رووداو دیجیتاڵ وەزیرانی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا رێککەوتن کە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەبارەی رێککەوتنی نەوت و زیادکردنی توانا و بڕی نەوتی هەناردەکراو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بەردەوام بن، لەگەڵ تاوتوێکردنی بەشداریی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ستراتیژییەکانی کەرتی نەوت. رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپارسڵان بایرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوت، شاندی هەردوولا باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردووە لە بواری پڕۆژە هاوبەشەکان لە هەردوو کەرتی نەوت و گاز، لەگەڵ پرسی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا لەبارەی بۆریی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە، هەردوولا رێککەوتوون کە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیان بەردەوام بێت کە تایبەتە بە رێککەوتنی گواستنەوەی نەوت و زیادکردنی توانا و بڕی نەوتی هەناردەکراو، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دیکە و چۆنیەتیی بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پڕۆژە وەبەرهێنان و ستراتیژییەکان لە کەرتی نەوتدا. لە 3ـی تەممووزی ئەمساڵ، عێراق و تورکیا لەسەر پرۆتۆکۆڵی جێبەجێکردنی کار بۆ ماوەی ساڵێک رێککەوتن لەبارەی هەناردەی نەوت تاوەکو دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی؛ ئەو رێککەوتنەی کە پێشتر کراوە، لە 27ـی تەممووز کۆتایی دێت.