رووداو - دیجیتاڵ
شارى نەجەف بە وێنەی عەلی خامنەیی و ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنراوە؛ ملیۆنان کەس لە نەتەوە جیاوازەکانەوە روویان لە شارەکە کردووە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە رابەری کۆچکردووی ئێران. ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەفیش پێشبینی دەکات ژمارەی بەشداربووان سێ ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.
ئەبو هودا شەترت، کە لە شاری بەسرەوە بۆ بەشداریکردن لەم رێوڕەسمە هاتووە، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک شوێنکەوتووانی ئەهلی بەیت، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لێرە ئامادە بین. خامنەیی مەرجەعێکی گەورە و شەهیدێکی مەزنە، ئامادەبوونمان لەم رێوڕەسمەدا بۆ ئێمە شەرەفێکی گەورەیە."
لە نەجەف تێکەڵەیەک لە نەتەوەکانی عێراقی، ئێرانی و پاکستانی دەبینرێن کە بە گرووپ و بە تاک هاتوون. محەممەد زاهر، یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووان کە لە ناسرییەوە بە کاروانێکی 200 ئۆتۆمبێلییەوە گەیشتووەتە نەجەف و دەڵێت: "هاتووین بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی بەخێرهێنانی تەرمی سەید خامنەیی و نیشاندانی وەفاداریی خۆمان."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووز، رێوڕەسمی سەرەکی بەڕێوەبچێت. تەرمی عەلی خامنەیی بە یاوەریی کچ، زاوا و نەوەکانی، لە رێپێوانێکی شەش کیلۆمەتریدا بەرەو مەزارگەی ئیمام عەلی بەڕێدەکرێت.
ئەو گەشتیار و سەردانیکەرانەی لە شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە هاتوون، وەک عەلی سەفەری لە مەشهەد و شاکر شەریفی لە ئەهوازەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئامادەبوونیان لە نەجەف و کەربەلا پەیامی وەفادارییە بۆ رابەرە کۆچکردووەکەیان. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر نەجەفن بۆ بەڕێوەچوونی یەکێک لە گەورەترین رێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردن لە مێژووی نوێی ناوچەکەدا.

