رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی 8ـی تەممووزی 2026، بە بەشداریی ملیۆنان کەس و کەسایەتیی سیاسیی عێراق، رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامەنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری نەجەف بەڕێوەچوو، کە تێیدا دروشمی سیاسی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگوترانەوە.
رێوڕەسمەکە کە شەش کاژێری خایاند، جگە لە رەهەندە ئایینییەکەی، وەک پەیامێکی سیاسیی بەهێز بۆ پشتگیریکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەیر دەکرا.
حاجی جەبار خەفاجی، تەمەن 75 ساڵ و دانیشتووی نەجەفە، یەکێک بوو لە بەشداربووان و بە رووداوی گوت: "داواکارم حکومەتی عێراق هەمیشە لەگەڵ ئێران بێت و پشتی لێنەکات، چونکە ئێمە وڵاتێکی ئیسلامین و یەک وڵاتین."
ئەحمەد شەهاب، دانیشتووی پارێزگای واست بوو و بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە هاتووەتە نەجەف و دەڵێت: "ئێمە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانین. ئەم رێوڕەسمە زیاتر بۆ بەرزکردنەوەی ناوی ئەو و دەربڕینی پاڵپشتییە، نەک تەنیا رێوڕەسمێکی ئایینی."
لە ئاستی باڵای سیاسییشدا، ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتیی باڵای شیعە بەشداربوون. شێخ یوسف تەمیمی، ئەندامی رەوتی حیکمە، بە رووداوی راگەیاند: "دروشمی ئێمە نەگۆڕە؛ نەخێر بۆ ئەمریکا و نەخێر بۆ ئیسرائیل. زۆربەی سەرکردەکانی پلەباڵای شیعە خۆیان کردە قوربانیی ئەم رێگەیە."
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کردووە.
دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمەکە لە نەجەف، تەرمی خامەنەیی بەرەو شاری کەربەلا بەڕێکرا و دواتر تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە ئێران.