رووداو دیجیتاڵ مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی، رایدەگەیێنێت، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە عێراق بەردەوامن و ژمارەی دەستگیرکراوان لە زیادبوون دایە و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 100 کەس دەستگیر کراون. دەشڵێت، لێکۆڵینەوەکان سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی لە ساڵی 2003ـەوە دەگرنەوە و "هەر کەسێک دینارێکی دزیبێت، رادەستی دادگە دەکرێت." مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، وردەکارییەکانی شەڕی دژی گەندەڵی لە عێراق خستە روو و رایگەیاند: "ئەو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوانەی ئێستا دەکرێن، هەموو ئەو ساڵانەی دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن دەگرێتەوە." گوتیشی: "لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستا، هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی هەبێت، دەبرێتە دادگە." 100 کەس دەستگیر کراون و هەندێکیان هەڵاتوون حەداد ئاشکراشی کرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو، ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتووەتە نزیکەی 100 کەس، لە کاتێک دا ژمارەیەک تۆمەتباریش هەڵاتوون. گوتیشی: "زانیاری هەیە کە بەشێکیان هەڵاتوون بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام رادەست کراونەتەوە کە پەرلەمانتاری ئێستا و پێشوو و وەزیری پێشوو و بریکاری وەزیریان تێدایە." گرنگترین دۆسیەکانی گەندەڵی راوێژکارە یاساییەکە ئاماژەی بە چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە وەزارەتە جیاوازەکان دا کرد و گوتی: "گرنگترین دۆسیەش کە لەم بابەتە دا هەیە، دۆسیەی وەزارەتی نەوتە، هەڵبەتە کارەباش، هەروەها دۆسیەی وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە لە بابەتی پردەکان دا، ئەمە بابەتێکی گرنگە و گەندەڵییەکی گەورەی تێدایە." هەروەها باسی لە دۆسیەکانی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دارایی کرد. لەبارەی دۆسیەیەکی وەزارەتی بەرگرییەوە گوتی: "ئۆتۆمبێل لە وەزارەتی بەرگری بە چەند هێندەی نرخەکەی کڕدراوە، گرێبەستێکی زۆر گەورە و زۆر خراپە." مونیر حەداد جەختی لەوە کردەوە کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە شەڕی دژی گەندەڵی دا جددییە. "لای سەرۆکوەزیران گەندەڵی هێڵی سوورە و لە شەڕی دژی گەندەڵی و گەندەڵکاران ناوەستێت، بۆ یەکەمین جار پیاوێکە کە جددییە لە شەڕی دژی گەندەڵی." بە گوتەی حەداد، سەرۆکوەزیران سوورە لەسەر نهێنی هێشتنەوەی ناوی تۆمەتباران تاوەکو کاتی دەستگیرکردنیان، بۆ ئەوەی هەڵمەتەکان سەرکەوتوو بن. عێراق بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارە هەڵاتووەکان و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، داوای هاوکاریی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە. حەداد گوتی: "ئەو تۆمەتبارانە موڵک و وەبەرهێنانیان لە ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاست و ئەورووپا و دوورگەکانی یۆنان هەیە. بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەموو وڵاتانی جیهان دا هەیە." روونیشی کردەوە کە ئەمریکا و ئینتەرپول لەم دۆسیەیە دا یارمەتیی عێراق دەدەن، بەتایبەتی لە کەیسەکانی گەندەڵیی دارایی، سپیکردنەوەی پارە و دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی. حەداد پێی وایە ئەم هەڵمەتە "دادگاییکردنێکی مێژوویی دەبێت" و هیچ کەسێک لە یاسا بەدەر نابێت. ئەو گوتی: "هەر بریکارێکی پێشوو، هەر کەسێک لە کابینەکانی پێشووی حکومەت دا، هەر پەرلەمانتارێکی پێشوو، هەر بازرگانێک، هەر کەسایەتییەک کە پەیوەندیی بە دزی و سپیکردنەوەی پارە و هەڵاوسانی داراییەوە هەبێت" رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە. سەبارەت بە ئەگەری لێخۆشبوون، حەداد روونی کردەوە، لە سیستمی دادوەریی عێراق دا، گەڕاندنەوەی پارەی دزراو لەوانەیە ببێتە هۆکارێک بۆ سووککردنی سزا، بەڵام سزاکە هەڵناوەشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لای دادگەیە.
عێراق01-07-2026بەرپرسێکی پێشووی کارەبای عێراق: 80 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبا دا خەرج کراوە و نیوەی بۆ مووچە بووە