رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوا لە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) کردووە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" دەستگیر بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن میدیای فەرمیی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی کردووە، تێیدا داوا کراوە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی (تۆمەتبار نوور زوهێر جاسم) بۆ عێراق، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو حوکمە نائامادەییەی (غیاب) کە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەوە بەسەریدا سەپێنراوە. یەکێکی دیکە لە بەڵگەنامەکان کە بڕیاری دادگەی تاوانەکانی کەرخی تێدایە و مێژووەکەی بۆ 25ـی تشرینی دووەمی 2024 دەگەڕێتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە دادگە بڕیاریداوە بە: سزادانی (نوور زوهێر جاسم) بە 10 ساڵ زیندانی بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی. دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی. پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی تۆمەتبارەکە. نوور زوهێر تۆمەتباری یەکەمی دۆسیەی (دزیی سەدە)یە، کە تێیدا بڕی 3.8 تریلیۆن دینار لە هەژماری دارایی بانکی رافیدەین لە رێگەی پێنج کۆمپانیاوە راکێشرابوو. بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بڕیاربوو نوور زوهێر 1.6 تریلیۆن دینار بگەڕێنێتەوە، بەڵام تەنیا 365 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە و دواتر چووەتە دەرەوەی عێراق. هەرچەندە پێشتر حکومەتی عێراق لەگەڵیدا رێککەوتبوو کە ئازاد بکرێت بە مەرجێک تەواوی پارەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەڵاتنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکەی پەکخستووە.
عێراق11-07-2026دەستەی دەستپاکیی عێراق: هێنانەناوەوەی 8.5 تۆن دەرمانی قاچاخمان لە نێوان کەرکووک و هەولێر پووچەڵکردەوە