێکی ئەمنی کە رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکات.
دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و تێیدا زنجیرەیەک بڕیاری بۆ پابەندکردنی فەرمانگەکانی شارەوانی دەرکرد، تاوەکو دەستبەجێ مۆڵەتی بیناسازی بەو هاووڵاتییانە بدەن کە خاوەنی تاپۆی فەرمیی زەوین لە دەوروبەری موسڵ.
رۆژی چوارشەممە، 1ی تەممووزی 2026، محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەن بە زۆرینەی دەنگ، شارەوانیی موسڵ و سەرجەم شارەوانییەکانی پابەند کردووە کە بێ دواکەوتن مۆڵەتی بیناسازی بدەنە ئەو هاونیشتمانییانەی زەوییەکانیان تاپۆی هەیە. هەر فەرمانبەر یان بەرپرسێکیش رێگری بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە."
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنەکە گوتی، "زەوییەکان کە ژمارەیان 30 هەزار پارچە زەوییە، زۆرێکیان لە ناوچەکانی جلێوخان و قەزەفەخرەن لە دەوروبەری موسڵ، لە ساڵانی 1998 تاوەکو 2001 بەسەر فەرمانبەری خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان دا دابەش کراون."
محەممەد کاکەیی دەشڵێت: "زۆرێک لە خاوەنی ئەو زەوییانە شەبەکن، پێشتر بەهۆی دۆخی ئەمنی و لە ساڵانی رابردوویشدا حەشدی شەعبی بە بیانووی گۆڕینی دیموگرافی رێگری لە دروستکردنی خانووی دەکرد لەسەر ئەو زەوییانە."
بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە، دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی دەستبەجێ دەستبکەن بە رێکخستنەوەی زەوییەکان و لە 30 رۆژدا خشتەیەکی کاتی بۆ کارەکانیان پێشکێش بکەن. هەروەها شارەوانیی موسڵ راسپێردراوە کە لەو ماوەیەدا ئەو بەربەستە ئەمنییانەی لە سەردەمی شەڕی داعشدا دروستکرابوون، لاببات.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە رێگریکردن لە هاووڵاتییان بە پاساوی "گۆڕینی دیمۆگرافی" یان هەر بیانوویەکی دیکە "کارێکی نادەستووری و پێشێلکردنی یاسایە." بۆ ئەو مەبەستەش، داوا لە بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا کراوە لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ شارەوانییەکان پێکبهێنێت بۆ وەرگرتنی سکاڵای هاونیشتمانییان و رێگریکردن لە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان.
ئەنجومەنی پارێزگا هۆشداری دەدات و دەڵێت، "هەر هێزێکی ئەمنی کە بە بەڵگەوە بسەلمێندرێ دەستوەردان دەکات و کاریگەریی خراپی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە، دەبێت لە ناوچەکە دەربچێت و هیچ لایەنێک مافی نییە دەست بەسەر موڵکی هاووڵاتییان دا بگرێ، ئەگەر بە فەرمانی دادوەر نەبێت."
ئەم بڕیارە کۆتایی بە داواکاریی 25 ساڵەی نزیکەی 30 هەزار خێزانی نەینەوا دەهێنێت. لە ماوەکانی رابردوودا، چەندین جار دانیشتووانی ئەو ناوچانە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایان لە حکومەتی خۆجێیی دەکرد کە دەستوەردان بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگرییەی لێیان دەکرێت.



