رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندیی عێراق و سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە کۆبوونەوەیەک دا لە بەغدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتیی پارە داڕشت و دووپاتیان لە بەکارهێنانی "لێکۆڵینەوەی دارایی تەریب" کردەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەشی هەردوو دامەزراوەکە، رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و دادوەر محەممەد غازی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کۆبوونەوە و هەردوولا باسیان لە "تەواوکاریی دامەزراوەیی" بۆ پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی شەفافیەت کرد.
دادوەر محەممەد غازی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ئامرازێکی نوێی بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران خستەڕوو و رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە داراییە تەریبەکان، ئامرازێکی کاریگەرن بۆ شوێنکەوتنی ئەو سامان و پارانەی لە تاوانەکانی گەندەڵییەوە بەدەست هاتوون."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دووپاتی لەوەش کردەوە کە پێویستە چاودێرییەکان توندتر بکرێن بۆ ئەوەی هیچ کەلێنێک بۆ گەندەڵکاران نەمێنێتەوە و گوتی: "پێویستە رێگەکانی قاچاخچێتیی پارە وشک بکرێن؛ ئەمەش تەنیا لە رێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی هەموو ئەو دامەزراوە پەیوەندیدارانەوە دەبێت کە بەرپرسن لە پاراستنی سامانی گشتی."
لای خۆیەوە، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ئامادەیی بانکەکەی بۆ هاوئاهەنگیی بێسنوور نیشاندا و رای گەیاند، "هاوکاری لەگەڵ دەزگا چاودێرییەکان پارێزگاری لە ماڵی گشتی دەکات، رێگری لە پێشێلکارییە داراییەکان دەگرێت و متمانە بۆ سیستمی دارایی وڵات دەگەڕێنێتەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆتایی دیدارەکە دا هەردوو دامەزراوەکە لەسەر پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەش بۆ داخستنی ئەو کەلێنە یاسایی و کارگێڕییانەی کە لەوانەیە لە پڕۆسە داراییەکان دا بقۆزرێنەوە رێککەوتن، لەگەڵ گۆڕینەوەی دەستبەجێی زانیارییەکان بۆ راوەدوونانی تاوانەکانی گەندەڵی.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێک دایە کە حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ چاکسازی لە سیستمی دارایی و گێڕانەوەی ئەو پارانەی بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی وڵات، چڕ کردووەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، هێزێکی هاوبەشی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" ئەنجام دا.
رۆژی دواتر حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێ کراون 21 کەسی گرتووەتەوە کە تێوە گلاون، هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا پسپۆڕەکان بەدوایان دا دەگەڕێن."
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند، "ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت."

