رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیوانیە و جێگرەکەی دەستگیرکران، بەتۆمەتی ئەوەی بەرتیلیان داوە بۆ ئەوەی پۆست لە یەکێک لە فەرمانگەکانى وەزارەتی کارەباى عێراق وەربگرن.
سێشەممە، 7ی تەمووزی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێنراوێکدا وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی دەستەکە، ئەو دوو بەرپرسەی دیوانیە بەرتیلیان داوە بۆ ئەوەی دوو پۆست لە یەکێک لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کارەباى عێراق وەربگرن.
ئەحمەد بدێری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو دوو بەرپرسە نزیکەی هەفتەیەکە دەستگیرکراون و خەڵکی پارێزگاکەن.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، کە فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو دوو بەرپرسەی دیوانیە بەگوێرەی ماددەی 307ی یاسای سزاکانی عێراق بووەو راپێچی بەردەم دادوەر کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان لەدژی بگیرێتەبەر.
ئەو ماددەیەی یاسای سزاکانی عێراق تایبەتە بە تاوانی وەرگرتنی پارە یان پاداشت بەرامبەر بە کارێک لەلایەن فەرمانبەری دەوڵەتەوە، سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لەو تاوانەدا داویەتی یان وەریگرتووە.
ئەحمەد بدێری رایگەیاند، کە دۆسیەی ئەو دوو بەرپرسەی کەرتی کارەبا لەبەردەم دادوەردایە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، دۆسیەکەشیان پەیوەندیدارە بە لادانی کارگێڕی.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
