رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات زانیاریی لەبارەی ئەو موڵک و سامانە گشتییانەوە ئاشکرا بکەن، کە لە رێگەی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ دەوڵەت، لە بەرامبەردا پاداشتی دارایییان پێدەدرێت. لە داهاتووشدا لینکێکی تایبەت بۆ پەیوەندیکردن و گەیاندنی زانیارییەکان بڵاودەکرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە درەنگی شەوی رابردوو بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات زانیاری لەسەر ئەو موڵک و سامانە گشتییانە بدەن کە بەهۆی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، ئەمەش بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاشکراکردن و گەڕاندنەوەیان بۆ دەوڵەت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو هەنگاوەی سەرۆکوەزیران "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی شەرعی، ئەخلاقی و نیشتمانی، هەروەها لەپێناو پاراستنی سامانی گشتی و پابەندبوون بە بەرنامەی کاری حکومەتەوە" بووە.
لەبارەی شێوازی پاداشتکردنی ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیران رێنمایی داوە بە تەرخانکردنی رێژەیەکی دارایی گونجاو وەک پاداشت بۆ ئەو کەسانەی زانیاری دەدەن، ئەوەش "وەک نرخاندنێک بۆ رۆڵی نیشتمانیان و پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لینکێکی تایبەت بۆ پەیوەندیکردن و گەیاندنی زانیارییەکان بڵاودەکرێتەوە.
پێشتریش دەستی دەستاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، هەر کەسێک زانیاریان لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی پێ بدات، بە بڕێک پارە پاداشت دەکرێت.
بەرەبەیانی رۆژی 28-6-2026، هێزێکی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان کرد. رۆژی دواتر حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێکراون 21 کەسی گرتووەتەوە؛ هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا تایبەتەکان بەدوایان دا دەگەڕێن."



