رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لیستی ناوی 262 تۆمەتباری دۆسیەکانی گەندەڵی ئامادە کردووە کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و دەیەوێت لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵات و دادگایییان بکات.
بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی عێراق، ئەو تۆمەتبارانە پلەی جیاجیایان هەبووە، لەوانە پەرلەمانتار، وەزیر، بەرپرسی باڵا و بازرگان، کە تێوەگڵاون لە بردنی سامانی گشتی و بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت لە ساڵانی رابردوودا.
دادوەر مونیر حەداد، راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: "گرتنی ئەم گەندەڵکارانە رێکاری تایبەتی خۆی هەیە ئەویش ئینتەرپۆڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لەم بوارەدا یارمەتی عێراق دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تێوەگڵاون لە دزینی سامانی گشتی."
پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەم تۆمەتبارانە بەهۆی رێکارە یاساییەکانەوە بە "درێژخایەن" دادەنرێت، بەڵام بەرپرسانی عێراق گەشبینن بەوەی بتوانن لەم رێگەیەوە زیاتر لە تریلیۆنێک دیناری براوە بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە.
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، ئاماژە بە پشتگیریی لایەنەکان بۆ ئەم هەنگاوە دەکات و دەڵێت: "ئەمڕۆ رۆژی دادگە و یاسایە، حکومەتیش پاڵپشتە بە بڕیارەکانی دادگە و پاڵپشتییەکی گەورەی گەل و نیشتمانی لەپشتە. هەرچەندە بەربەست هەیە، بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە مەحاڵ نییە. ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە زۆرن و لێرە بە ملیار دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڵام کە دەچێتە دەرەوە چەند سفرێکی بۆ زیاد دەبێت و دەگاتە تریلیۆن."
زۆربەی ئەو تۆمەتبارانەی ناویان لە لیستەکەدایە، لە وڵاتانی تورکیا، ئوردن، چەند وڵاتێکی کەنداو و ئەوروپا نیشتەجێن و زۆربەشیان هەڵگری رەگەزنامەی دووەمن، ئەمەش وەکو یەکێک لە بەربەستە یاساییەکان لەبەردەم گەڕاندنەوەیان دەبینرێت.
بەپێی راپۆرتەکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانە دیاریکراوە، بە جۆرێک: 29 تۆمەتبار لە ئیماراتن، 18 تۆمەتبار لە ئوردن و 14 تۆمەتبار لە تورکیا و ئەوانی دیکەش لە بەریتانیا و وڵاتانی جیاوازی ئەورووپان.
ئەم هەنگاوەی بەغدا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو سەرمایانەی لە ساڵانی رابردوودا بە نایاسایی لە عێراق براونەتە دەرەوە.


