رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەڵێ، هێزەکانیان لە بەغدا بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە 14 هەزار حەبی هۆشبەری پێبووە.
عەقید حەیدەر محەممەدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 4ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆسەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و دوای چاودێرییەکی بەردەوام لەلایەن بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی پیادەی 6ـەوە بەڕێوەچووە و "لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە نێوەڕاستی شاری بەغدا، ئەو بازرگانە 14 هەزار حەبی جۆری کەپتاگۆنی پێبووە و دەستی بەسەردا گیراوە."
عەقید حەیدەر محەممەدی باسی لەوەش کرد، تۆمەتبارەکە بەگوێرەی مادەی 28ی یاسای مادە هۆشبەرەکان لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراو بوو. ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ مادە دەستبەسەرگیراوەکەدا رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.
عەقید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددەی هۆشبەر و کاریگەرە عەقلییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی 3ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان لە مەیسان "یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانە بیانییەکانی مادەی هۆشبەری بە یەک کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستگیر کرد."
هەر 3ی تەممووزی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان لە دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی لە بەغدا و بەسرە 9 تۆمەتبار دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر یەک کیلۆ مادەی هۆشبەر و نزیکەی 1000 حەبی هۆشبەردا گرت.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تاوەکو سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵ 37 کەسی پەیوەست بە دۆسیەکانی مادەی هۆشبەر لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 173 کەسیش بە تاهەتایی سزادراون؛ هەروەها دوو هەزار و 288 کەسی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.
.jpg&w=3840&q=75)


