رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە کۆدەبێتەوە و لێپرسینەوە لە حەیدەر محەممەد مەکیە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەکات.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 9ی تەممووزی 2026، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. بەرنامەی کارەکە سێ بڕگەی لەخۆگرتووە؛ یەکەم: سوێندخواردنی دەستووریی ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێ. دووەم: لێپرسینەوە لە سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و سێیەم: تاوتوێکردنی بابەتی گشتی.
ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەکرێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە کە گومانی گەندەڵییان لێدەکرێت، لێپرسینەوە لەگەڵ حەیدەر محەممەد مەکیە دەکرێت.
رۆژی 15ی حوزەیرانی 2026، پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حەیدەر محەممەد مەکیە، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان کردووە سەبارەت بە لێپرسینەوە لەگەڵیدا.
حەیدەر محەممەد مەکیە لە سەردەمی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2023 وەک سەرۆکی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان دەستبەکاربوو.


