رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا، چەند پێشنیازێکی نوێی خستە ڕوو، لەوانەش گۆڕینی سیستەمی پارەدانی مۆلیدەکان بۆ پێوەری زیرەک و سزادانی ئەو خاوەن مۆلیدانەی پابەندی نرخ نابن.
رۆژی یەکشەممە، 5-7-2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راپۆرتێکدا کە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کردووە، داوای پێکهێنانی "شانەیەکی تایبەت" بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات، کە تێیدا وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا، ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لایەنە ئەمنییەکان بەشدار بن.
یەکێک لە پێشنیازەکانی دەستپاکی، دانانی پێوەری ئەلیکترۆنی و زیرەکە بۆ مۆلیدەکان، تاوەکو سیستەمی "ئەمپێری جێگیر" کۆتایی پێ بهێندرێت. بەپێی پێشنیازەکە، دەبێت هاووڵاتییان تەنیا پارەی ئەو بڕە کارەبایە بدەن، کە بەکاری دەهێنن، نەک بڕە پارەیەکی جێگیر بۆ هەر ئەمپێرێک.
دەستەی دەستپاکیی عێراق داوا دەکات رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو خاوەن مۆلیدانە بگیرێتەبەر، کە پابەندی نرخ و کاتژمێرەکانی کارکردن نابن. سزاکانیش بریتین لە: سەپاندنی غەرامەی دارایی، بڕینی بەشە سووتەمەنی (گاز) و لێسەندنەوەی مۆلیدەکە و گۆڕینی بە خاوەن مۆلیدەیەکی دیکە.
دەستەی دەستپاکی داوا دەکات نرخی ئەمپێر بەجۆرێک دیاری بکرێت کە لەگەڵ بژێوی و دۆخی دارایی هاووڵاتییاندا بگونجێت. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پێدانی پارەی مانگانە لە رێگەی "وەسڵی فەرمی"یەوە بێت، تاوەکو مافی هاووڵاتی و خاوەن مۆلیدەش پارێزراو بێت.
لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکانیدا دەستەی دەستپاکی دەڵێت، پێویستە سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو یان بەخۆڕایی بدرێتە مۆلیدەکان، بەو مەرجەی پابەندی کاتژمێرەکانی کارکردن بن. ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر مۆلیدەیەک لە کارکەوت، دەبێت هاوبەشانی کارەبا قەرەبوو بکرێنەوە و پارەی ئەو ماوەیەی کارەبایان نەبووە لێیان وەرنەگیرێت.
هەروەها دەستپاکی داوا دەکات، هیچ مۆڵەتێکی نوێ بۆ دانانی مۆلیدە نەدرێت، تاوەکو لیژنەی هونەری پشکنینی مەیدانی بۆ شوێنەکە نەکات و راپۆرتێکی ورد لەسەر توانای موەلیدەکە ئامادە نەکات.



